10وتار

ژینگەی ئۆپۆزسیۆن ، لە ڕەخنەوە بۆ ئەلتەرناتیڤ ، ڕەوتی هەڵوێست بەرەو کوێ؟

8/20/2026 1:05:00 PM
بەختیار نامیق

ئێستا لە هەرێمی کوردستان، دەستەڵات تەواو گەیشتووەتە چەقبەستوویی ، دوو ئیدارەیی و دنیایەک گەندەڵی جۆراوجۆر باڵیان بەسەر کایەکەدا کێشاوە ، هەموو ئەو ڕێگا و دەروازانەش داخراون کە هێز یان حیزبێکی سیاسیی دەرەوەی دەستەڵات بتوانیت پێیاندا بچێتە ناو بازنەی بڕیار و بەرنامەکانی جێبەجێ بکات ، بەڵام دۆخی سیاسی و هەرێمایەتی ، ناچاریان دەکات تەواوی ئەو ڕێگا و دەروازانەی داخرابوون بکرێنەوە بە ناچاری.

لە دەرەوەی ئەم دەستەڵاتە ، بازنەی دووەم و ژینگەی ئۆپۆزسیۆن کەوتووەتە بەردەم ئەرکی خۆئامادەکردن بۆ گۆڕانکاری چ بە هۆی هەڵبژاردنەوە بێت یان گۆڕانکاریی هەرێمایەتیی زۆر نزیکە ، دەبێت ئۆپۆزسیۆن وەک بەدیل (ئەلتەرناتیڤ)، پڕۆژەی حکومەتی سێبەر ئامادە بکات و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ئەجێندای خۆیدا بکات.

ئەگەر پێشتر هێزەکانی وەک بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، و پاشانیش نەوەی نوێ بە هۆکاری هەرێمایەتی بەهێزی حوکمی حیزبی دەستەڵات و لاوازی خۆیان نەیانتوانیبێت ئەم دەروازانە بکەنەوە ، ئەوا ئێستا بە هۆی گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی عێراق و گۆڕانی نەخشەی ململانێ هەرێمایەتییەکان ، زەمینەیەکی گونجاو بۆ چالاکبوونی ئۆپۆزسیۆن ڕەخساوە ، لەم نێوەندەدا، کۆمەڵ و یەکگرتوو بەپێی ئەزموونی ڕابردوویان ناتوانن لە بازنەیەکی بچووک گەورەتر ببن.

ئەوەی ئەمڕۆ هەڵگری جۆرێکی سەرەتاییە لە ئۆپۆزسیۆنی بەپێز، تەنها ڕەوتی هەڵوێستـە ، لەبەر چۆڵبوونی ساحەکە لە دەنگی ناڕازیی ، ئەرکێکی زۆر قورستر لەوەی خۆیان دەیبینن کەوتووەتە سەر شانیان ، بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە، دەبێت ڕەوتەکە ئاگاداری ئەم خاڵە جەوهەرییانە بێت:

١-فراوانکردنی ڕووبەری چالاکی: نابێت تەنها لە سنوورێکدا قەتیس ببن ، دەبێت چالاکییەکانیان بکەنە فرەمینبەر و تەواوی ئەو پارێزگا و ناوچانە بگرێتەوە کە کوردستانییان تێدا نیشتەجێیە ، بەجۆرێک هەر پارێزگایەک گروپ و مینبەرێکی تایبەت بە کێشە لۆکاڵییەکانی خۆی هەبێت.

٢-تێپەڕاندنی سۆشیال میدیا: نابێت کارەکانیان تەنها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چڕ بکەنەوە ، بەڵکو پێویستە ڕاستەوخۆ بچنە ناو جەماوەر لە ڕێگەی سیمینار، کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ، و دیداری پیشەیی چالاکی بکەن.

٣-داڕشتنی پلاتفۆرمی حکومڕانی: دەبێت ئەجێندا و بەرنامەی ڕوونیان بۆ حکومەتی بەدیل دیار بێت و لە تەواوی سێکتەرەکاندا پلاتفۆرمی کارکردنیان هەبێت.

٤-گۆڕینی گوتار: نابێت گوتاری سیاسی تەنها لە ڕەخنەگرتندا بوەستێتەوە، بەڵکو دەبێت وەربچەرخێت بۆ خستنەڕووی ئەلتەرناتیڤی جێبەجێکراو.

٥-داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان: کارکردنی جددی بۆ دەستبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە بەغدا لە ڕێگەی دەستوورەوە.

٦-پەڕینەوە لە دروشمی دژەگەندەڵی: دەبێت دروشمەکان لە "دژایەتی گەندەڵی"یەوە بگۆڕدرێن بۆ "گۆڕانکاریی ڕیشەیی"؛ چونکە ئەگەر کارەکە تەنها لە سەرکۆنەکردنی گەندەڵیدا بوەستێتەوە، لە قۆناغێکدا سەقفی داواکارییەکانی خەڵک کۆتایی بەو گوتارە دێنێت.

٧-کەڵکوەرگرتن لە دیاسپۆرا: ڕێکخستنی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات، وەک خاڵێکی بەهێز بۆ لۆبیکردن و پشتیوانیکردنی پڕۆژەی گۆڕانکاری.

ئێستا ڕەوتی هەڵوێست لەسەر دوو ئاراستەی ژیرانە کار دەکات ، ڕەخنەی ناوخۆیی و بەکارهێنانی هێزی دەستووری لە بەغدا ، بەڵام هاوتا بەو لێپرسراوێتییە گەورەیەی دەکەوێتە ئەستۆیان ، دەبێت بەرنامەی جیاوازتر و کاراتریان هەبێت تا بتوانن وەڵامدەرەوەی ئاڵوگۆڕەکانی ئەم قۆناغە بن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن