وانەکانی ڕوداوەکانی نیپاڵ
9/17/2025 10:26:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
ڕوداوەکانی هەر کۆمەڵگایەک لە جیهاندا کەم یان
زۆر نزیک یان دوور کاریگەری لەسەر کۆمەڵگاکانی تر دەبێت، گرنگە وانەیان
لێوەربگیرێت.
ئاژاوە و توند و تیژییەکانی نیپاڵ کۆمەڵە
وانەیەکی گرنگمان پێدەبەخشێت، ناڕەزایەتی و لەدەست دەرچوونی دۆخی ئاسایشی نیپاڵ
هەڵچوونێکی کتوپڕ نەبوو، تەنها هەڵوێستێک نەبوو لەسەر داخستنی چەند پێگەیەکی
سۆشیال میدیا، بەڵکو پەنگ خواردنەوەی ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بوو
بەرامبەر بە نادادی، گەندەڵی، قۆرخکاری و کەڵەکەبوونی گرفتە سیاسی و ئابووری و
کۆمەڵایەتییەکان، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە پێش سەدان ساڵ زانا و فەیلەسوفی مەزن
(ابن خلدون 1406 - 1332) باسی لێوەکردووە:
" ئەگەر
گەندەڵی لە وڵاتدا تەشەنەی سەند، یەکەم قۆناغەکانی چاکسازی بریتییە لە ئاژاوە! ". "إذا عم الفساد في الدولة فأن أولى مراحل الإصلاح هي الفوضى"
ناڕەزایەتی و ڕوداوەکانی نیپاڵ وانەیەکمان
پێدەدات کە بە هۆش خۆماندا بێینەوە، بەرچاو ڕونیمان دەداتێ لەوەی گرفتە سیاسی و
ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە هەر کۆمەڵگایەکدا بەدەمەوەهاتنی خێرای دەوێت و
پێویستە لە سەرەتاوە و لە کێشە بچوکەکانەوە چارەسەر بکرێن پێش ئەوەی گەورە بن، بە
کەڵەکەبونی گرفتەکان چارەسەر کردنی کێشەکان قورستر و زەحمەتتر و کاتی زیاتر دەبات
و لە کۆتاییدا قوربانی و باجی زیاتری دەوێت.
بەهەند وەرنەگرتنی کێشە و گرفتەکان و گوێ
نەدان بە داخوازی تاکەکانی کۆمەڵگا نائومێدی بڵاو دەکاتەوە و متمانەی هاوڵاتیان بە
دەسەڵاتی سیاسی ناهێڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناڕەزایەتییەکانی خەڵک قوڵتر دەکاتەوە تا
ئاستی ڕق....
مەرج نییە پەرچەکرداری جەماوەر لەبەرامبەر
گرفتە گەورەکان خێرا و دەم ودەست بێت، کاتێک ناڕەزایەتییەکان پەنگ دەخواتەوە ڕەنگە
ڕوداوێکی بچوک لە شوێنێکی لاچەپ ببێتە بڵێسەی هەڵگیرسانی ئاژاوە و توندوتیژی و
تەنانەت شۆڕش و گۆڕانکاری سیاسی گەورە، بۆ ئەمەش ئازاردانی هاوڵاتی تونس
"محمد البوعزيزی" و خۆ سوتاندنی و ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبی دیارترین
نموونەن.