پشوو درێژی ئێرانییەکان و ئارام نەگرتنی ئەمریکییەکان.
4/29/2026 1:36:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
بەراوردکارییەک لە نێوان سیاسەتی ئێران و ئەمریکا.
لە ڕێکەوتی 4/11/1979 لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی
لە ئێران، سەدان قوتابی لە لایەنگرانی شۆڕشەکە لە (تاران)ی پایتەخت پەلاماری باڵیۆزخانەی
ئەمریکایاندا، لە ئەنجامدا ستاف و کارمەندانی باڵیۆزخانەکەیان بەبارمتە گرت، سەرەتا
ئەمریکا هەوڵیدا لە ڕێگای ئۆپراسیۆنێکی سەربازییەوە بارمتەکان ئازاد بکات، بەڵام
شکستی هێنا و لە ئەنجامدا هەلیکۆپتەرێک و فڕۆکەیەک تێکشکان و هەشت سەربازی ئەمریکا
گیانیان لەدەستدا، لە کۆتاییدا پاش (444) ڕۆژ لە ڕێکەوتنێکدا بە نێوەندگیری وڵاتی
(الجزائر) ئازاد کران.
یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی ناو باڵیۆزخانەکە
لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی بریتی بوو لە وردکردن و لەناوبردنی تەواوی
نوسراو و بەڵگەنامەکان لە لایەن کارمەندانی باڵیۆزخانەکەوە بە ئامێری کاغەز وردکەر.
دواتر ئێرانییەکان بە سود وەرگرتن لە شارەزایانی
چنینی فەرش سەرجەم پارچە کاغەز و نوسراوە وردکراوەکانیان بەیەکەوە لکاند و تەواوی
بەڵگەنامەکانیان دروست کردەوە، پاشان لە ژێر ناوی (اسناد لانە جاسوسی) لە چەندین بەشدا
بە چاپیان گەیاند و بڵاویان کردەوە.
سیفەتی پشوو درێژی و وردەکاری و وردبینی لە ئیش
و کاردا تەنها سیفەتی تاکی ئێرانی نییە کە لە پیشەی ڕستن و چنینی فەرشدا کار بکات،
بەڵکو ڕەنگدانەوەی هەیە لە سەرجەم بوارە جیاوازەکاندا بەتایبەتی کاری سیاسی و دەوڵەتداری.
یەکێک لەو دەستەواژانەی بەکار دەهێنرێت بۆ پێناسە
کردنی سیاسەتی ئێرانییەکان بریتییە لە (سیاسەتی فستق) يان (دبلۆماسیەتی فستق)،
گرنگترین کۆڵەکەکانی ئەم سیاسەتە و لە سیما دیارەکانی بریتین لە پشوو درێژی، ئارامی
لە بەڕێوەبردنی ململانێ و ناکۆکییەکان، هێمنی لە تێپەڕاندنی قەیرانەکان، جوڵەی نەرم
و وردەکاری و بەکارھێنانی تاکتیک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان ...
ئێرانییەکان لە کاتی دانوستاندا زۆر بە وریایی
و دیاریکراوی ئامانجەکەیان دەستنیشان دەکەن، بەهێمنی هەنگاوی بۆ دەنێن، بە ئارامی
و پشوو درێژییەوە لەگەڵ بەرامبەرەکەیاندا لە گفتوگۆدا دەبن...
سیاسەتی فستق کە ئێرانییەکان لە کاری سیاسی و
دبلۆماسیدا پێی دەناسرێن، هاوشێوەی ئەو کەسەیە کە لە دانیشتنێکدا دەنکە فستقێکی پڕ
و گەورە لە قاپێکدا دەستنیشان بکات و بە هێمنی هەڵیبگرێت و دواتر بیکاتەوە و بە هێواشی
بیخوات و بەردەوام ئەم کارە دووبارە بکاتەوە، لە بەرامبەر کەسێک کە بە خێرایی چنگێک
فستق هەڵبگرێت کە ڕەنگە ژمارەیەک دەنکی پوچەڵ و کرمۆڵ و نەزۆکی تێدابێ.
(شێخ حمد بن جاسم ال ثاني) سەرۆک وەزیرانی پێشووی
(قطر) دەڵێت: ئێمە خێرا خەڵک دەکەین بە دۆست و هاوڕێ و بەرزی دەکەینەوە و زوو دایدەگرین
و دەیدەین بە زەویدا، زوو ڕێک دەکەوین و بە خێرایی ناکۆک دەبین، بەڵام ئێرانییەکان
دیدگای قوڵیان هەیە لە سیاسەتدا، زوو نابن بە هاوڕێ و دۆست هەروەها بە خێرایی ناکۆک
نابن لەگەڵت و کاری گەمژانە دژت بکەن، دەزانن چی هی ئەوانە و دەبێ چی بکەن.
لە بەرامبەردا سیاسەتی ئەمریکا کە ناسراوە بە
دبلۆماسیەتی کاوبۆی "سياسة راعي البقر ، Cowboy
Diplomacy" ، ئەو میتۆدەیە کە ئەمریکییەکان
بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە پشتی پێدەبەستن لە ڕێگای تاکڕەوی، خۆ سەپاندن، بەکارھێنانی
هێزی سەربازی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و خێرا، هەڕەشە و تۆقاندنی لایەنی بەرامبەر ....
هێنری کیسنجەر (Henry
Alfred Kissinger 1923 - 2023) دەڵێت : ئەم سیاسەتە ڕەنگدانەوەی سەرسامی ئەمریکییەکانە بە
"کاوبۆی" کە بەتەنها دێتە ناو گوند و هەژمونی خۆی دەسەپێنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆک
ترەمپ، جیاواز لە ڕابردوو لەبری ئەوەی ڕەنگدانەوەی کاری دامەزراوەیی بێت دەربڕی
خواستە تایبەتییەکانی (سەرۆک ترەمپ)ە، مۆرکی کەسی سەرۆک ترەمپ وەک بازرگانێک بۆ بەدەستهێنانی
زۆرترین قازانج و دەستکەوت بە ڕوونی بەدی دەکرێت و ڕەنگدانەوەی هەیە لە داڕشتنی سیاسەتی
دەرەوەی ئەمریکادا.
سەرۆک ترەمپ ویستەکانی نەشاردۆتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی
سەرچاوەکانی وزە و سەپاندنی هەژمونی ئەمریکا لە ڕوی سیاسی و ئابووری و ڕێکخستنەوەی
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاڕاستەی یەک جەمسەری، یەکلاکردنەوەی ململانێ و ناکۆکیەکان
لە ڕێگای بەکارهێنانی هێزی سەربازی بەشێوەیەکی تاکلایەنە بێ گوێدانە پەیماننامەی نەتەوە
یەکگرتووەکان (ميثاق الامم المتحدة) و یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەکان....
ئەمانەش وایانکردووە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە
ئێستادا ناڕوونی پێوە دیار بێت، ناجێگیر و بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا بێت.