640وتار

دوای سەردانەکەی بارزانی بۆ سلێمانی

11/27/2019 11:39:00 AM
ئاسۆ حاجی


دلنیام بۆ زۆربەی کوردستانیان بە تایبەتی بۆ ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی و گۆڕان و تەنانەت پارتیەکانیش سەردانیەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەر گلکۆی نەوشیروان مستەفا و مام جەلال جێگای تێڕامان و پرسیارە،یەکێتی و گۆڕانەکان رەنگە وێنەیەکی نوێ و مۆدێلێکی تازەیان لە سیاسیەکی کورد هەست پێ کردبێ کە جورئەت و توانای تەجاوزکردنی هەستیارترین قۆناغ و سارێژکردنی قوڵترین برینی هەبێت لە جستەی بزووتنەوەی کوردایەتی کە نەک تەنها باشور بەڵکو پارچەکانی دیکەی کوردستانیش باجەکەی دەدەن.

ئەوەی نێچیرڤان بارزانی کردی و دەیکا دەبوایە نەوەی پێشوتر بیکەن لە تەجاوزکردنی عەقلیەتی یەکتر نەخوێندنەوە و دەربازکردنی قۆناغی عینادی سیاسی و بەرچاوتەنگی حیزبی کە زادەی ئەو ئینشیقاقە بوو کە لە سەرتای ساڵانی شۆڕشی ئەیلول روویدا و باڵی مەکتەبی سیاسی کە دواتر بە جەلالی ناسران لە دژی مستەفا بارزانی رابەری شۆڕشەکە ئەنجامیاندا.

لە ژیانی سیاسی نێچیرڤان بارزانی ئەوە کارێکی نوێ نیە و رەنگە کاریگەری کەسایەتی و دونیابینی ئیدریس بارزانی باوکی بێت کە لە زۆر رووەوە لە سیاسیەکانی دیکەی جیا بکاتەوە کە زیاتر وەک پیاوی چارەسەر بناسرێ نەک گرفت دروستکەر.
لە دوای کارەستای شازدەی ئۆکتۆبەر کە کورد لە شکەست بوو و عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێڕاقیش بە خۆشاوی داگیرکردنەوەی کەرکوک و هەولدانی بۆ لەناوبردنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان سەرخۆش ببوو و وەک پاڵەوان لە وڵاتان دەگەڕا و رۆژ نەبوو هەڕەشەی نوێتر و زیاتر لە کوردستان و مافە دەستوریەکانی نەکات،نێچیرڤان بارزانی جیاواز لەو سیاسەتە تقلیدیەی سیاسیە شەڕقیەکانی پێ دەناسرێنەوە بە سیاسەتێکی نەرم و حەکیمانە و کاریگەر لە سەر ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی دونیا نەک هەر توانی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان بپارێزی بەڵکو عەبادی و حکومەتەکەشی ناچاری دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ کرد بەبێ ئەوەی گچکەترین سازیش لەسەر مافە دەستوریەکانی گەلی کوردستان بکات،ئەو کات ئەو هەڵوێست و جولە و سیاسەتانەی نێچیرڤان بارزانی بووە جێی سەرنجی زۆر لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و زۆر نووسەر دەربارەیان نووسی و سیاسەتڤانی ئەوروپی قسەیان دەربارە کرد بەوەی کە ئەوان کەسایەتی و عەقڵیەتێکی نوێ دەبینن کە لە سیاسیەکانی شەڕقی جیاوازە.

بەهێزبوونەوەی سیاسیانەی هەرێمی کوردستان کە چاوەڕوان دەکرێ لە رووی ئابوریشەوە بەهێز بؽتەوە بە پێچەوانەی بەشەکانی دیکەی عێراق بەرهەمی ئەو عەقلیەتە و دونیابینیەیە،ئەوەش هۆکارە کە جارێکی دیکە هەولێر وەک ناوەندێکی گوؽ لێگیراو و حیساب بۆکراو بگەڕێتەوە ناو هاوکێشەی داڕشتنەوەی سیاسەتەکانی ناوچەکە،ئەوەش بە تەواوی لە سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس بۆ هەولێر دیار بوو بە تایبەتی کە بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاند کە ئەوان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وەک مەرجەعیەتی کوردانی ناوچەکە تەماشا دەکەن و مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

بۆ ئەو قۆناغە قوڵکردنەوەی ئەو مۆدێلە لە سیاسەت کردن بۆ بە کلتور بوون خزمەتێکی گەورە بە هەرێمی کوردستان و دۆزی گەلی کوردستان لە پارچەکانی دیکە کوردستان دەکات بە تەجاوزکردنی عینادی سیاسی و بەرژەوەندی تەنگی حیزبایەتی و گۆڕینی ئەو چەمکانە بە چەمکی کرانەوە بەسەر یەکتردا و قوڵکردنەوەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی،کە بەرهەمی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و دونیابینی نێچیرڤان بارزانیە.
تەجاوزکردنی قۆناغی دووبەرەکی و دابەش بوون بەسەر بەرژەوەندی وڵاتان و لەبیرکردنی بەرژەوەندیەکانی خۆمان.

ئەو پرسیارانەی لە دوای ئەو سەردانیە مێژوویەی نێچیرڤان بارزانی بۆ شاری سلێمانی لە پێناو ئاشتکردنەوەی دوو هێزی سەرەکی و رکابەری ئەو شارە دروست بوون پێویستیان بە وەڵامی هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان هەیە چونکە ئەوانەی پرسیار و داوای خەڵکن،پرسیاری ئەوەی ئایا لایەنەکان شوێن پێی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵدەگرن یان لە سەر عینادی خۆیان بەردەوام دەبن،داوای خەلکیش لەوەتەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان هەیە ئەوەیە کە پێویستە هەموو یەکگرتووبن و بەرژەوەندی نیشتیمان لە سەرووی بەرژەوەندی حیزب دابنێن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن