1321وتار

پەنجا بە پەنجاکەی یەکگرتو و سێ تاقمەکەی گۆڕان.. وەڵامیک بۆ ئەبوبەکر هەڵەدنی

4/26/2021 10:25:00 AM
بەختیار نامیق

 

گۆڕان پێش ئەوەی حیزب بێت پڕۆژەیە و گۆڕانیش بەشێکە لەم پڕۆژەیە، دەکرێ چەندین حیزب و گروپ لەسەر هەمان پڕۆژە ئەجێندای کارکردنیان داڕێژن ، پڕۆژەیەک وەک ڕیفۆرمی گشتی بۆ نۆژەن کردنەوەی دەستەڵاتەکان و بە سیستەم کردن و بە نیشتمانی کردنی کۆی دەستەڵاتەکان ، ئەم پڕۆژەیە کە زادەی بیری سەرکردەیەکی کاریزمی بو تا ئێستا و تا دەرچون لە قۆناغی گواستنەوە لە قۆرخکاریەوە بۆ دامەزراوەیی ، تاکە ڕێگایە کە کۆی دەستەڵاتەکان لەو چەقبەستویە بباتە قۆناغی ڕزگاربون لە کێشە قوڵەکان .

هەمومان دەزانین کاتێک بەرەی ئۆپۆزسیۆن دروست بو چۆن یەکگرتو دابەش بوبو بەسەر پەنجا پەنجای هەردو زۆنەکەدا کە لەو کاتەدا گەورەترین گورز بو لە ئۆپۆزسیۆن درا، ئەو کات ئەگەر قسەکردنێکیش هەبوبێت کە ناومان نا بێت قسەی باش ، ئەوا هیچ کاریگەری لەسەر ئاستی کرداری نەبو، بەڵام بینمیان پارتی چی بە یەکگرتو نەکرد و یەکگرتو هەر بێ دەنگ بو هەر ئەو کاتیش زیاتر گۆڕان ببوە هێزی ناوەکی سەرەوەی ئێوە ، ئێوە لە ژێرەوە بۆ ڕاگرتنی باڵانسی مانەوەتان نیوەتان لە ئەنقەرە و نیوەتان لە تاران بو بە پاشکۆیەتی هەردو زۆنەکە ، خۆ ئەگەر ماڵی خۆت لە شوشە بێت ئەوە دەبێت ئەوە بزانیت کە شوشەکەی خۆت تەڵخە .

ئەوەندی دەتەوێ لە چوارچێوەی لیست و حیزبێکی تردا کاری مارکێتین بۆ بزوتنەوەیەکی نوێ بە نوسین لەسەر گۆڕان بکەیت ، باشترە بچیت لەسەر لاشەی پەنجا بە پەنجای حیزبەکەی خۆت قسە بکەیت ، هەموشمان دەزانین کاتی قسە لەسەر گۆڕان دەکەن دەتانەوێ هێزی نەوشیروان مستەفا بەکار بهێنن بۆ ئەوەی لیستەکەتان لە کۆشکی سەلامەوە دەنگە ناڕازیەکان بەرێتە ناو بازنەی ئەوانەی کە هەمومان دەزانین چۆن دژی یەکێتی بونەوە و هەمویان گۆڕیەوە بە کۆشکی سەلام ، پێش ئەوەی قسە لەسەر گۆڕان بکەیت بە مەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ لیستە تازەکەت باشترە بچنە ئەنقەرە بۆ ئەوەی بزانیت چۆن بون بە پاشکۆیەکی کارتۆنی پارتی و بونە تەواوکاری کارەکانیان و چیتان لێهات ، کاتێک ئێوە داوای لێبوردن لە هەوادارنی یەکگرتو دەکەن و هێرش دەکەیتە سەر گۆڕان دەتەوی بڵێیت بۆ گوڕێکی تری پۆست ئامادەم ئەم جارە دەبینە فریاد ڕەس ، وەک ئەوەی پێشتر هیچ پۆستێکت نەبوبێ و لە ئێستە بە دواوە دارعاسیەکت دۆزیبێتەوە و مزگێنی بدەیت .

گۆڕان زادەی بیری ئەو پیاوەیە کە جارێکی تر دایكێک نابێت کەسێکی تری وا بخاتەوە ، گۆڕان ئەو پرۆسەیە کە نەفەسی درێژی دەوێ ، ئەوەی توانی بمێنێتەوە و کار لەسەر ئەم پڕۆژەی گۆڕانە بکات ئەوانە بون کە لەبەردەم هێرشی هەمەلایەنە و سیناریۆی چڕوپڕو ڕێککەوتنی ناوخۆ و دەرەکی کاریان بۆ ئەوە کرد کە دوای نەمانی نەوشیروان مستەفا و سۆپەرپاوەری گۆڕان مانەوە و نەیانهێشت کۆتایی بە گۆڕان بێت ، نەک سێ تاقم وەک بەڕێزتان بۆ مارکێتن وات پۆلێن کردوە ، ئەوانەی کە ئێستە توانیان بەردەوامی بدەن بە گۆڕان و نەهێڵن گۆڕان لە ناو بچێت هەمو ئەوانە بون کە مانەوە ئامادەنەبون کە گۆڕان بدەنە دەست چارەنوسی فەوتاندن ، ئەم هاوڕێیانەی تا ئێستاش لە گۆڕاندا کار دەکەن نەک ئەوانە نین کە سێ تاقم بن وەک بەڕیزتان دەیڵێن ، بەڵکۆ ئەو کەسانە بون کە ناهێڵن گۆڕان و پڕۆژەی نەوشیروان مستەفا کۆتایی بێت و بە هەناسەی درێژ و بەهێزی ئێستایانەوە ماون و بەردەوامی دەدەن بە گۆڕان و هێزێکی کاریگەری ناو بازنەی حکومڕانین و بەرپرسیاریەتی مانەوەی قەوارەی هەرێمیان لە ئەستۆدایە  .

ئەگەر چی گۆڕان بەدەر نیە لە ڕەخنە و گۆڕان خۆشی باش ڕەخنە و ڕیکلام بۆ پۆست و خۆفرۆشی و هەلپەرست جیا دەکاتەوە و دەزانێ کێ دەیەوێ لە پشتی گۆڕانەوە دزی لە خەرمانی گۆڕان بکات و کێ دڵسۆزی شەفەندەفەر و خەرمانەکەی گۆڕانە ، با کاک ئەبوبەکر ئەو ڕاستیە بزانێت هەلپەرست و خۆفرۆش کە بە دەمامکەوە هاتنە ناو گۆڕان هەمویان دەرکەوتن کێن و ئێستە لە کوێن ، گۆڕان نەک دوکانێکی سیاسیە وەک بەڕێزتان دەیڵین ، گۆڕان کاتێک ڕێکەوتن لەگەڵ هەر حیزبێک دەکات ئامانجی سەرەکی ئیسلاح و مانەوەی قەوارەی هەرێمە ، هیچ حیزبێک بەقەد گۆڕان ڕێککەوتنی نەبوە ، دواجار بوتە قوربانی ڕێککەوتنەکان .

با کاک ئەبوبەکر لە خۆی بپرسێت لە ئێستا کام حیزب بەقەد ئەندامەکانی گۆڕان لە شۆنە جیاجیاکاندا کار لەسەر ئیسلاح دەکات بە چالاکیەکانی خۆێشیەوە ، گۆڕان یەکێکە لە پایەکانی حکومەت و توانی دابەشکاری ناو بازنەی دەستەڵات لە ڕێککەوتنی ستراتیژی و فیفتی بە فیفتیەوە بگۆڕێت و لە ئێستاشدا وەک بەرپرسیاریەتی شانی داوەتە ژێر گەورەترین بەرپرسیاریەتی دەستەلآتەکانەوە ، باشترە بەڕێزتان بۆ ڕێکلام کردن ڕێگەیەکی تر هەڵبژێرن نەک بێن مارکێتین لەسەر گۆڕان بکەن .

ئەوانەی ئێستا لە ناو گۆڕاندا کار دەکەن هەر ئەوانەن کە دەیانزانی دوای نەوشیروان مستەفا دەبێت بەردەوام بن ، نەهێڵن گۆڕان و پڕۆژەی ڕیفۆرمی گشتی ئیفلیج بێت ، ئەوە ئیسلاحەکەی ئێوە بو کە پەنجا بە پەنجا وەک قوربانی نارتانە سەر سفرەی پارتی و یەکێتی ، بەڵی گۆڕان نەک زۆر کاری گرنگی کرد ، بەڵکو بەردەوامە ئەگەر چی بە هۆێ نەمانی هێزی گەورەی کاک نەوشیروانەوە و گۆڕانکاریەکانەوە وەک پێویستی خەونە گەورەکە نیە ، بەڵام بەردەوامە ئەوانەشی مانەوە و بەردەوامیان بە گۆڕان دا و ئەوانەشی عاجزن و لە سەنگەری نەیارانەوە تەقە لە گۆڕان ناکەن ، هەر ئەوانەن بەردەوامی بە بیری نەوشیروان مستەفا و ئیسلاحی گشتی دەدەن ، نەک تۆ بێت ئامۆژگاریمان بکەیت و بتەوێ دزی لە خەرمانی نەوشیروان مستەفا بکەیت باشترە بچیت لەسەر خەرمانە دابەشکراوە کۆنەکەی خۆت خەریک بێت .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن