خۆ هەڵوەشاندنەوەی (pkk)
5/14/2025 8:24:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
کاتێک بە ڕەهایی خۆت بە ڕاست دەزانیت و ئینکاری دەکەیت لەسەر بیر و بۆچوونەکانت و تەنها باوەڕی خۆت بە ڕەوا دەزانیت، دەگەیت بە توندڕەوی، توندڕەویش باجەکەی قورسە.
لە ڕابردوودا ئەو سیاسەتەی بەڕێز (عهبدوڵڵا ئۆجهلان) و (pkk) پەیڕەویان دەکرد بەشێوەیک بوو تەنها خۆیان بە پارێزەری گەلی کورد و داکۆکیکەری خاکی کوردستان دەزانی، نەک تەنها بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا کە وەک دوژمن تەماشا دەکرا بەڵکو بەرامبەر هێز و لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش تابلۆ سیاسییەکەیان وا وێنا کردبوو کە ڕاستییەکان تەنها لای ئەوان بێت، لە بۆچوونە سیاسییەکانیاندا ئەوەندە توند بوون تا ئەو ڕادەیەی تەنانەت مۆرکی خیانەتیشیان دەدایە پاڵ هەر کەس و لایەنێک بۆچوونی جیاوازیان هەبووایە یان باسیان لە چارەسەری ئاشتیانە بکردایە لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا ......
بەداخەوە ئەم سیاسەتە نا لۆژیکییە زیانی زۆری بە کورد و خودی (pkk) و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە باکوور گەیاند.
هیوادارین بەڕێز (عهبدوڵڵا ئۆجهلان) و سەرکردایەتی(pkk) لە دوای ئەو ماوە زۆرەی زیندان و بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوە لە کۆنگرەی دوانزەی(pkk) و ئەو هەموو قوربانییەی کە درا خوێندنەوەیەکی دروست و لۆژیکیانەیان بۆ دۆخی جیهان و گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە هەبێت، هەرچەندە خەمباری و نائومێدییەکی زۆر بە روخساری بەشداربوانی کۆنگرەی دوانزەی خۆ هەڵوەشاندنەوەی (pkk)ەوە بەدی دەکرا، ئاواتەخوازین هەڵوەشاندنەوەی (pkk) دەرئەنجامی لێکدانەوەی ورد و زامنکردنی ئەو دەستکەوتانە بێت کە لە پرۆسەی ئاشتی و ئەجندای دانوستانی نێوان کوردانی باکوور و دەوڵەتی تورکیا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت....
چەند خەباتی چەکداری بۆ بەدیهێانی مافی گەلی کورد زەحمەت بوو و قوربانی دەویست، ڕەنگە دانوستان و بەرقەرارکردنی ئاشتی قورستر و قوربانی زیاتری بوێت ...
هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی دەوێت بۆ پێگە و تواناکانی خۆیان و دەوڵەتی تورکیا، ئەم قۆناغە نوێیە پێویستی بە پشوو درێژی و نەرم و نیانی هەیە، پێویستی بە دیدگا و دنیابینین و سروشتی جیاواز لە ڕابردوو هەیە.
سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان. بە هیوای ئایندەیەکی گەش بۆ کوردانی باکوور.