16 کوردستان

زەیدیی ژماره‌یه‌ك بڕیاری توندی دژی هه‌رێم ده‌ركردو دەروازە سنورییەکان‌و کێڵگە نەوتییەکان وەردەگرێتەوە

01:26 - 24/11/2026

زه‌مه‌ن - هه‌واڵ

 

 عەلی زەیدیى سەرۆک وەزیران‌و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دوای پێداچونەوە بەڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەبەقاچاخبردنی نەوتی کۆمپانیای نەوتی باکور، کۆمەڵێک بڕیاری یەکلاکەرەوەی دەرکرد کە تێیدا فەرمانی وەرگرتنەوەی سەرجەم دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، کۆنترۆڵکردنەوەی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان، داخستنی ڕێگا لاوەکییەکان‌و دورخستنەوەی ژمارەیەکی زۆر لەفەرماندە سەربازیی‌و بەرپرسە ئیدارییەکانیدا.

سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ناوەڕۆکی بڕیارەکانی زەیدیی بڵاوکردەوەو جەختیکردەوە، پاراستنی سامانی عێراق جەنگێکی چارەنوسسازەو سەروەریی نیشتمانی دابەش نابێت.

بەشێکی سەرەکیی فەرمانەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق تایبەتکراوە بەسنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لەدۆسیەی نەوت‌و دەروازەکانداو بریتین لە (بڕیاردراوه‌ سەرجەم دەروازە سنورییەکان لەهەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراقەوە وەربگیرێنەوە، هاوکات فەرماندەیی هێزەکانی سنور ڕاسپێردراوه‌ سەرجەم دەروازە نافەرمییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ (بەدەروازەکانی هەرێمیشەوە) دابخات).

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاسپێردرا بەهیچ شێوەیەک ڕەزامەندیی نەدات لەسەر هەناردەکردنی نەوتی خاوو بەرهەمە نەوتییەکان، مەگەر تەنها لەڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت".

باس له‌وه‌شكراوه‌، "وەزارەتی نەوت‌و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزە ڕاسپێردران سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانە بگرنەدەست‌و بەکامێرا چاودێرییان بکەن کە دەکەونە سنوری کارگێڕیی پارێزگاکانی (کەرکوک، نەینەوا، دیالەو سەڵاحەدین)و لەڕوی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندان، وەزارەتی بەرگری-ش ڕاسپێردراوه‌ لەڕێگەی لیوا هاوبەشەکانەوە سەرجەم ڕێگه‌ خۆڵەکانی نێوان هەرێم‌و پارێزگاکانی (کەرکوک، نەینەوا، دیالەو سەڵاحەدین) دابخات، هاوکات گۆڕەپانی تایبەت‌و تاقیگەی پشکنین لەبازگەکانی دەروازەی (هەولێر، سلێمانی‌و دهۆک) دروستدەکرێن‌و تیمی وەزارەتی نەوت، پۆلیسی وزەو ئاسایشی نیشتمانییان تێدا جێگیردەکرێت".

وه‌كو سه‌باح نوعمان ئاماژه‌ى پێكردوه‌، "دەستەی دەستپاکی ڕاسپێردرا وردبینی بکات لەو بڕە نەوتەی دەدرێتە پاڵاوگەی بازیان‌و پاڵاوگەی کارو ئەو بەرهەمە نەوتییانەی لەدەروازەکانی هەرێمەوە بەبێ پشکنینی تاقیگەیی هەناردەی دەرەوە کراون، هەروەها دەبێت لەماوەی شه‌ش مانگدا سەرجەم کارگەکانی قیری ئۆکسێنراوو نەفتا لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەمنیی هەرێم لەپارێزگاکانی (کەرکوک، نەینەوا، دیالەو سەڵاحەدین) بگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵ".

لەبەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، عەلی زەیدیی زنجیرەیەک گۆڕانکاریی‌و دورخستنەوەی خێرای جێبەجێکرد له‌وانه‌ش (بەخشینی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکان لەپۆستەکەی، دورخستنەوەی هەریەک لەفەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک‌و فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بەهۆی کەمتەرخەمی لەدۆسیەی قاچاخچێتیی نەوتدا، بەخشینی فەرماندەی لیوای یەکی پۆلیسی وزە، جێگرەکەی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی‌و بەڕێوەبەری بازگەکانی لیواکە، دورخستنەوەی کاتیی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکورو جێگرەکانی تا تەواوبونی لێکۆڵینەوەکان، لەگەڵ ڕەوانەکردنی بەڕێوەبەری پێشوو بۆ لێکۆڵینەوەو بەخشینی بەڕێوەبەری بەشی پشکنین لەکەرکوک، دورخستنەوەی کاتیی بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی‌و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پیشەسازییە کانزاییەکان لەوەزارەتی پیشەسازیی، ئاراستەکردنی سزای سەرزەنشتکردن بۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی‌و بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی لەکەرکوک).

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانیداوه‌، سەرجەم دۆسیەکان ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی‌و دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بکرێن، بەتایبەت وردبینیکردن لەگرێبەستەکانی کۆمپانیای نەوتی باکور لەگەڵ کۆمپانیای (میحوەر ئەلفزی)، مۆڵەتی کارگەکان‌و لێکۆڵینەوە لەخەرجکردنی پارە بۆ "پاسەوانە مەدەنییە وەهمییەکانی" پاراستنی بۆرییەکان کە لەسەر ئەرزی واقیع بونیان نییە، هاوکات وەزارەتی نەوت ڕاسپێردراوه‌ پێوەری ئەلیکترۆنی لەسەر سەرجەم بیرە نەوتییە کاراکانی عێراق ببەستێت‌و سیستمی چاودێریی دیجیتاڵی نوێبکاتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن