وتار

دادگایی کردنی بارزانی مێژووێکی دووبارە

9/24/2020 9:16:00 PM 59 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجی

شێخ عوبەیدوللای نەهری، شؽخ عەبدولسەلام بارزانی، قازی محەمەد،شێخ سەعیدی پیران و شێخ رەزای دێرسمی،هەموویان لە دادگای داگیرکەران لە سێدارەدران چونکە بۆ سەربەخۆیی کوردستان تێکۆشان و بە دەنگی بەرز و عیشقەوە داوای سەربەخۆیی کوردستان و سەرفرازی گەلەکەیان دەکرد و لە دوژمن و داگیرکەر نەترسان.

ئەوانەی ئەمڕۆ داوای دادگاییکردنی رابەرانی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن ئەوە درێژکراوەی ئیرادەی داگیرکەرانن، سەربەخۆیی خوازانیش درێژکراوەی رابەرانی شەهیدی بزووتنەوەی کوردایەتین لە پێناو سەربەخۆییدا.

داگیرکەران وەک بکوژ و دوژمن وەبیر دێنەوە، رابەرانی سەربەخۆیش بوونەتە مێژووی زیندووی گەلی کوردستان کە سەرۆک مەسعود بارزانی دڵی زیندووی ئەو مێژووەیە، کە توانای لە مێژووی سەت ساڵی رابردوو بۆیەکەمجار ئیرادەی میللەتەکەی خۆی بەسەر ئیرادەی داگیرکەران سەربخا و داوا و مافی گەلی کوردستان لە ئازادی و سەربەخۆیی بخاتە بەردەم ویژدانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.

بارزانی لە یەکه‌م رۆژدا کە لە تەمەنی شازدە ساڵیدا چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان بۆ خۆبادان و موزایەدە نەبوو بەڵکو بۆ روبەڕوبوونەوەی داگیرکەر بوو، کە بڕیاری ریفراندۆمی سەربەخۆیشیدا لە پێناو نیشتیمان و میللەتەکەی بوو و بە دەنگی بەرز لە بەردەم جیهاندا هاواری کرد کە گەردەنی خۆی لەو پێناوەدا دادەنێ و هەرگیز لەو بڕیارەی کە شکۆی میللەتەکەی دەکڕێتەوە پەشیمان بوونەوە نیە.

ئەوانەی داوای دادگایی کردنی رابەرانی ریفراندۆم دەکەن ئەوەندە ترسنۆک و گچکەن کە تەنها لە بن سێبەری داگیرکەران جێگەیان دەبێتەوە،ئەو داوایە تەنها شایەنی ئەوانەیە کە گەورەیی و هەبوونی خۆیان لە رێزی خیانەتکار و خاکفرۆشان دەبینەوە،ئەو داوایە لە یەک کاتدا و بە درێژایی مێژوو داوای بەغدا،تاران،ئەنقەڕە و دیمەشق بووە کە هەمیشە دەنگێکی نەشازیش لە ناو ماڵی خۆماندا و لە خوێنی خۆمان بە ئاوازی دوژمنان خوێندویانە و خیانەتیان بە خەبات گۆڕیوەتەوە و دایکی نیشتیمانیان لەسەر مؽزی بەرژەوەندی داگیرکەران هەڕاج کردووە.

داماننا بارزانی دادگایی نا شەهید کرا، داماننا هەولێر و سلێمانی و هەلەبجە و دهۆکیش لە تۆڵەی داواکردنی سادەترین ماف کە بڕیاردانە لە چارەنووس وەک کەرکوک و شەنگال و خانەقین و مەخمور رادەستی دوژمنان کرایەوە،کێ قازانج دەکا جگە لە داگیرکەران،ئایا ئەو کوردانەی خیانەتیان لە میللەتەکەی خۆیان کرد چیان پێ بڕا لە نەفرەتی میللەتەکەی خۆیان و وەک شەرمەزاری و پەڵەیەکی رەشی مێژوو ناویان دێ،بەڵام ئەوانەی لە پێناو نیشتیمان خەباتیان کرد و قوربانیان دا ئەوە میللەت سەریان بۆ دادەنوێنێ و بە شکۆوە لە بەردەم مەزنیان دەچەمێنەوە.

بارزانی بە رابەرایەتی کردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نەک گرەوەی لە دوژمنان و داگیرکەران بردەوە بەڵکو گرەوی لە مێژوو بردەوە و توانی لە هەموو سەرکردە سیاسیەکانی پێش خۆی تێبپەڕێنێ و لە مێژووی سەت ساڵی رابردوودا بۆ یەکەمین جار دەرفەت بۆ میللەتەکەی برەخسێنێ کە بە ئازادی و بە ئیرادەی خۆیان بڕیار لە چارەنووسیان بدەن.

لە ساڵیادی سێیەمی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان پێویستە ئەوە بڵێین کە ریفراندۆم سەرکەوت،ئیرادەی گەلی کوردستان سەرکەوت کە سەتا نۆهەت و سێ دەنگی بە سەربەخۆیی دا، بارزانی سەرکەوت کە رابەرایەتی گەورەترین ئامانجی کرد و لە بەرامبەر وڵاتانی داگیرکەر بە گیانێکی پێشمەرگانە وەستایەوە و ملی بۆ هەڕەشەی دوژمنان و پێشنیار کردنی ئیمتیازات لەلایەن ولاتانی زلهێز نەدا و خۆی شەرمەزاری میللەتەکەی نەکرد.

ئەوانەی دۆڕان داگیرکەران و دوژمنانی کوردستان بوون کە نەیانتوانی وەک هەموو جار ئیرادەیان بسەپێنن،ئەوانەی دۆڕان ئەو وڵاتانەبوون کە بانگەشەی دیموکراتیەت و مافی مرۆڤ دەکەن،ئەوانە دۆڕان کە نانی بەردەرگای داگیرکەریان بە خوانی براکەیان گۆڕیەوە و وەک خیانەتکار ناویان لە مێژوو تۆمار کرا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement