گۆڕینی وێنەکە، لە وێنەی دەوڵەتەوە بۆ وێنەی بانک
8/1/2025 2:08:00 PM
بەختیار نامیق
وردە وردە ئەو وێنەیە کە لە میمۆری
گشتدا بەرجەستە بو بو دەگۆڕێ ، ئەم گۆڕینی وێنەیە کە دروشمی شۆڕشی شاخ بەرهەمی هێنابو
قۆناغ بە قۆناغ دەگۆڕێ بۆ وێنەی تەواو جیاواز کە شۆڕشی شاخ لە یادەوەری گشتیماندا ڕەسمی
دەکرد ، ئەگەر لە قۆناغێکدا وێنەگەلێک لە ناو سندوقی وێنەی ( دەوڵەتی هاوڵاتی ) دا
کۆنەستی هاوڵاتی داگیر کردبێ و بوبێت بە بیروباوەڕو و خوێنی لە پێناودا دابێت ، ئەوا
بەهۆی پاوانکاری حیزبی و پاشان کلتوری خێڵەوە تەواو دەگۆڕێ ، ئەم وێنەیە دەبێتە موڵکی
حیزب ، بە مانایەکی تر وێنەی دەوڵەت بە هەموو شێوەکانیەوە ( دەوڵەتی هاوڵاتی ، دەوڵەتی
نەتەوە ، هتد) دەبێتە موڵکی حیزب و حیزبیش لە کرۆکیا هەڵگری جۆرێک لە لادان بوە بە
ڕێبازەکانی خۆی و جۆرێک لە کلتووری خێڵیان هەڵگرتوە ، لێرەوە وردە وردە وێنەکە دەگۆڕێ
بۆ وێنەی بانک ، واتا لە دەوڵەتەوە بۆ بانک ، بانکیش دەبێتە موڵکی هێزێک کە لەدەستی
گروپێکدا کۆدەبێتەوە ئەم هێزەش حیزب و دەوڵەت وەک کارتۆنێک یان گالیسکەیەک بەکار دەهێنن
بۆ گەشتن بە ئامانجەکانیان ، هێزی یەکێتی ناوەکی ئەم هێزە پەیوەندی خوێنە ، لێرەوە
با ڕونتر بدوێین ، ماڵباتی بارزانی تەواوی ئەو وێنەیەی لە خوێدا کۆکردوتەوە واتا
داگیرکردنی وێنەی دەوڵەت بۆ خێزانێک ، ئەم ماڵباتە دەیانەوێ ئەزمونی وەلی عەهدی و
مۆدێلی خلیجی وەربگرن ، بەڵام سەرتاکەی ئەوەیە لە دۆخێکی وەک دوو زۆنی پاشکۆیەتی وڵاتانی
زلهێزدا زەحمەتە ، بە پلان هەوڵەکانیان لە جوگرافیایەکی دیاریکرودا دادەڕێژن ، دوای
قۆناغی تەواو بونی دەستەڵاتی نەوەی یەکەمی شۆڕش و باڵادەستی نەوەی دوهەم و لەدەروەی
حکومەت پاوانکردنی داهات و کۆمپانیاکان نەوەی سێهەمی بارزانییەکان کار لەسەر ڕێکخراوەکان
مەدەنی دەکەن ، هەمو ئەمانە و وێنەیەکە لە دوا قۆناغیدا گۆڕاوە بۆ بانکێک و دەستەڵاتێک
لە بەرامبەردا هاوڵاتی دەخرێتە ناوبازنەیەک و خێزانێک لەدەرەوەی ئەم بازنەیە کۆنتڕۆڵی
حکومداری کۆی جومگەکانی حکومی دەکەن ، لێرەوە جیاوازیەکی چینایەتی گەورە دروست دەبێ
لە نێوان تاکی خەڵک و تاکی خێزانێک ، کاردانەوەی هاوڵاتی دەبێتە ڕەخنەگرێکی توند.
کاتێک وێنەکە لە دەستەڵاتێکی ڕەشیدەوە
دەگۆڕێ بۆ بانکێک و ئەندامانی خێزانێک پاوانی دەکەن هەر کەسێک نزیک بێتەوە لەم
بانکە دەکەوێتە بەردەم ڕەخنەیەکی توند ، واتا هەر کەسێک مامەڵەیان لەگەڵ بکات وێنەکە
وا ڕۆشتوە کە پارە وەردەگرێت ، بە تایبەت لە سلێمانیدا چونکە حەوزەی دروستبونی هەموو
حیزبەکانە بە پارتیشەوە هەر حیزبێک پێوەری وێنەکانی گۆڕا بێت سزای دەدات ، دوای یەکێتی
ئازیزترینیان گۆڕان بوە سزای داوە ، پارتی وا وێنا دەکرێت کە لە سلێمانیدا دروست
بوە و هەڵهاتوە و چوتە جوگرافیایەکی تر ، سلێمانی دەستی نایگاتێ تا وەک یەکێتی و گۆڕان
سزای بدات.
ماهیر حەسەن وەک ئەکتەرێکی کۆمێدی و ڕەخنەگری
گەورە ، کاتێک لە ڕەخنەوە دەگۆڕێت بۆ ناو بازنەی بانکەکە ، کاتێک نزیک دەبێتەوە لە
بانکێک کە هونەرمەند و ڕۆشنبیری تێدا ڕەش دەکرێتەوە ( سپیکردنەوەی هونەرمەند و ڕۆشنبیرمان
گۆڕیوە بە ڕەشکردنەوە ، چونکە پڕۆسەکە ڕەشکردنەوەیە ) دەکەوێتە بەر ڕەخنەی توند ،
وێنەکە لێرەدا کەسایەتی ماهیر حەسەن نیە هێندەی گۆڕینی وێنەی یەکەمە کە ماهیر ڕەخنەی
توند لەم دەستەڵاتە و لەم بانکە دەگرێت ، بەڵام وێنە گشتیەکەی خۆی دەشێوێنێ دەبێتە
کۆپی وێنەی بانکەکە ، دواجار ئەو مەقولەیە دەبێتە ڕاستی کە دەڵێ ( کۆمیدیا
گوناهبارە بەوەی کێشەکانی خەڵک لە کێشەی جدیەوە دەکات بە کێشەی پێکەنیناوی و گاڵتەجاڕی
) ، بەدەر لە ماهیر هەر کەسێکی تر بوایە ڕوبەڕوی هەمان ڕەخنە دەبوەیەوە ، بەڵام جیاوازیەکە
لەوەدایە ماهیر حەسەن ئەکتەرێکی گەورەیە زیاتر ڕوبەڕوی ڕەخنە دەبێتەوە کە کۆی پەیامەکە
دەڵێ : نابێ ماهیر حەسەن کە ئەکتەرێکی گەورەیە نزیک ببێتەوە لەم بانکە کە خۆی ڕەخنەی
لێدەگرێت.
کێشە لە ماهیرحەسەندا نیە هێندە لە گۆڕینی
وێنەکەدایە بۆ بانکێک و لەوڕێگەیەوە سەدان ڕێکخراو بە پارەی ئەم بانکە بەڕێوەدەچێ
، لێرەوە وێنەی شۆڕش بۆ دەوڵەتی هاوڵاتی گۆڕدراوە بۆ وێنەی بانکێک و خێزانێک .
لەگەڵ ڕێزم