وتار

هەڵوؽستەکەی سەرۆکی پەڕلەمان

5/14/2020 7:10:00 PM 180 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجی



بەداخەوە سەرۆکی پەڕلەمان لە جیاتی پابەند بوون بە پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمان فەرمانی حیزبی جێبەجێ کرد،لە جیاتی سەرۆکی پەڕلەمانی هەموو کوردستانیان بؽت تەنها نوێنەرایەتی کردنی حیزبەکەی هەڵبژارد و وەک کادیرێکی گوێڕایەڵ فەرمانەکانی سەرووی خۆی جێبەجێ کرد لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی حیزبەکەی و لە خۆ رازیکردنی هاوسەرۆکە نوێیەکانی لە جیاتی پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی خەڵکی کوردستان، لە جیاتی ببێتە بەشێک لە چارەسەری بووە ئامرازێک بۆ قوڵکردنەوەی کێشەکان.

لێدوانەکانی رێواز خان لەوەی تا شکۆ بۆ پەڕلەمان نەگەڕێتەوە و دانیشتنەکان لەبەرژەوەندی خەڵک نەبن بانگی پەڕلەمانتاران ناکات بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە لە خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارێتی و گچکە کردنەوەی پۆستەکەی و ئەرکەکەی وەک نوێنەری خەڵک بۆ بەرژەوەندی حیزبەکەی زیاتر نیە و ئەو بڕیار و هەنگاوەشی رێک لەگەڵ پیلانی حیزبەکەی یەکدەگرێتەوە کە هەموو توانایان خستۆتە کار بۆ پەکخستن و رێگری کردن لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە پەڕلەمان بڕیاری لێداوە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژوی لەسەر کردووە و پێویستە بکەوێتە واری جؽبەجێکردن.

لەوە دەچێ سەرۆکی پەڕلەمان هەوڵ بدا ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکان و هەبوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەڕلەمانتارێک لەو گرژی و ململانێ سیاسیانە ببەستؽتەوە کە لە نێوان حیزبەکاندا هەیە بە تایبەتیش لە نێوان یەکێتی و پارتی و گۆڕان،بەو کارەشی هەوڵبدا خۆی لە بڕیاربەدەستە نوێیەکانی حیزبەکەی نزیک بکاتەوە،چونکە ئەوان رؽگر بوون لەوەی رێواز خان ببێتە سەرۆکی پەڕلەمان و دواتریش لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا بە تەزکیە ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی،بۆیە هاتنە پێشی ئەو دۆخە ئەگەر بە دەستی ئەویش نەبێت ئەوە بە دڵی ئەوە بۆ ئەوەی لە ناو حیزبەکەشیدا چیدیکە لەسەر ئەو باڵە لاوازە حیساب نەکرێ کە پێشتر بۆ دڵ راگرتنێکی کاتی سەرکردەکەیان رازی کرد.

دەرفەتێکی باش بۆ رێواز خان رەخسا بوو کە وەک ئافرەتێک مودێلێکی سەرکەوتووی سەرۆکایەتی کردنی گرنگترین دامەزراوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان نیشان بدا و ببؽتە هاندەرێک کە حیزبەکان بۆ ناوەندەکانی دیکەش چاویان لەسەر ئافرەتانیان بێ،نەک لە یەکەم تاقیکردنەوەی جدی و هەستیار ئەوەمان نیشان بدا کە تەنها درێژکراوەی عەقڵیەتی نێری حیزبە و پیاوانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە شەخسی و حیزبیەکان هەموو کارێک دەکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement