بۆ گلەیی لە بارزانی دەکرێ؟
8/23/2021 7:16:00 PM
ئاسۆ حاجی
زۆر جار ئەو گلەییانە ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکرێن، کە گوایە پێویستە تەنها
وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێست وەرنەگرێ و لێدوان نەدات، زۆربەی ئەو
گلەییانە لە کەسانێکی غەیرە پارتی دەبیسترێن و رۆژ بە رۆژ لە زیاد بوون دان.
دوای راگەیەندراوەکەی سەرۆک بارزانی دەربارەی دۆخی نوێی ئەفغانستان و دڵنیاکردنەوەی
خەڵکی کوردستان لەوەی هەرێمی کوردستان هەمان چارەنووس چاوەڕوانی ناکات، لە کاردانەوە
جیاوازەکاندا دیسان ژمارەیەک هەمان گلەییان لە سەرۆک بارزانی کردەوە، کە پێویستە بە
ناوی هەمووان قسە بکات و تەنها وەک سەرۆکی پارتی نەبێت.
ئەو گلەییانە لە کەسانێک و هەندێک لایەن دەکرێن کە رکابەر و نەیاری پارتی دیموکراتی
کوردستانن، بۆیە هەندێک لە کادیرانی پارتی بە قسەکانیان نارەحەت بووینە و بە توڕەیی
وەڵامیان دەدەنەوە، دڵنیام ئەو پەرچەکردارە خێڕایە و ئەو توڕەییە لێناگەڕێ وێنەکە
بە تەواو ببینن و بە دروستی لە پەیامی پشت گلەییەکان بگەن.
کاتێک پەڕلەمانتارێکی یەکگرتوو، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی یان گۆڕان، سەرکردەیەکی
کۆمەڵی ئیسلامی و کەسانی دیکەی ناو حیزبەکان داوا لە مەسعود بارزانی دەکەن، بە ناوی
ئەوانیشەوە هەڵوێست وەربگرێ و لێدوان و راگەیەندراوەکانی شانازییە مێژوویەکانی حیزبەکانی
ئەوانیشی تێدا بێت، کاتێک جولانەوەی نەوەی نوێ یان هەر لایەنێکی دیکەی سیاسی هەمان
داوا دەکەن، تەنها راستەقینەیەک لە پشت ئەو گلەیی و داواکاریانەوە هەیە، کە مەسعود
بارزانی وەک هەبوون و کەسایەتی گەورەترە لەوەی لە چوارچێوەی حیزبێک پێناسە بکرێ، بە
تایبەتی لەو قۆناغەدا کە کوردستان پێویستی بە کەسایەتیەکی کاریزماتیک و کاریگەر هەیە،
کەلێنی رابەر و سەرکردە کۆچکردووەکانمان پڕبکاتەوە و لاباری کەوتوومان راست بکاتەوە،
وەک مەرجەع و چەتری کۆکەرەوەی هەمووان رابەرایەتی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان
بکات تا بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی دەگات.
ئەوەی ئەو جوامێرانە لە رێگای گلەییەکانیەوە داوای دەکەن، بۆ پارتیەکان دەبێ
جێگای دڵخۆشی بێت نەک دڵڕەنجان، چونکە ئەوەی پارتیەکان لە کەسایەتی سەرۆک بارزانیان
دەبینی، ئەوە بەشێوەیەکی خۆڕسک و لە سەر ئاست و رووبەرێکی فراوانتری نەتەوەیی و نیشتیمانی
دەڕسكێ و دەبێتە راستەقینەیەک، کە بارزانی لێڤەگەڕ(مەرجەع)ی کوردستانیانە و ئەو پێگە
و وەسفە خەڵک پێی دەبەخشێ نەک بەخۆی داوای کردبێ و داوای بکات، چونکە هەڵویستی
بارزانی لەو بارەیەوە روون و ئاشکرایە، لە کاتی وازهێنانی لە سەرۆکایەتی هەرێمی
کوردستان، بارزانی بەو شێوەیە پێناسەی خۆی کرد:"من پێشمەرگە بووم و هەر بە پێشمەرگایەتیش
دەمێنەوە"، هیچ ناو و نازناوێکی دیکەی لە خۆ نەنا و بەهیچ وشە و دەستەواژەیەکی
دیکەش وەسفی خۆی نەکرد.