لە شەڕی چاکسازی یەکێتی بێدەنگترین بوو
12/12/2019 4:57:00 PM
ئاسۆ حاجی
یەکێتی نەک شەڕی بڕگە و مادەکانی پڕۆژە یاسای چاکسازی نەکرد
بەڵکو بێدەنگترین و شەرمنترین کەسانی ناو ئەنجوومەنی وەزیران بوون،نەک لەبەر ئەوەی
تێبینیان لەسەر پڕۆژەکە نەبووە کە رەنگە هەندێکیان عەقڵیان بە هەندێک کێماسی ناو
پڕۆژە یاساکە هەبووبێت بەڵکو لەبەر ئەوە بوو کە گەندەڵی و موفتخۆریان زۆر بووە
توانای بەرگریان لەو هەموو ناهەقیە نەبووە کە زیاتر لە بیست ساڵە بەناوی حوکمڕانی
و بەشبەشێنە لە گەنجینەی حکومەتی دەقاچنەوە و دەیکەنە گیرفانی کۆمپانیا شەخسیە
بەناوی حیزبەکانی خۆیان.
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە گفتوگۆکردن و
بڕیاردان لەسەر پڕۆژە یاسای چاکسازی زۆربەی وەزیرەکانی یەکێتی زۆر بێدەنگبوون.
تەنانەت هەفتەی رابردوو قوباد تاڵەبانی زۆر داوای لە مەسرور بارزانی کرد ئەو پرسە
نەخاتە ناو کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران. تا ئەو و تیمەکەی
دەرچەیەکی شیاو دەدۆزنەوە کە زیان بە ناوبانگی یەکێتی(وەک خۆی گوتی)نەگەیەنێت.
سەرۆک وەزیران بۆ دڵڕاگرتنی ئەوان و نیشاندانی کڕۆکی پڕۆسێسەکە
لەوەی کە نیازی لێدان و زیان گەیاندن بەهیچ لایەن و حیزب و کەسێک نیە و تەنها
ئامانج ئەوەیە کە ئەگەر دۆلارێک بۆ داهاتی گشتی بگەڕێتەوە و تەنیا خەڵکی شایستە بە
پێی یاسا مافیان پێ بدرێت. ئەوە هەمووان سەرکەوتوو دەبن. بۆیەشە لە دانیشتنی ئەمڕۆ
کە زۆربەی وەزیرەکانی یەکێتی هێمن و بێدەنگ بوون و هیچ شەڕیان نەکرد وەک هەندێک
رۆژنامەنووسی بێ ئاگایان دەیانەوێ بەو پروپاگەندانە خەڵک چەواشە بکەن.
هەندێک وەزیری گۆڕانیش بە پێچەوانەی بانگەشەکانیان داوای
مانەوەی ماف و ئیمتیازاتی وەزیر و خاوەن پلە باڵاکانیان دەکرد و دەیانگوت نابێ لە
ژێر فشاری شەقام ئەو ئیمتیازاتانە هەلبوەشێنیەوە“ !!
ئەوەی تیمی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە
پڕۆژە یاسای چاکسازی کاریان بۆکرد و هەوڵیان بۆدا و پێداگیریان لێی کرد دواخستنی
بڕیاردان بوو لە سەر کۆی پڕۆژە یاساکە بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە بەو بیانووەی کە کات
درەنگە و ناتوانن بە چەند کاتژمێرێک خۆیان لە بەرامبەر هەموو بڕگەکان یەکلا
بکەنەوە بەڵام ئەو داوایەشیان لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەوە وەڵام
درایەوە کە ئەو ئامادەیە شەویش بمێنێتەوە و دەبێ ئەمڕۆ پڕۆژە یاسای
چاکسازی تەواو ببێت و ئامادە بکرێت بۆ ناردنی بۆ پەرلەمان ، لە کۆبوونەوەی
ئەمڕۆی ئەنجومەنی ڤاڵا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەڕلەمان پڕۆژەکە
خوێنرایەوە و زۆربەی تێبینییەکانیش لەلایەن ئەوەوە پێشنیار کرابوون . بەر لەو
کۆبوونەوەیە سەرجەم لایەنەکانی ناو حکەمەتی لەو هەموارکردنەوانە ئاگادارکردۆتەوە.
ئێستا کە پڕۆژە یاساکە کە حکومەت دەنگی لەسەر داوە و رەوانەی
پەڕلەمان کراوە رەنگە هەندێک باڵ و گروپی ناو حیزب یان ناوچەیەکی جوگرافی
دیاریکراوی گچکۆکە وەک کەرستەیەکی کاریگەر بۆ شکاندنی باڵێکی ناو حیزبەکەی یان
حیزبێکی ناوچەکەی بەکاری بێنێ و بیکەنە مادی یەکتر شکاندن لە پێناو دەسکەوتی کەسی
و حیزبی لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی تەنها ئەوەمان وەبیر دێنؽتەوە کە گروپێک
هەبوون و هەن لە پێناو هەندێک دەسکەوتی شەخسی و گروپی ئامادەن نیوەی کوردستان
رادەستی دوژمنان بکەنەوە تەنها بۆ ئەوەی مل بۆ برایەکانیان نەدەن.. .
کۆبوونەوە و گفتوگۆ و هەڵوێست وەرگرتنی لایەنەکان لە بەرامبەر
پرسی گەندەڵی و ناعەدالەتی ئەوەیان سەڵماندووە کە گفتار بڕی زۆترە بووە لە
کردار،بەڵام ئەوەی لەمەودوا چاوەڕوان دەکرێ لە کابینەکەی مەسرور بارزانی تەواو
پێچەوانەیە کە:کردار مەرجە نەک گفتار"٠
بۆیەشە ئەوانەی لەگەڵ ئەو فەلسەفەی کارکردنە یەکانگیر نابن و
یەکناگرنەوە ئاساییە ئاراستەیەکی دیکە هەڵبژێرن لە بەرگریکردن لە گەندەڵی و بە
هەدەردانی سامانی گشتی و کورتکردنەوە و کۆکردنەوەی قازانج و دەسکەوت و خۆشی و
خۆشگوزەرانی لە بازنەیەکی بچووکی ماڵباتە سیاسی و کەسانی دەسەڵاتدار و خاوەن پۆست
و پێگەی حکومی یان ئابووری و کۆمەڵایەتی.
بە کورتیەکەی پڕۆژە یاسای چاکسازی و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی کە
گەشترین و گرنگترین خاڵی ناو کارنامەی کابینەکەی مەسرور بارزانیە چاوەڕوان ناکرێ
کە حیزبەکان بە گوڵ باران پێشوازی لێ بکەن بەڵام گومانی تێدا نیە لە سەر ئاستی
میللی پێشوازی لێ دەکرێت و دەکرێتە بناغەی دامەزراندنی دەسەلاتێک کە شایەنی
قوربانیەکانی زیاتر لە سەت ساڵی میللەتێک بێت لە پێناو سەربەخۆیی و ئازادی.