وتار

راستیەکانی نەسڕوللا و سوپاسیەکانی بارزانی

1/13/2020 9:18:00 AM 266 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجی


بەر لەوەی حەسەن نەسڕوللای ئەمینداری حیزب اللەی لوبنانی داوا لە بارزانی بکات کە پێویستە سوپاسگوزاری قاسم سولەیمانی بێت کە نەیهێشت هەولێر بکەوێتە دەستی داعش،بارزانی لە چەندین بۆنە سوپاسی هاوکاری هەموو ئەو وڵات و لایەنانەی کردووە کە هاوکار بوون لە شەڕی دژی داعش و لە ناو ئەو وڵاتانەش چەند جارێک ناوی کۆماری ئیسلامی ئێرانی هێناوە.
ئەو قسانەی حەسەن نەسڕوللا کە بەبۆنەی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران پێشکەشی کرد هەندێک راستی هێنانە زمان بۆ ئەوەی کۆمەڵێک راستەقینەی دیکە بشارێتەوە،بە بۆچوونی من لە هەوڵدانی بۆ گەورەکردن و قەبەکردنی رۆڵی جەنەڕال سولەیمانی لە پاراستنی هەولێر دوو ئامانجی هەیە:
نادیدە گرتنی رۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە ئەوان هەولێر و کوردستانیان لە داعش پاراست و لە جیاتی سەرجەم کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی روبەڕوی ترسناکترین رێکخراوی تیرۆرستی لە جیهاندا بوونەوە،بە چەکی کۆن و کەم کاریگەر بە بەراورد بەو چەکەی کە داعش لە سوپای عێڕاق و سوریا گرتبووی،پێشمەرگە بۆ یەکەم جار لە سەر خاکی کوردستان ئەفسانەی داعشی تێکشکاند،بارزانی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان بوو رابەرایەتی ئەو سەرکەوتنانەی پێشمەرگەی دەکرد.
نەسڕوللا هەوڵ دەدا بە قەبەکردنی رۆڵی جەنەڕال سولەیمانی جێگەیەک بۆ ناوی حیزبەکەشی بکاتەوە و بە دونیا بڵێ کە ئەوان بەشێکن لەو سەرکەوتن و دەسکەوتانەی جەنەڕال قاسم سولەیمانی بۆ وڵاتەکەی کە رابەرایەتی شیعەکانی دونیا دەکات بەشدارن و ئەوان لە پشت سەرکەوتنەکانی سولەیمانی بوونە چ لە سوریا و چ لە عێڕاق.
لەو قسانەیدا نەسڕوللا هەموو ئەو هەواڵ و زانیاریانە راست دەکاتەوە کە چەکدارانی حیزبەکەی چۆن لە "پاراستنی هەولێر" هاوکاری جەنەڕال سولەیمانی بوون ئەوە بەهەمان شێوە لە خیانەتی(شازدەی ئۆکتۆبەر)یش هاوڕێ و هاوکاری ئەو بوون لە داگیرکردنەوەی کەرکوک و رادەست کردنی بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی،خۆ ئەگەر خەڵکی کوردستان هاوکاریەکانی لە بیر نەکردبێ بە دڵنیایەوە کوشتن و داگیرکردن و خیانەت هەرگیز لەبیر ناکات.
گوتەکانی حەسەن نەسڕوللا لایەنێکی دیکەی گرنگی هەیە کە پێویستە بە وردی و گرنگیەوە لێی بڕوانین،ئەو قسانە دوای راپۆرتێکی رۆژنامەی کەیهانی ئێرانی دێت کە دوو رۆژ دوای کوشتنی سولەیمانی باسی لەوە کردووە کە گوایە هەرێمی کوردستان دەستی لەو کوشتنە هەبووە،هەروەها دوای راپۆرتێکی کەنالی CNN فارسی دێت کە تێیدا زانیاریەکی ترسناک کە گوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەر لە موشەک باران کردنی بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە ئاگادار بووە(گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی هەردوو راپۆرتەکەی دایەوە و بە تەواوی رەتی کردەوە).
هەڵبەستن و هۆنینەوەی ئەو چیڕۆکانە لێکدانەوەکان بە ئاراستەیەک دادەبا و ئەوەمان پێدەڵێن کە ئەوانەی ئەرکی تۆڵەکردنەوەی خوێنی جەنەڕال قاسم سولەیمانیان لە ئەستۆدایە ناوێرن لە بکەری راستەقینە نزیک ببنەوە و کاردانەوەیان بەرامبەر هەبێت بۆیە بەدوای ئەلتەرناتیڤێک دەگەڕێن تا سەرنجی دونیا و خەڵکی خۆیان بخەنە سەر،دیارە بە بۆچوونی نەسڕوللا و هاوبیرانی هەرێمی کوردستان ئەو ئەلتەرناتیڤەیە کە بەهێرشکردنە سەری خۆیان لە روبەڕوبوونەوەی خاوەنی ئەسلی کێشەکە ببوێرن.
پێویستە ئەو هەوڵانەی لە دژی هەرێمی کوردستان دەدرێن بە هەند وەربگیرێن و کاریان لەسەر بکرێ،چونکە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو هێزانەی لە عێڕاق هاوسەنگەری حەشدی شەعبی رەتدەکەنەوە و دژی دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانانن لە عێڕاق،هەروەها بەشێکن لە شکست پێهێنانی ئەو پیلانەی نەسروللا و هاوڕێیانی بۆ ئایندەی ئەو ناوچەیە کێشاویانە تۆڵەیان لێبکرێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement