مافیاکان، کێن؟
2/2/2020 3:18:00 PM
ئاسۆ حاجی
هاوڕێیەکی ئەوروپیم هەیە لە یەکێک لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە کار دەکات و
جاروبار سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و یەکدی دەبینین، جارێکیان شتێکی بۆ
باسکردم و ئەوڕۆ دوای روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتی حکومەت دەربارەی گرفت دروست کردن
بۆ گەیشتنی گازی شل بە هەولێر و دهۆک لەلایەن کەسانی دەست رۆیشتوو لە دەڤەری سلێمانی
و گەرمیان قسەی ئەو برادەرە ئەوروپیەم وەبیرهاتەوە.
زیاتر لە ساڵێک پێش ئێستا لەگەڵ ئەو برادەرە گفتوگۆمان دەربارەی حکومڕانی
کوردستان و چۆنیەتی مامەڵەکردنی حیزبەکان لەگەل حکومەت دەکرد، ئەو بۆی باسکردم کە
برادەرێکی نزیکی ئەو کە لە دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی لە کوردستان بۆ ماوەیەک کاری
کردووە بەراوردێکی سەرنج راکێشی لە نێوان دەسەڵات لە هەولێر و سلێمانی بۆ کردووە،ئەو
کەسە پەیوەندی و کاری لەگەڵ دەزگاکانی هەواڵگری و ئاسایشی کوردستان هەبووە،گوتوویەتی
کارکردن لە دەڤەری سلێمانی بۆ ئێمە زۆر خۆشتر و ئاسانتر لەوەی هەولێر چونکە هەر کەسێکمان
بوێ تەنها ناوەکەی بدەینە دەزگا پەیوەندیدارەکان بەبێ سێ و دوو بێ پرسیارکردن کەسەکەمان
بە قۆلبەست کراوی بۆ دێنن و ئەگەر بمانەوەێ هەر لەناوی ببەن بەبێ پرسیار کردن کارەکە
ئەنجام دەدەن،تەنها بۆ ئەوەی باڵادەست بوون و هێزی خۆیانمان نیشان بدەن،بەڵام لە هەولێر
داوای لەو شێوەیە توشی هەزاران پرسیار و لێکۆڵینەوەت دەکا و بەبێ بریار دادگا کەس
ناتوانێ کەسێکی دیکە دەستگیربکا یان هەڵبکوتێتە سەر ماڵان،ئەوەشی لە قسەکانی زێدە
کرد کە لە هەولێر ئەگەر داوای کەسێک بکەی ئەوە یەکسەر داوای دۆسیەکەت لێ دەکەن و بەخۆیان
مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا دەکەن.
ئەو کات قسەکانم بە هەند وەرنەگرت و گوتم چونکە دەزانێ نێوانی هەولێر و سلێمانی
سیاسەت تێکی داوە و کەسانێک بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەر دوولا بۆ دژایەتی هاندەدەن و
خەڵکی ئەو دوو شارە تا رادەیەکی زۆر کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەو گوتارەی رک وەبەردێنێ،بۆیە
ئەو قسانە دەکات.
بەڵام ئێستا کە دەزانم مافیاگەلێک دەستیان دەچێتە بڕینی گاز بۆ بەشێکی وڵاتەکەیان
و میللەتەکەیان ئەوە ناچارم دەستبەرداری لێکدانەوەکەم بم و ددان بەو راستەقینە تاڵە
دابنێم کە برادەرە بیانیەکەم بۆی باسکردم و دەزانم ئەوەی حکومەت دەیڵێ راستە و چەند
کەسێکی مافیا گرفت دروست دەکەن بۆ ئەوەی گازی شل بگاتە هەولێر و دهۆک.