وتار

هەولێر لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە

5/30/2020 1:03:00 PM 253 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجی

گرەو کردن لە سەر هەولێر تازە نیە بەڵام ئەوە تازەیە دوو گرەوی جیای لە سەر دەکرێ،ژمارەیەک حیزب چاویان لەوەیە هەولێر بکەنە خاڵی وەستاندن و ترساندنی حکومەت و ساردکردنەوەی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی یان لایەنی کەم حکومەت ناچار بکەن بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیە حیزبیەکانیان ئەو یاسایە جێبەجێ بکات،لەلایەکی دیکەشەوە حکومەت و پارتی کە زۆرینەی پەڕلەمان پؽکدەهێنێ و سەرۆکایەتی حکومەتی لایە دەیانەوێ هەولێر وەک دەنگ و نوێنەری خەڵکی کوردستان ئامادەیەکی کاریگەری هەبێت لە فشار دروست کردن بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزگەلەی هەوڵ دەدەن داخوازی زۆرینەی خەلکی کوردستان و باشترین هەنگاو بۆ سنووردانان بۆ دیاردەی گەندەڵی و بە هەدەردانی سامانی گشتی و بردنی داهات و پارەی میللەت بۆ گیرفانی کادیرەکانیان کە بە ناهەق و نایاسایی موچەی حکومەت یان خانەنشینی پلەی تایبەت وەردەگرن بەبێ ئەوەی رۆژێک کارمەند و فەرمانبەری حکومەت بووبن.
وەک هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستانیش لە بەردەم بەرپرسیاریێتەکی مێژووی و یەکلاکەرەوە دان لە سەرخستنی ئیرادەی خەڵک و شکستهێنان بە بەرەی گەندەڵکاران و موفت خۆرەکانی حیزبەکان بهێنن،یان ئەگەر ئەو بەرەیە سەرکەوت ئەوە ئامانجی چاککردنی باروگوزەرانی خەڵک و نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر داهاتی گشتی دەبێتە تەنها بەیت و بالورە و دەبی هەر بۆ یەکدی بیڵێینەوە.
ئەو حیزبانەی کە هەوڵی رێگری کردن دەدەن لە بڕینی خانەنشینی نا یاسایی و نەهێشتنی دوو و سێ موچەیی،خەریکی کۆکردنەوە و هاندانی ئەو لەشکرەن لەو هەزاران هەزار کەسانەی بە نایاسایی موچە وەردەگرن و پلە و موچەی بەرزیان هەیە لە پەنای کۆمەڵێک دروشمی بەتاڵ،ئەو حیزبانە کە بە درێژایی سەری زمان و بنی زمانیان تۆمەتبارکردنی حکومەت بوو بە گەندەڵی و وایان نیشان دەدا کە پارتی رێگرە لە بەردەم چاکسازی،بەڵام ئێستا کە پڕۆژەی چاکسازی لە پەڕلەمان دەنگی لەسەر دراوە و حکومەت بڕیاری جێبەجێکردنی لە زووترین کاتدا دەرکردوە،هەر ئەو حیزبانە هەموو کارێک دەکەن ق هەموو شتێک دەڵێن بۆ رێگری کردن لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە کە خێری خەڵکی هەژار و چینی مامناوەندی و موچەخۆرانی تێدایە.
ئەو حیزبانە کە ترسی گەورەیان لەوەیە ئەو خەڵکانەی چەندین ساڵە بە موچەی مفت و پارەی گەندەڵیان راگرتوون لێیان بتەقنەوە و چیدیکە لە هەڵبژاردنەکان دەنگیان پێنەدەن،هەروەها ئەو هەموو دەزگا میدیاییەو میدیاکارانەشیان لە دەست دەچن کە وەک کەرستەی شەڕی حیزبی و تەسفیەکردنی حیسابە سیاسیەکان بەکاریان هێناون و زۆرینەیان بە پلەی بەرزی وەزیفی یان سەربازی خانەنشین کردوون،لەلایەکی دیکەشەوە کە پڕۆژەی چاکسازی جێبەجێ بکرێ حکومەت بەبێ کێشە و دواکەوتن دەتوانێ موچەی موچەخۆرانی موستەحەق بدات و دەستی بە پرۆژە خزمەتگوزاریەکانیش رابگات و لەوانەش گرنگتر دەستی لەبن سەری بەغدا دێتە دەرێ و چیدیکە ئەوەندە منەتی هەڵناگرێ،بەوەش ئەو حیزبانە چیدیکە ناتوانن ئەو پرسانە وەک کەرستەی میدیایی و ئامرازی هاندانی خەڵک لە دژی حکومەت و مافدان بەخۆیان بۆ دەست دۆیی کردن بۆ بەغدا و هەوڵدان بۆ بێهێزکردنی کوردستان لە بەرامبەر دەوڵەتی عێڕاقی داگیرکەر.
گرەوی ئەوجارەی هەولێر یەکلاکەرەوەیە و وەک هەموو جار بە بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوەدەیباتەوە لە بەرژەوەندی خەڵک و موچەخۆران و راستکردنەوەی هەموو ئەو هەلە و زێدەڕۆیانەی حیزبەکان لەسەر داهاتی گشتی و گەنجینەی حکومەتیان کردوە،نیەتی ئەو حیزبانەش کە دەیانەوێ هەولێر بکەنە کەرستەی وێران کردنی ئەو قەوارە دەستووریەی کە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی زیاتر لە سەت ساڵی گەلی کوردستانە،زیاتر نیە لە  گرەو کردن لەسەر ئەسپی تۆپیو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement