جورفولسەخر و زەیدی
11/17/2026 11:47:00 AM
دڵشاد ئەنوەر
زەیدی هێزی لە دەوروبەری جورفولسەخر کۆکردووەتەوە و دەیەوێت داخلی ئەو ناوچە ئاڵۆزە پڕ لە نهێنییە ببێت، لەکاتێکدا میلیشیا شیعەکان هەڕەشەی شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی سوپای عێراق دەکەن.
جورفولسەخر کە شیعەکان ناوەکەیان بۆ جورفولنەسر گۆڕیووە، بەتەواوەتی دانیشتوانە سونەکەی راگوێزراوە و کراوەتە ناوچەیەکی سەربازیی داخراو و پڕ لەنهێنی، بەجۆرێک رێگە بە سەرۆکوەزیرانەکانی پێشووی عێراقیش نەدراوە بڕۆنە ئەو ناوچەیە.
ململانێی زەیدی و میلیشیا شیعەکان لەسەر جورفولسەخر لەروواڵەتدا ململانێیەکی عێراقییە، بەڵام لەناوەڕۆکدا ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکایە، چونکە جورفولسەخر یەکێکە لە ناوەندە سەربازییەکانی ئێران لە عێراق.
جورفولسەخر و پشتێنەی ئەمنی ئەنبار گرنگییەکی گەورەی بۆ هێزە شیعەکان و ئێران هەیە و دەستبەرداری نابن، ئەمە بەشێکە لەو پشتێنە ئەمنییەی کە هێزە شیعییەکان لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و شەڕی داعش لە ڕۆژئاوای عێراق دروستیان کردبوو بۆ گەیشتن بە سووریا و لوبنان، بەڵام گەر زەیدی سەرکەوتوو ببێت، ئەم پشتێنە دەکەوێتە بەردەم مەترسی ئەگەری تێکشکاندنی یەکجاری.
دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئەو پردە ستراتیژییەی تارانی بە بەیروت دەبەستەوە لە بەری سووریاوە تێکشکا. ئێستا تەنها بەشە عێراقییەکەی ماوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا و ئیسرائیل کار بۆ تێکشکاندنی ئەو بەشە و بەرتەسککردنەوەی پانتایی هێزە شیعییەکان لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەی قائیم بکەن.
هەژموونی شیعی لە ڕۆژئاوای عێراق، کە جاران ئەرکی پاراستنی ڕێڕەوی (تاران-بەیروت) و ڕژێمی ئەسەدی لەسەر شان بوو، ئێستا ئەرکەکەی گۆڕاوە بۆ دروستکردنی شورا و دیوارێکی بەرگری لە بەرامبەر سووریای ژێر دەسەڵاتی "ئەحمەد شەرع"، کە شیعەکان بە پاشماوەی جیهادییە توندڕەووەکان و قاعیدە و داعشی دەبینن، بەڵام وادیارە پێشهاتەكان بەو ئاراستەیەن ئەو هێزە شیعەكانە لەو سنوورە بكرێنە ئامانج و هەوڵی دوورخستنەوەیان بدرێت.
سەبارەت بە فشاری زەیدی بۆ هێرشکردنە سەر جورفولسەخر و دوورخستنەوەی گروپەکان دوو ئەگەر باس دەکرێت، ئەگەرێک هەیە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ دووبارە باڵادەستکردنەوەی پێکهاتەی سوننە بەسەر ناوچە بیابانییەکانی ڕۆژئاوادا لە پاش بنەبڕكردنی هەژموونی گرووپە چەكدارەكانی شیعە.
گومانێکی تر ئەوەیە کە لەو ناوچە کراوەیەی ڕۆژئاوای عێراق، ناوچەیەکی ئەمنی بۆ ئیسرائیل دروست بکرێت. ئەم ناوچەیە هەم ئاسایشی ئوردن و سعودیە دەپارێزێت و هەم دەبێتە ناوەندێکی چاودێریی پێشکەوتوو بۆ ئیسرائیل تاوەکو لە نزیکەوە چاودێری مووشەک و درۆنەکانی ئێران بکات و بۆ پێداویستییە ئەمنییەکانی خۆی بەکاری بهێنێت.
ئەو گومانانە بێت یاخود نە، زەیدی چووەتە ململانێی میلیشیاکانەوە و هیچ سەرۆکوەزیرانێکی پێشووی عێراق لەمەدا سەرکەوتوو نەبووە، پێناچێت لایەنە شیعەکان و ئێرانیش رازی ببن بە تەسفیە کردنی میلیشیاکان لەلایەن زەیدییەوە.
دەنگۆی ئەوە هەیە ئەمەریکا فشاری خستبێتە سەر زەیدی و بەڵێنی ئەوەی پێدابێت گەر هێرش بکاتە سەر جورفولسەخر پاڵپشتی ئاسمانی دەکات، بۆیە هێشتا دیار نییە بەرەنگاریی میلیشیاکان و فشاری ئەمەریکا کامیان زەیدی دەجوڵێنێت یان رادەگرێت.
دووریش نییە لەچوارچێوەی سیاسەتی نەشیش بسوتێت و نە کەباب، لایەنە شیعەکان هەندێک مەجال بە زەیدی بدەن لە جورفولسەخر، بەڵام رێگەی تەسفیە کردنی میلیشیاکان و باڵادەستبوون بەسەر جورفولسەخر بۆ زەیدی قورس و پڕ لە دڕک و داڵ دەبێت.
خۆ گەر زەیدی جوڵەکانی لە جورفولسەخر بۆ بچێتە سەر، بە ئاراستەی هەرێمی کوردستانیش هێز دەجوڵێنێت و هەندێک رێوشوێن لەناو هەرێم دەگرێتەبەر، بەڵام ئەمە دەوەستێتەوە سەر سەرکەوتن و شکستی لە جورفولسەخر،
لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هەماهەنگی، لەسەر جورفولسەخر دەمەقاڵە لەنێوان ئەبو ئالاو عامری لەگەڵ زەیدی دروستبووە، ئەوان رێگەدانیان بە سوپا بۆ چوونە جورفولسەخر رەتکردووەتەوە و زەیدیش سور بووە لەسەر بڕیارەکەی، بۆیە کۆبوونەوە بێ ئەنجام بووە.