پەیامێک بۆ جەنابی والی، بەڕێز قەحتان وەنداوی
11/16/2026 11:27:00 AM
شوان داودی
پاش پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن...
پێم ناخۆشە کە ماوەی ئەرکەکەت کورتە ، بە داخەوە، کەرکوک بۆتە کێڵگەی تاقیکردنەوەی پارێزگار.
پێم خۆش دەبوو بەڕێزتان، یان هەر بەڕێزێکی تر لە هەر پێکهاتەیەک بێت، خولێکی تەواوی چوار ساڵە لەم پێگەیەدا بمێنێتەوە، چونکە شار بە تاقیکردنەوە بەڕێوە نابەردرێت.
بۆ هەڵسەنگاندنی هەر بەرپرسێک لە هەر پۆستێکدا، لانیکەم پێویستە ١٠٠ ڕۆژ دەرفەتی کارکردنی هەبێت تا هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی بۆ بکرێت. دیارە ئەو ماوە کورتەی بۆ بەڕێزتان دیاری کراوە، کە تەنیا ٤٥ ڕۆژە، بەشی ئەوە ناکات هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانتان بکەین، و ئەمەش ناخوازێت بارتان قورس بکەین بە ئەرک و داواکاری.
بەڵام دەرفەتی مێژوویی گرنگ هەیە کە بە ئاسانی بۆ هەموو کەسێک هەڵناکەوێت. سەرەڕای کورتیی ماوەکەتان، ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ بەڕێزتان ئەگەر بتوانن بیقۆزنەوە و نموونەیەکی جوان پێشکەش بکەن.
ئەوەش لە هەستکردن بە هەستیاریی ئەم شارە دەست پێ دەکات؛ شارێکی فرە نەتەوە، فرە ئایین، فرە مەزهەب و فرە کولتوور، خاوەن سامانێکی دەوڵەمەند بەڵام خێری لە خۆی نەدیوە. ئەم شارە بەرژەوەندیی زۆر و جیاوازی تێدایە و گۆڕەپانی دژبەیەکی دەوڵەتە گەورەکان و وڵاتانی ئیقلیمی و هێزە ناوخۆییەکانە.
بۆیە گرنگە بەڕێزتان پێش هەموو شتێک، بەرگی حزبی فڕێ بدەیت و لە پارێزگاری بەرەی تورکمانییەوە ببیتە پارێزگاری هەمووان، و نموونەیەکی جوانی پێکهاتەکەی خۆت بیت لە ئیدارەدان، و هەوڵ بدەیت هەندێک هەڵە ڕاست بکەیتەوە کە لەسەر شێوازی ئیدارەدانی شار بەسەر پێکهاتە بەڕێزەکەتدا ئەژمار کراوە.
ڕاستە ماوەکەت زۆر کورتە و کاری گەورەت پێ ناکرێت، بەڵام پێویستە وریا بیت هەڵەت پێ نەکرێت، چونکە ئەگەر ئەو ماوەیە بۆ هەڵە و کاری خراپ بەکار بهێنرێت، ماوەیەکی دورودرێژ و زۆرە و لە توانایدایە شتگەلێک بکرێت کە دەیان ساڵ ئاسەواری بمێنێت.
بۆ نموونە، لە ماوەی نێوان دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری پێشووتر، ڕێبوار تەها و جێگرەکەی یاوز حەمید ، و دەستبەکاربوونی پارێزگاری پێشوو محەمەد سەمعان، بۆ ماوەی نزیکەی ٤٨ کاتژمێر جێگری دووەمی پارێزگار، ئیبراهیم تەمیم، ئەرکەکانی پارێزگاری ڕاپەڕاند.
لەو ماوە کورتەدا دەرفەتەکەی قۆستەوە و لە نێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ نووسراوی ئیمزا کرد، هەندێک بابەتی تێدا تێپەڕاند کە تەوافقی پێکهاتەکانی لەسەر نەبوو، لەوانە جیاکردنەوەی فەرمانگەی کارەبا بۆ حەویجە. بۆیە ناکرێت ئەو پێگەیە وەکو دەسکەوتی شەڕ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
ڕاستە ماوەکەت کەمە و چاوەڕوانی کاری گەورە و ناوازەت لێ ناکرێت، بەڵام بەو پێگە و پۆستە لەو ماوە کەمەدا دەتوانی هاوسەنگی ڕابگریت، زمانت شیرین بکەیت و هەستی هیچ پێکهاتەیەک بریندار نەکەیت.
ئەو پێگەیەی بەڕێزتان، نە بە ئیستحقاقی هەڵبژاردن، نە بە کودەتای سەربازی و نە بە شۆڕش بە دەست هاتووە، بەڵکو لە ئەنجامی تەوافق و لێکگەیشتنی سیاسی بە دەست هاتووە، بۆ دروستکردنی متمانە لە نێوان پێکهاتەکان و هێنانەدی سەقامگیریی سیاسی و ئیداری لە شارەکەدا.
حەقی خۆت و هاوەڵەکانتە ئاهەنگ بگێڕن، بەڵام حەقی ئەوەتان نییە لەم دەسپێکەتاندا بە دەستەکانتان ئاماژەی گورگە بۆرەکانمان پێشان بدەن ، کە هێمای ڕێکخراوێکی نەتەوەپەرستی توندڕەوی تورکییە لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن ئەلپەرسلان تورکەشەوە دامەزراوە و بە لاوانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکی (MHP) ناسراوە.
لە کوردستاندا ناوبانگیان خراپە، چونکە دژی کورد و ئەرمەن و یۆنانی و عەرەبن و لە تورکیا چەندین جار تۆمەتبار کراون بە توندوتیژی بەرامبەر کورد و چەپەکان ، لە هەندێک وڵات وەکو فەرەنسا و نەمسا قەدەغە کراون و لە وڵاتانی تریشدا وەکو ڕێکخراوێکی توندڕەو سەیر دەکرێن.
لە کۆتاییدا، هیوای سەرکەوتنت دەخوازم و خوازیارم جوانترین نموونەی شار بیت .
.......
2026/11/15