159وتار

ئەگەر هەیە دادگای ئیتیحادی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان بکات بە 60 کورسی

5/8/2024 8:03:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان (سەرەڕای کارەکەی) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٤/٥/٦ لە ڕێگای بریکارەکەیەوە دوای ژمارە (١٢٦/اتحادیة/۲۰۲٤)ی تۆمار کرد لە سەر سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان (سەرەڕای کارەکەی)، لە داواکەدا داوای بڕیاردان بە نادەستوری مادەی (٢)ی (نضام تسجیل قوائم المرشحين والمصادقة علیها لانتخابات برلمان اقليم كوردستان - العراق رقم ۷ لسنة ۲۰۲٤)ی کرد کە لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەرچووە لە چوارچێوەی ئامادەکاریەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مادە تانە لێدڕاوەکەش (م٢) باس لەوە دەکات:

بڕگەی یەکەم: هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن(هەولێر ، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە).

بڕگەی دووەم: پەرلەمانی کوردستان پێک دێت لە (100) کورسی و دابەش دەکرێت بەسەر ئەم بازنەی هەڵبژاردنانە : پاریزگای هەولێر (٣٤) کورسی، پارێزگای سلێمانی (38)، پارێزگای دهۆک (25) کورسی، پارێزگای هەڵەبجە (3) کورسی".

پاساوی داواکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بریتییە لەوەی مادە (2)ی تانە لێدراو پێچەوانەی دەستور و ناوەڕۆکی بڕیاری ژمارە (83 وموحدتیها 131 و 185/اتحادية/2023)، هەروەها ئەو پێوەرەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پەیڕەوی کردووە لە دابەشکردنی کورسیەکان بەسەر بازنەکاندا بریتییە لە ژمارەی دەنگدەران (الناخبین) ئەمەش پێچەوانەی مادەی (49/اولا)ی دەستورە کە باس لەوە دەکات پێوەری دابەش کردنی کورسیەکان لە دابەش کردنی کورسیەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارەی هاوڵاتیانە (نفوس) و بۆ هەر سەد هەزار هاوڵاتییەک (نفوس) یەک کورسی دیاری دەکرێت.

جگە لەوەی پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکانە بۆ دیاری کردنی کورسی لە شێوەی (کۆتا) بۆیان هەر وەک چۆن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مادە (15)ی [قانون انتخاب مجلس النواب ومجالس المحافضات والاقضية رقم (12) لسنة (2018) المعدلة بالمادة (9) من القانون رقم (4) لسنة (2023)] کورسی کۆتاکانی دیاری کردووە.

❞المادة (49):اولاً :- يتكون مجلس النواب من عدد من الاعضاء بنسبة مقعد واحد لكل مائة الف نسمة من نفوس العراق يمثلون الشعب العراقي بأكمله، يتم انتخابهم بطريق الاقتراع العام السري المباشر، ويراعى تمثيل سائر مكونات الشعب فيه .❝.

لەسەر ئەو بنەمایەش دادگای باڵای ئیتیحادی لە ڕێکەوتی 2024/5/7  (امر ولائي) دەرکرد بە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەی (دووەم) لە مادە (2)ی (نضام تسجیل قوائم المرشحين والمصادقة علیها لانتخابات برلمان اقليم كوردستان - العراق رقم ۷ لسنة 2024) هەتا کاتی یەکلا کردنەوەی داواکە.

گەر دادگای باڵای ئیتیحادی پاساو و داواکاریەکەی ناو ناوەڕۆکی داوای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبەر چاو بگرێت و مادەی (49/اولا)ی دەستور وەک پێوەر بەهەند وەربگرێت ئەگەرێکی زۆر هەیە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کەم بکرێتەوە بۆ نزیکەی (60) کورسی بە هۆی ئەوەی ئاماری هاوڵاتیانی هەرێم (نفوس) لە دەوروبەری شەش ملیۆن هاوڵاتیدایە و بە دیاریکردنی یەک کورسی بۆ سەد هەزار نفوس کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان دەبێت بە نزیکەی (60) کورس.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن