1379وتار

مانگی هەنگوینی(احمد الشرع) و ئاڵەنگاریەکانی بەردەمی

12/23/2024 11:23:00 AM
بڵند دلێر شاوەیس

(احمد حسین الشرع) لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٢ سعودیە و کوڕی (حسین علي الشرع)ی قەومیەکی عەرەبی (ناصري) و نزیک لە حزبی بەعسی عێراق و شارەزای بواری ئابوری و نەوتە، خەڵکی گوندی (جبین) ی ناوچەی (جۆلان)ە لە سوریا، لەگەڕەکی (المزة) لە (دمشق) ژیاوە. پێشتر بە (ابو محمد الجولانی) دەناسرا.

لەساڵی ٢٠٠٣ هاتۆتە عێراق و لە ناو ڕیزەکانی (القاعدة) و لەژێر فەرمانی (ابو مصعب الزرقاوي) جەنگاوە، لەهەمان ساڵدا دەستگیر دەکرێت و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە عێراق زیندانی دەکرێت، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٨ ئازاد دەکرێت.

لەدوای ڕوداوەکانی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ دەگەڕێتەوە و چالاکیەکانی دەگوێزێتەوە بۆ ناو خاکی سوریا و ساڵی ٢٠١٢ ڕێکخراوی (جبهة النصرة)ی سەر بە (القاعدة) دادەمەزرێنێت و لەگەڵ (ابو بکر بغدادی) یەکدەگرێت لە ژێر ناوی (تنضيم الدولة).

لە نیسانی ساڵی ٢٠١٣ (ابو بکر بغدادی) هەڵدەستێت بە دامەزراندنی داعش (دولة الخلافة الاسلامية في العراق والشام) و هەڵوەشانەوەی (جبهة النصرة) ڕادەگەیەنێت، ئەم کارەش ناڕەزایەتی (ابو محمد الجولانی) لێدەکەوێتەە و داوا لە (ايمن الضواهري) دەکات بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات لە نێوانیاندا، ئەوەبوو (ايمن الضواهري) بڕیاریدا بە مانەوەی (جبهة النصرة) لە شام بەسەرکردایەتی (ابو محمد الجولانی) و داعش لە عێراق بەسەرکردایەتی (ابو بکر بغدادی)، ئەم بڕیارەش مایەی ڕەزامەندی(ابو محمد الجولانی) و پابەند نەبوونی(ابو بکر بغدادی) لێدەکەوێتەوە.

(ابو محمد الجولانی) لەساڵی ٢٠١٦ (جبهة فتح الشام) دادەمەزرێنێت وەک ڕێکخراوێکی ناوخۆیی سوری سەربەخۆ لە(القاعدة)، دواتر کۆمەڵێک ڕێکخراو (جبهة فتح الشام، جبهة أنصار الدين، جيش السنة، لواء الحق، حركة نور الدين الزنكي.... هتد) یەکدەگرن و ساڵی ٢٠١٧ (هيئة تحرير الشام) پێکدەهێنن.

لە ساڵی( ۲۰۱۷)ەوە هەوڵی دروستکردنی (حکومة الانقاذ)یدا لە (ادلب) و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان، بە بەشداری پێکردنی کەسانی مەدەنی بەدەر لە جیاوازی بیرو ڕا و شێوازێک لە بەڕێوەبردنی خۆجێیی بۆ ئەو ناوچانە دیاریکرا و (د.محمد الشیخ) بە سەرۆکی حکومەتەکە دیاریکرا، هەروەها پسپۆڕیەتییە جیاوازەکانی کارگێڕی و سەربازی و ئەمنی و پەروەرەیی و خزمەتگوزاریەکان جیاکرانەوە، لە ڕوی پەروەردەییەوە کۆلێژی (ادلب الحرة)یان دامەزراند و كۆڵێژی سەربازی دروستکرا بۆ ڕێکخستنی جەنگاوەرانی هەموو ڕەوت و لایەن و باڵە جیاوازەکانی شۆڕشی سوریا لە ژێر یەک سەرکردایەتی و یەک بیرو باوەڕی سەربازی، بە پێی زانیاریەکان (٤٠٠) ئەفسەری دەرچواندوە، لەگەڵ ئەوانەشدا هێزەکانی ڕێکخست و دابەشکرد لە چوارچێوەی یەک لەشکر و لە سەر بنەمای تایبەتمەندی و پسپۆڕیەتییە سەربازیە جیاوازەکان لە ژێر فەرمانی یەک سەرکردایەتیدا.

ئەو لایەنانەی ئامادەش نەبوون بۆ چونە ژێر ڕکێفی ئەو سەرکردایەتییە بە هێزی سەربازی ناچاری کردن، یان لەناوی بردن وەک هێزی (حراس الدين) لقي ڕێکخراوی قاعیدە لە سوریا، (جند الاقصی)،(احرار الشام)،(فیلق الشام)،(جیش الاحرار)..هتد.
بێگومان هەمو ئەم کارانەش جێ پەنجەی تورکیا و پاڵپشتی دەزگا هەواڵگریەکانی بە چاوپۆشی ئەمریکا پێوە دیارە.

جگە لە پلانی هاوبەشی ڕۆژئاوا و تورکیا بە چاوپۆشی ئسرائیل بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی(بشار الاسد)، لە ئەنجامی سەرقاڵی ڕوسیا بە جەنگی ئۆکراینا و لاوازی ئێران و چڕکردنەوەی تواناکانی بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکانی لەگەڵ ئسرائیل لە سەرجەم بەرەکانی غەزە و لوبنان و یەمەن و سەرپەرشتی میلیشیاکانی عێراق لە لایەک، لە ناوبردنی سەرکردایەتی (حزب اللە) و هەرەسهێنانی هێزە سەربازییەکەی لەلایەکی تر، هەموو ئەمانە وایانکرد (هيئة تحرير الشام) چانسی وەشاندنی گورزێکی بەهێزی لە ڕژێمی سوریا هەبێت.

هەربۆیە ژوری ئۆپڕاسیۆنەکان دروستکرا لە ژێر ناوی (غرفة عملیات الفتح المبین) و لە ساڵی ٢٠٢٣ وە چەندین هێرش و پەلاماردان ئەنجامدرا، بەمەبەستی فراوانکردنی ناوچە ئازادکراوەکان و فشار خستنە سەر ڕژێمی سوریا کە ئامادەیی دەرنەدەبڕی بۆ هیچ چارەسەرێکی سیاسی و دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوری.

لەڕۆژی١١/٢٧/ ٢٠٢٤ ئۆپراسیۆنی (رد العدوان)ی دەست پێکرد و شارەکانی (حەلەب) و (حەما)یان کۆنتڕۆڵکرد و لە ٣٠/ ١١/ ٢٠٢٤ ئۆپراسیۆنی (فجر الحرية)یان ئەنجامدا دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (ق.س.د)ە.

لە ڕۆژی ٢٠٢٤/١٢/٨ بێ بەرگری ڕژێمی سوریا هەرەسی هێنا و (دمشق) کۆنترۆڵ کرا و (بشار الاسد) وڵاتی جێهێشت. لە ڕۆژی ٢٠٢٤/١٢/٩ (محمد الجلالي) سەرۆک وەزیرانی ڕژێمەکەی (بشار الاسد) بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەسەڵاتی ڕادەستکرد و دای بە دەست (هيئة تحرير الشام).

لە ئێستادا دەبینین (احمد الشرع) لە هەوڵدایە بۆ ڕەواندنەوەی مەترسیەکانی ناوخۆی سوریا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش، بە شێوەێەکی جیاواز دەردەکەوێت و گۆڕانکاری تەنانەت لەناوی خۆشیدا کردووە (لە ابو محمد جولاني بۆ احمد الشرع)، هەنگاوەکانی هێواش و بە پلانە دەیەوێت وا وێنای دەسەڵاتەکەی بکات کە لەسەر ئاستی ناوخۆ مەترسی نییە بۆ سەر ئازادی تاک و مافی مرۆڤ و بەتایبەت ئافرەتان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیش مەترسی نابێت بۆ وڵاتانی دراوسێ و هەڕەشە نابێت بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕاشیگەیاند کە نایانەوێت سوریا کۆپیەک بێت لە ئەفغانستان، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت دەسەڵاتەکانی سوریا لەچوارچێوەی دەستورێکی نوێ ڕێکبخاتەوە و فۆڕمێکی هاوشێوەی (دەسەڵاتی ئیسلامی ئۆردوگان لە ژێر عەبای دەوڵەتی عەلمانی تورکی) لە سوریا دروست بکات.

ئەوەی گرنگە باسی لێوەبکرێت ئەوەیە ئەم مانگی هەنگوینیەی (احمد الشرع) تا کەی دەخایەنێت؟ بەتایبەت کە ڕوبەڕوی کۆمەڵێک ئاڵەنگاری گەورە دەبێتەوە گرنگترینیان:

 ۱- مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە تا ئێستا زۆربەی ڕەوت وڕێکخراو و گروپە چەکدارەکان لە لیستی تیرۆردان.
٢- مامەڵە کردن لەگەڵ دەوڵەتی ئسرائیل و هەڵوێستی لەسەر کێشەی جۆلان و پرسی فەلەستین.
۳- پرسی مافی مرۆڤ و ئازادیەکان و مافی کەمینەکانی دروز و کرستیان.
٤- هەڵوێستی سەبارەت بە پرسی کورد، مامەڵەکردنی لەگەڵ فشارەکانی تورکیا بۆ نەهێشتنی (دەسەڵاتی پەیەدە) و بەتایبەت  هێزەکانی (ق.س.د)ە.
٥- ڕێکەوتن و هەماهەنگی لەگەڵ عەلەویەکان و پاشماوەی حزبی بەعس و ڕژێمی سوریا.
٦- ڕازیکردنی هێز و ڕەوتە ئیسلامییە ڕادیکالیەکان لە داهاتودا.
٧- چۆنیەتی خۆ دەربازکردن لە(وصاية) و هەژمونی تورکیا و دەست تێوەردانەکانی لەو وڵاتەدا.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن