7وتار

ئەوەی لە ئێستادا پێویستە کورد بیکات

1/20/2026 7:09:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس



ڕووداوەکان خێران و مەترسییەکانی سەر کورد زۆرن، بێ دەنگی و تێپەڕبوونی کات لە بەرژەوەندیمان نییە، پێویستمان بە هەڵوێستی یەکگرتووی کوردە، ئەوەی لە ئێستادا کاریگەری دەبێت بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکان بریتین له:

١- کورد پێویستی بە (مرجع)ە، هیچ گەلێک لە جیهاندا بێ گەورە نەبووە و نابێت، کۆبوونەوە هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان لە دەوری سەرۆک (بارزانی) پێویستە و ئاڕاستەکردنی پەیامێک بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بە تاوانی جینۆساید دژ بە گەلی کورد لە سوریا.

٢- بەڕێز(عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بڕیاری هەڵپەساردنی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ڕابگەیەنێت.

٣- پارتی کرێکارانی کوردستان(pkk) بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی و دەستبەرداربوونی خەباتی چەکداری هەڵپەسێرێت.

٤- سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی) پێگە و پەیوەندییە فراوانەکانی بەکار بهێنێت بۆ یەکخستنی نێو ماڵی کورد لە هەرێم و هەماهەنگی کردن بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکان لەسەر کوردانی ڕۆژ ئاوا.

٥- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز (مەسرور بارزانی) سود لە بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس وەرگرێت بۆ پشتیوانی دۆخی کورد لە ڕۆژ ئاوا.

٦- سەندیکا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان پەیامێکی هاوبەش بدەن  بە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی کردن لە مافی گەلی کورد لە سوریا و بەرپەرچدانەوەی هێرشی تیرۆریستانی (جۆلانی) کە بە ناوی دەوڵەتەوە پرۆسەیەکی ڕێکخراو ئەنجام دەدەن بۆ جینۆساید کردنی کورد لە سوریا.

٧- گردبوونەوەی جەماوەری لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ پشتیوانی کردنی ڕۆژ ئاوا.

٨- گردبوونەوەی ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا و ئەمریکا بۆ پشتیوانی لە خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژ ئاوا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن