چەپڵەیەک بۆ بەرهەم ساڵح
4/30/2020 10:07:00 PM
ئاسۆ حاجی
هەڵوێست و لێدوانەکانی سەرۆک کۆمار
دکتۆر بەرهەم ساڵح جێگای رێز و ستایشن لە بەرامبەر ئەو یاسا و دەستوور شکێنیەی هێزە شیعیەکان لە بەرامبەر مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان دەیکەن لە بڕینی بودجە و ئێستاش مووچەی فەرمانبەران،هیوادارم هەموو هێزەکان پاڵپشت و هاوکاری بن،ئێستا دکتۆر بەرهەم لە بەرزترین پلە و ئاستدا نوێنەرایەتی
گەلی کوردستان دەکات لە دامەزراوەی دەوڵەتی عێڕاقیدا بۆیە باشترە ململانێ و
رووداوەکانی رابردوو لەبیر بکرێ و پێکەوە مل بدرێتەوە بەر ئەو ئەرکەی لەو قۆناغە
کەوتۆتە سەرشانی هەمووان.
مێژووی شەست ساڵەی رابردوو ئەوەی
نیشانداووین کە بە یەکگرتوویی دەتوانین ئەوەی بمانەوێ وەدەستی بێنین و بە
لێکترازانیش ئەوەی دوژمنان بیانەوێ لێمان دەستێنن، بۆیە با ئەوە بکەینە گوارە و لە
گوێمانی بکەین "کورد ئەگەر گۆشتیشت بخوا ئێسکت ناشکێنی" یان ئەو شیعرەی
ئەحمەدێ خانی لەسەر دڵمان و ناو مێشکمان بنەخشێنین کە دەڵێ " ئەگەر مە هەبووا
ئیتیفاقەک ،ڤێکرا بکرا مە ئینقیادەک ، رۆم و عەرەب و عەجەم بە تەمامی ، هەمیا ژ
مەڕا دەکرد غوڵامی".
پارتی و یەکێتی زیاتر لە پەنجا ساڵ
هیچ نەما بەیەکی نەکەن لە ئەنجامدا ساڵ بە ساڵ ئەوان لاوازتر و کوردستان کاولتر و
دوژمن زاڵتر و بەهێزتر دەبوو،بەڵام کە سەرۆک بارزانی و مام جەلال دەستیان خستە ناو
دەستی یەکتر و بوونە تەواوکەری یەکتر بەخۆیان بوونە رەمز و قارەمان و بەشێک لە
مێژووی زیندو و درەوشاوەی کوردستان و کوردستانیش لە سەردەمی هەرە زێڕینی خۆی دەژیا
و خێر و بێر و کاریگەری باشوری کوردستان پەڕیەوە پارچەکانی دیکە کوردستانی دایک.
لەوەتەی بەرهەم ساڵح بۆتە سەرۆک
کۆمار، پارتی یان باڵەکانی ناو یەكێتی چ قازانجیان لە لاوازی ئەو کردووە! خێری
کوردستان لە کوێدایە کە نوێنەرەکەی لەوانەی دیکە بەهێزتر نەبێت کە پێویستە بەهێزتر
بێت،ئایا جارێک پارتی یان گۆڕان و یەکێتی لەخۆیان پرسیوە،عەبدولمەهدی یان مالیکی و
جەعفەری و فڵان و فیسار هەر چەند باش بن ئەوان تەنها دۆستن قەت نابنە خوێن و گۆشت
بەڵام دکتۆر بەرهەم هەر چەند رکابەری کردبین و بگرە ئازاری دابین ئەوە خوێنی
ئێمەیە و خوێنیش هەرگیز نابێتە ئاو.
ئەو چەند رۆژە کە شیعە دەیانەوێ
هەموو شکست و دزی و تاڵانی و نەخۆشی و گرێ مەزهەبیەکانیان بە سەر کورد بڕێژن و لە
سوننە خراپترمان بەسەر بێنن و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان هەڵوەشێنەوە
بەرهەم ساڵح هەڵوێستی کوردان و ئازایانەیە بەڵام دەبوا کوردستان زیاتر پاڵپشتی بێ
و هێزی پێبدا.
ئەمن زۆر دژی شێوازی بوونە سەرۆک
کۆماری بەرهەم ساڵح بووم و لە دوای خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەریش هەڵوێستەکەیم لا
پەسند نەبوو کە داوای حکومەتی ئینقازی دەکرد،بەڵام بۆ هەڵوێستی ئێستای بە دڵ
چەپڵەی بۆ لێدەدەم و ئافەرینی لێ دەکەم،هیوادارم لە ئێستا توندتر و رشتتر لە سەر
مافەکانی گەلی کوردستان بەگژ داگیرکەران دا بچێتەوە،داواش لە سەرکردایەتی سیاسی
کوردستان دەکەم دۆسیەی بەغدا بدەنە دەست دکتۆر بەرهەم و بەهەموو هێزەوە پاڵپشتی
بکەن و چیتر کوڕی خۆیان بە قوربانی عینادی سیاسی و ململانێی حیزبی نەکەن،چەنکە
هەموو لا دەبی ئەوە بزانن کە "بێگانە(عارەب)یەک مەیدانە"، دکتۆر
بەرهەمیش دەبی ئەوە بزانێ کە ئەگەر گەلی کوردستان شکست بێنێ ئەویش نە سەرۆک دەمێنێ
و هەموو ئاوی دیجلە و قوڕات بخواتەوە عارەبێک پێی ناڵێ عافیەتە.