57 کوردستان

وەرگرتنی پارە لە دایک و باوکی قوتابی بۆ خوێندنگەکان قەدەغەکرا

01:33 - 17/11/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند: کۆکردنەوەی هەر بڕە پارەیەک لە قوتابیان و خوێندکاران بەناوی پاڵپشتی و کۆمەک بۆ قوتابخانەکان بەتەواوی قەدەغەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بە نوسراوێک کە واژۆی، نەژاد عەبدوڵای، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەسەرە، ئاراستەی سەرجەم پەروەردەکانی سنوورەکە کراوە و تێیدا هاتووە، بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) پارەی فرۆشگا بۆ خودی قوتابخانە و خوێندنگەکانە و لەبەر ئەم هۆکارە، ڕێپێدراو نییە لەژێر هیچ ناونیشان و پاساوێکدا پارە لە قوتابیان کۆبکرێتەوە، یان ناچار بکرێن لەڕێگەی دایک و باوکیانەوە بڕە پارەیەک بدەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە تێبینی کراوە لە بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندندا، بەناوی ئەنجومەنی دایک و باوکانەوە زیادەڕەوی کراوە لە کۆکردنەوە و دیاریکردنی بڕی پارە لە خێزانەکان.
هاوکات، هۆشداریش دراوە، کە هەر سەرپێچییەک لەم بڕیارە بەرپرسیارێتیی توندی بەدوادا دێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن