319وتار

پێشمەرگە دێرینەکان وەک گوناهبارترین نوخبەی ئێستا

2/26/2023 9:39:00 PM
بەختیار نامیق


شۆڕش ئەگەر بریتی بێت لە قۆناغێک بۆ هەر نەتەوەیەک و لەم قۆناغەی شۆڕشیشیدا قۆناغی پارتی زانی و شۆڕشی چەکداری و شاخەکان سەختترین قۆناغی ئەم شۆڕشانە بوبێت ئەوا دەبێت بارتەقای ئەو سەختیانە پێوەری ماندوبونی هەر پێشمەرگەیەک ببینرێت لەهەر ئاستێکدا بوبێت ، بە تایبەت دوای تەواو بونی قۆناغی شاخ و چەکداری و دەست پێکردنی قۆناغی شار و دەوڵەتداری و دەستوری و کارگێڕی و یاسایی و هەمو دامەزراوەکان ، کە دەبێتە بەرهەمی ئەو پێشمەرگە دێرینانە کە هەر یەکێکیان بە بەرهەمی ڕەنج و ماندوبونی خۆی دەزانێ و وەک بەرپرسیاریەتی مەبدەئی خەباتی لە پێناودا کردوە .

دوای ڕۆشتنی تەمەن بۆ هەر پێشمەرگەیەکی دێرین دەکرێ یەک دنیا حیکایەتی سەیر هەبێت کە ڕودانیان ڕێک لە فیلمی خەیاڵی دەچێ ، هەر پێشمەرگەیەکی دێرین بدوێنی زاکیرە و مێشکی پڕە لە سەرما و گەرما و شەونخونی و جەنگ و خوێن و ماڵوێرانی و شەهید بونی هاوڕێکانی  کە دەکرێ سەدان ڕۆمانی لەسەر بنوسرێت ، هەر کامیان بگری پڕە لە یادەوەری سەنگەری بەرگری و خوێنی هاوڕێ شەهیدەکانی و زیندان و دەیان هاوڕێی کەمئەندام بوی سەنگەری هاوڕێی ، کە ئەمە بۆ خۆی دەکرێ وەک قۆناغێک بە سەرەوەری نیشتمانی و مێژویەکی پڕ شکۆ بچێتە ئەرشیفی نەتەوەیەکەوە.

ئەم پێشمەرگە دێرینانە لە قۆناغەکانی شاخدا سەرکردەکانیان وەک کاریزما سەیر دەکرد و بە کرداریش زۆرینەیان کاریزمای بواری خۆی بوە ، بەڵام با بپرسین ئەی ڕای پێشمەرگەی دێرینی ئێستا چیە ..؟

زۆرینەیان پڕن لە گلەیی و پڕن لە توڕەیی و بەرامبەر بەو سیستەمەی کە پێشمەرگەی دێرین پێی وایە کە ئەو لەم پێناو ئەم جۆرە لە حکومڕانی خەباتی نەکردوە و قوربانی نەداوە ، نەک هەر پێشمەرگەی دێرین لە پەنای ئەماندا قوربانیانی کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵبجە و کارەساتەکانی تر هەمان قسەیان هەیە ، بە واتایەکی تر کۆڕایەکی گشتی هەیە لە پەنای ڕای نوخبەی پێشمەرگەی دێریندا سەبارەتە بە ( نەبونی دامەزراوەیی و سەرەوەرنەبونی یاسا و دروستبونی جیاوازی چینایەتی و دەیان پرسی تر و لەسەرو هەمویانەوە بە بنەماڵەیی کردنی کۆی سیستەمی حکومڕانی )

ئا لێرەوە با بپرسین ئەی بۆچی کوێرانە ناوزەندیان بکەین بە گوناهبارترین نوخبە و گروپ بەرامبەر ئەم دۆخە ، تا ئێستاش دوای گەورە بونی نەوەی هەشتاکان و نەوەدەکان و دوهەزارەکان و دوای ٣٢ ساڵ حکموڕانی تا ئێساش زۆرینەی جومگە گرنگەکانی دەستەڵات بە دەست نەوەی یەکەم و دوەم و سێیەمی پێسمەرگە سەرکەردە دێرینەکانەوەیە ، بەڵام نەتوانراوە حکومڕانیەکی ڕەشید بەرهەم بهێننرێت و ئەوەی لە بیروباوەڕی پێشمەرگەی دێرینی شاخ و خەیاڵی شەهیدەکاندا هەبو بەرهەم بهێنرێت بە تایبەت عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئەوەشی وەک پێشمەگەی دێرین ماوە پڕە لە گلەیی و ڕەخنە لەم دەستەڵاتە .

ئەگەر ئەم دەستەڵاتە بەرهەمی پێشمەرگەی دێرین بێت ئەوا هەر کەم و کوڕییەک هەبێت خاوەن بەرهەم گوناهبارە ، ئەم پێشمەرگە دێرینانە لە ئێستا ئەگەر چی هێزی جەستەییان لاواز بوە بەڵام تا ئێستا پڕن لە ئەزمون و خاوەن کارگەی ئەم بەرهەمەی ئێستان ، گرفتەکە لەوەدایە و گوناهەکە لێرەدایە کە ناتوانن ببنە گوشاری جدی و بەرپرسانی ئەم حکومڕانیە ناچار بە گۆڕانکاری بکەن و ناتوانن سەرکردە دروست بکەن و ڕێکخستنی بەهێزیان هەبێت و جارێکی تر بۆ قۆناغی ئێستایان ببنە داینەمۆی شۆڕشێکی تر و هێزی مرۆیی و گەنج بە پێی ئەزمونیان ڕێک بخەن و باری لاری بەرهەمی شۆڕش ڕاست بکەنەوە و یان ڕیفۆرمی گشتی لە هەمو دەستەڵاتدا بکەن ، یان بتوانن بەدیلێک بۆ ئەم دەستەڵاتە دروست بکەن لە کاتێکدا لە ئێستادا ئەم دۆخە پڕ کارەساتەی دەستەڵات (ئەگەر چی هاوکێسەی ناوچەیی و جیهانی هۆکار بو) بەڵام بە بەرهەمی شۆڕشگێڕەکانی شاخ ناودەبرێت ، کەواتە لە ئێستادا هەر کەموکوڕیەک لە دەستەڵاتدا هەبێت بە پلەی یەکەم پێشمەرگەی دێرینی ماندو ومەبدەئیەکانی شاخ لێێ بەرپرسن و دەچێتە خانەی گونهابارترین نوخبەوە وەک خاوەن ئەو کارگەیەی کە بەرهەمی خراپ بەرهەم دەهێنێت

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن