7وتار

پەیامی سەرۆک بارزانی لە کۆڕبەندی (مێپس)، نەخشە ڕێگای ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو

11/22/2025 12:41:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس

لە میانی کۆڕبەندی (مێپس 2025) لە دهۆک سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد، لە ناوەڕۆکی وتارەکەیدا باسی لە کۆمەڵێک پرسی گرنگ کرد، کە پوختەی گرفتەکانی هەرێم و شێوازی چارەسەکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەخۆ گرتبوو، کە دەکرێت وەک چوارچێوەیەکی گشتی بۆ بەرنامەی کاری هاوبەشی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری بکرێت و سودی لێوەربگیرێت....

گرنگترین خاڵەکانی وتارەکەی سەرۆک بارزانی بریتیبوون لە:

 ١- هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. 
٢- دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی (مجلس الاتحاد) بە پێی مادەی(٦٥)ی دەستور وەک گرنگییەک بۆ زامنکردنی مافی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی کە ڕێک نەخراون لە هەرێمدا.
٣- پێکهێنانی دادگای باڵای ئیتیحادی بەگوێرەی مادەی (٩٢، ثانيا) لە دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥.
٤- جێبەجێکردنی مادەی(١٤٠)ی دەستور.
٥- دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە گوێرەی مادەی(١١٢،اولا) لە دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥.

ئەوەی شایانی باسە لەبەر گرنگی ئەم خاڵانە و بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو و چارەسەکردنی کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەرکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە ئەم پرسانە بەهەند وەربگرن، کە دەکرێت وەک نەخشە ڕێگای هاوبەشی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند بکرێت.

بەڕای ئێمە گرنگترین خاڵیشیان بریتییە لە پێکهێنانەوەی دادگای باڵای ئیتیحادی بە پێی مادەی (٩٢، ثانيا) لە دەستور، بە هۆی ئەوەی ئەم دادگایە پێچەوانەی دەستور، بە یاسای ژمارە (٢٥ی ساڵی ٢٠٢١، یاسای هەمواری یەکەمی فەرمانی ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥) پێکهاتووە.

بەداخەوە ئەم دادگایە هۆکارێک بووە بۆ قوڵکردنەوەی زۆربەی ناکۆکییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ئامرازێک بووە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان بەو شێوەیەی کە ویستی پێکهاتەی زۆرینەی لەسەر بووە لە عێراقدا، هەروەها دامەزراوەیەک بووە بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی پێکهاتەی سەرەکی لە عێراقدا، بەدەر لە ڕەچاوکردنی مافی پێکهاتەکانی دیکەی عێراق و بە پێچەوانەی بنەماکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان کە عێراقی نوێی لەسەر بونیاد نراوە...

هەرچەندە لە ڕابردوودا فراکسیۆنە کوردستانییەکان کەمتەرخەم بوون لە پێکهێنانی دادگاکە و دەرکردنی یاسای ژمارە (٢٥ی ساڵی ٢٠٢١، یاسای هەمواری یەکەمی فەرمانی ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥) بە پێچەوانەی مادەی (٩٢، ثانيا) لە دەستور، کە ئەمەش وادەکات لە ئێستادا کارەکەیان قورس بێت، بەڵام مەحاڵ نییە، بە یەک ڕیزی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و داکۆکیان لەسەر دەرکردنی یاسای دادگای باڵای ئیتیحادی بە گوێرەی دەستور وا دەکات زۆرێک لە گرفتە سیاسی و ئابووری و یاساییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە یەکلا بکرێنەوە.

ئەمەش هەنگاوی یەکەم دەبێت بە ئاڕاستەی چارەسەکردنی کێشەکانی دیکە....


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن