1154وتار

بارزانیەکان و تیرۆر

7/18/2019 7:59:00 PM
ئاسۆ حاجی

"زەمەن"

لە عەقیدەی بارزان کوشتنی ئاژەڵیش رێگە پێدراو نیە نەک مرۆڤ،بیروباوەڕی تەکیەی بارزان لە سەر سێ خاڵ بنیاتنراوە،خواپەرستی و خاکویستی و مرۆڤدۆستی. ئەو باوەڕە کلتورێکی بەرهەمهێناوە کە هەمیشە رێگری لە پەنابردن بۆ کوشتن و توندوتیژی کردووە بەڵام بەو مانایە نا کە مل بۆ داگیرکەر و زاڵم بدەی.


لە دیرۆکی سەت ساڵی رابردووەدا نەیارانی ئەو عەقیدەیە بەردەوام هەوڵیانداوە بزاڤ و تێکۆشان و شۆڕشەکانی بارزانی یان ئەوانەی بارزانیەکان تێیدا بەشداربووینە یان رابەرایەتیان کردووە وەک یاخی و چەتە و رێگر و تێکدەر و زۆر ناو و ناتۆرەی دیکە وێنەیان بکەن بەڵام لە کۆتاییدا هەموو ئەو دەستەواژانە پووکاونەتەوە و راستەقینەیی و راستی ئەو رێبازە لە خزمەتی کوردایەتی زیاتر گەشاوەتەوە و وەدیارکەوتووە چونکە سەرچاوەکەی زەلال و ڕوون بووە.

 


هەموو ئەو هێرش و تانەتەشەر و چیڕۆک هەڵبەستنەی ئێستاش بۆ ئەندامانی ماڵباتی بارزانی درێژکراوەی هەمان نەفسیەت و ئامانجە تەنها جیاوازی ئەوەیە کاتی خۆی لە میدیای داگیرکەر و نەیاران ئەو تۆمەت و ناو وناتۆرانە کاریان لە سەر دەکرا بەڵام ئێستا ژمارەیک دەزگای راگەیاندنی ناوخۆیی وابەستە بە داگیرکەران ئەو دەستەواژە و تۆمەت و ناوناتۆرانە لە پشت ناوی میدیای سەربەخۆ و ئازاد و ئەهلی ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکەن.

 


بە درێژایی شۆڕشی ئەیلول و دواتریش شۆڕشی گوڵان تەنها بۆ جارێکیش سەرکردایەتی شۆڕش پەنای بۆ ئەنجامدانی کاری تەقینەوە و تیرۆر نەبردووە،زۆر کەسیش بارزانیان هانداوە کە ئەگەر ئەو کارانە بکات رەنگە ئەنجامی بۆ شۆڕش باش بکەوێتەوە.

 


ماوەیەک پێش ئێستا لە پاریس بەڕێز جان ماری پرادیەم بینی کە لە ساڵی ١٩٦٦ بۆ نامەی دکتۆراکەی هاتۆتە کوردستان و یەکەمین توێژینەوەی ئەکادیمی بە ناوی کورد شۆرشی بێدەنگ لە ساڵی ١٩٦٨ بڵاو کردۆتەوە،بەڕێز پڕادیە باسی لەوە کرد کە بە بارزانی گووتوە بۆ هەندێک کاری تەقینەوە لە بەغدا ئەنجام نادەن،گوتی بەبارزانیم گوت بۆ نموونە دەتوانن لە باڵیۆزخانەی فەڕەنسا ئەنجامی بدەن چونکە بە ئاسانی پێی دەگەن،بەو کارانە هەموو دونیا باستان دەکا،گوتی بارزانی بە توڕەیی وەڵامی دامەوە و پرسی تۆ گرێنتی ئەوەم پێ دەدەی کە خەڵکی سڤیل بەرنەکەوێ،پاشان ئەگەر کارێکی وامان کرد چۆن رووم دێ جارێکی دیکە باسی عەدالەت و مافی میللەتەکەی خۆم بکەم،گووتی مستەفا بارزانی پێی گوتم تا ئێستا دۆست پێمان دەڵێن تێکۆشەر و دوژمنیش پێمان دەڵێن یاخی بوو بەڵام ئەگەر کارێکی وا بکەین ئەوە هەردوولا پێمان دەڵێن تیرۆریست.

 


بەڕێز پڕادیە گوتی ئەو بۆچوونەی بارزانی هانیدام کتێبەکەم ناوبنێم کورد شۆڕشی بێدەنگ چونکە کورد باوەڕی خەباتێکی بە هات و هاوار نیە وەک ئەوەی ئەو سەردەم لە کوبا و ڤێتنام و گەلێک شوێنی دیکەی جیهان هەبوون.

 


چەند ساڵێک پێش ئێستا رۆژنامەنووس و نووسەر فڕانسوا لۆڤا گزاڤێ کە یەکەمین پەیامنێری تەلەفزیۆنی بووە و سەرتای ساڵی ١٩٦٣ چۆتە ناو شۆڕش و نزیکەی ساڵێک لە نزیک بارزانی ماوەتەوە،بۆی گێڕامەوە کە کودەتا بە سەر عەبدولکەریم قاسم سەرکەوت سوپای عیڕاق شلەژا و لە دۆخێکی خراپدا بوون،گوتی من لە مەجلیسی بارزانی بووم کە چەند فەرماندەیەکی پێشمەرگە و چەند بەرپرسێکی دەزگای پاراستن هاتنە لای بارزانی و پێیان گوت دۆخی سوپاس لەو پەڕی خراپیە و باشترین کاتە بۆ هێرش کردن،ئەوانەی دەزگای پاراستنیش گوتیان دەتوانین لە بەغدا و بەسرا و موسڵ تەقینەوە ئەنجام بدەین،بارزانی بە وردی گوێی لێگرتن کە قسەکانیان تەواو بوو بارزانی تۆزێک بێدەنگ بوو و پێی گوتن پەیامێک ئاراستەی کودەتاچیەکان بکەن و داوای دانیشتن و ئاشتیان لێ بکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن