یەکێتی خڕبوونەوە یان هەڵوەرین
11/23/2020 9:51:00 AM
ئاسۆ حاجی
گرەو لە سەر دوای کۆنگرە دەکرا بۆ خۆ کۆکردنەوەی یەکێتی
بەڵام وا دەرنەچوو،بەڵکو قۆناغی دوورخستنەوە و دڵشکاندنی دەیان کادیری سەرکردایەتی
و ناوەندی دەستی پێکرد،کە مەلا بەختیار دوا قوربانی ئەو قۆناغەیە بەڵام دوایین نابێ.
سڕکردنی مەلا بەختیار و سزادانی مەعنەوی رێواز فایەق و
قوباد تاڵەبانی درێژکردنەوەی شەڕی نێوان کوتلەکانە کە بەر لە کۆنگرە زۆر زەقتر بوو
و ئێستا بە رووکەش کۆتایی هاتووە و لە ناواخنیش هەر بەردەوامە.
هاوسەرۆکانی یەکێتی بەتایبەتی لاهور جەنگی بە بەهانەی بڕینی
دەستی پارتی لە ناو یەکێتی و دوورخستنەوەی یەکێتیە دڵ زەردەکان وەک شاناز برایم ئەحمەد
ناوی لێنابوون، هەروەها ناچار کردنی پارتی کە مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو بکەن هەوڵی
قایمترکردنی پێگەی خۆی دەدا بۆ ئەوەی وەک بڕیاردەر و کاریگەرترین کەسی ناو یەکێتی
بناسرێ.
رەنگە لە بەهێزکردنەوەی ناوەندی بڕیاری یەکێتی لاهور جەنگی
هاوسەرۆک سەرکەوتو بێ لەوەی ئەو بڕیار لە هەموو شتێک بدا و لەناو یەکێتی هیچ کەسێک
نەتوانێ دژ بەو تەوژمە بزاڤ بکات،بەڵام دەرئەنجام یەکێتی وەک حیزب و دامەزراوەیەکی
سیاسی باجی ئەوە دەدا.
پێدەچی تا ئەو ناوەندی بڕیارە کە دەڕسکێ و هاوسەرۆک بە
مرزای خۆی دەگا لە ناچارکردنی پارتی لە دانیشتن لەگەڵی ئەوە بە دەیان کادیری سەرکردە
و کادیرانی ئۆڕگانەکانی لێ هەڵوەرێن و
پارتی بە دڵی خۆی باوەشیان بۆ بکاتەوە و تێر کات بەخۆی بدا تا سڵاوێک لە هاوسەرۆک
دەکات.
تا ئێستا یەکێتی و هاوسەرۆکە رژد و توندەکەی هەنگاوێک لە
دوای پارتیەوەن، پارتی توانیویەتی پرسی سڵاوکردن و دانیشتنی راستەوخۆی لای لاهور جەنگی
کردۆتە ئامانج و ستڕاتیژیەتی کاری دوای کۆنگرە، بەڵام لای خۆی وەک تاکتیک و پرسێکی
لاوەکی هێشتۆتەوە.