زولفقارەکەی عەلی حەمەساڵح و گورزەکەی د. غالب ، جوگرافیای دادڕانی سیاسی و تاقیکردنەوەی ئۆپۆزسیۆن
8/5/2026 11:57:00 AM
بەختیار نامیق
هەرێمی
کوردستان لە قۆناغی ئێستادا ڕووبەڕووی داڕزانێکی ڕێکخراو و فرەڕەهەند بووەتەوە. ئەم
قەیرانە تەنها داڕمانی کارگێڕی نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی دادڕانی پێکهاتەی سیاسی
و ئابووری، بە جۆرێک کە چاکسازیی لەسەر ناوەکی و کارپێکردنی ڕێگەچارە تەقلیدییەکان
توانای دەربازکردنی هەیکەلی حوکمرانییان لەم دۆخە نەماوە.
سەرهەڵدانی
دوو ئیدارەیی شاراوە و قووڵبوونی دەسەڵاتی کۆمپانیا حزبییەکان، جەستەی سیاسیی هەرێمیان
بەرامبەر گۆڕانکارییە ناوچەیییەکان شەکەت کردووە. لە کاتێکدا عێراق لە ڕێگەی نزیکبوونەوەی
لە جەمسەربەندییە هەرێمییەکانی وەک ئێران و تورکیا—بە سەپاندنی هاوکێشەی نوێ و وەرگرتنی
چراسەوزی زلهێزە جیهانییەکان—پێگەی خۆی دەپەڕێنێتەوە، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەهۆی
نەبوونی ژێرخانی جیوپۆلەتیکی و سەربازیی یەکگرتوو، لەسەر پردێکی باریکی ململانێکاندا
دەگوزەرێنێت.
ئەم
داڕزانە کارگێڕییە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر شێوازی شار و کۆمەڵگە داناوە؛ هێڵی
جیاکەرەوەی چینایەتی شاری بۆ دوو بەرەی دژبەر دابەش کردووە: شاری سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی
بەرهەمهێنەری گەندەڵی، لە بەرامبەر شاری زۆرینەی بێدەرامەت و تاقەتپڕووکاو.
لە
ناو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، تەنها بەکارهێنانی دوو ئامرازی جیاواز بەڵام تەواوکار دەتوانێت
هاوسەنگی بگەڕێنێتەوە:
ئاراستەی
یاسایی و فیدراڵی (گورزی بەغدا): کارکردنی دادوەرانە لە ناوەند لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی
دەستووری، دادگای فیدراڵی و یاساکانەوە؛ بۆ سنووردارکردنی هەژموونی گەندەڵی و
پاراستنی مافە دارایی و شایستە دەستوورییەکانی خەڵک.
ئاراستەی
ڕای گشتی و ناوخۆیی (زولفقاری هەرێم): بەکارخستنی ڕوونگەرایی، دروستکردنی گوشاری بەردەوامی
جەماوەری و بەکارهێنانی هۆشیاریی گشتی وەک شمشێرێک لە بەرامبەر قۆرخکاریی حزبی.
یەکگرتنی
ئەم دوو ئاراستەیە تاپۆی ئومێدی خەڵکە، بەڵام تاقیکردنەوە مێژووییەکە لە بەردەوامیی
ئەم هەڵوێستەدایە. جەماوەر بەهۆی ئەزموونی ڕابردوو و شکستی کۆمەڵێک گوتاری ساختەی
دوای قۆناغەکانی پێشوو، بە گومانەوە لە دروشمەکان دەڕوانێت ، دوای نەوشیروان مستەفا
جارێکی تر ئومێدێکی هیوابەخش بە هەمان گوتارەوە دروست بوەتەوە ، هیوادارین هەڵوێست
تا سەر هەڵوێستی هەبێت.
گەر
ئەم ئەلتەرناتیڤە نوێیە نەتوانێت چاکسازیی ڕیشەیی بەسەر بنەماکانی دەسەڵاتدا بسەپێنێت
و سنوورێک بۆ گەندەڵی بەرفراوان دانەنێت، ئەوا دەرئەنجامەکە تەنها لاوازبوونی
حوکمرانی نابێت، بەڵکو چوونە ناو قۆناغێکی نوێی ئاشبەتاڵی سیاسی و داڕمانی تێکڕای
کیانی هەرێم دەبێت.