خاڵە دیارەکانی کۆنگرەی یەکێتی
12/26/2019 9:53:00 PM
ئاسۆ حاجی
بۆ من هەلبژاردنی
ناوی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی یەکێتی وەک یەخەی کراسەکەی
گوتەبێژی کۆنگرە سەرنج راکێش بوو،جا نازانم ناوی ئەنجوومەنەکەش کە کاک کۆسرەت سەرۆکایەتی
دەکات وەک کراسەکە ساخت ایران بوو یان بە سودفەیە!
خاڵێکی دیکەی سەرنج
راکێش کە دەرهاویشتەی ئەو کۆنگرەیە بوو داهێنانی مۆدێلێکی نوێ کاری حیزبایەتی و سەرکردایەتی
کردنیەتی کە دەتوانین ناوی بنێین"هاو بنەماڵەیی" لە سەر وەزنی هاوسەرۆکایەتی
پەکەکە کە پێش کۆنگرە زۆری دەربارە دەگوترا و نیەتێک هەبوو کە یەکێتیش هەمان مۆدؽل
پەیڕەو بکات،بەڵام نەیکرد جا نازانم لە ژێر فشاری ئەنقەڕە بوو وەک دکتۆر فایەق گوڵپی
رایگەیاند یان ناچاری.
یەکێتی وەک حیزبێکی
هاوبنەماڵەیی کە ئێستا لەلایەن چوار بنەماڵە(تاڵەبانی،کۆسرەت،ئیبراهیم ئەحمەد و شێخ
جەنگی)سەرکردایەتی دەکرێ،بەو کارەی بەگژ مێژووی هەبوونی خۆی دادەچێتەوە کە چل و
چوار ساڵە وەک حیزب هەیە و پەنجا و شەش ساڵیشە وەک بزاڤێکی سیاسی کە لە بزووتنەوەی
کوردایەتی ئینشیقاقی کردووە(جەلالیەت)هەموو ئەو مێژووە و ئەو دروشمانەی لە رێگەیانەوە
خۆیان بە خەڵک ناساندووە بە درۆدەخاتەوە و خۆیان دەخەنە بەردەم لێپرسینەوەیەکی ویژدانیانەی
کەسوکاری ئەو شەهیدانەی کە لەو پێناوەدا بوونەتە قوربانی هەروەها بەردەم لؽپرسینەوەی
پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانی خۆیان ئەگەر بە دەنگی بەرزیش نەبێت ئەوە بە دڵنیایەوە
لە ناخەوە و بە ویژدانەوە رۆژێک دێت ئەوانە بە حوکمی مێژوو سزادەدەن.
پەڕینەوە شەڕ و
ملشکاندن لە نؽوان باڵەکان بۆ ماڵباتەکان کارؽکی چاوەڕوان کراو بوو،بەتایبەتی لە نێوان
کوڕانی شێخ جەنگی و کوڕانی جەلال تاڵەبانی دەرئەنجامەکەشی روون بوو کە لاهور شێخ جەنگی
براوەی ئەو شەڕە دەبێ و زۆرترین دەنگی کۆنگرە دەباتەوە،کوڕانی شێخ جەنگی جگە لە بەشینەوەی
سەتان چەکی جۆری m4 و دەیان ئۆتۆمبێل بۆ سەرخستنی کەسانی سەربەخۆی بۆ کۆنگرە ئەوە دەمێکە
کار لە سەر هەردوو کوڕەکەی مام جەلال دەکا،لە رێگای میدیاکەی و میدیا وابەستەکانی
کاری لە سەر وێنە کردنی قوباد تاڵەبانی وەک کەسایەتیەکی لاواز و بێ دەسەڵات کردوە،لە
هەمان کاتدا برا گەورەکەی قوبادی وەک بارمەتە گرتووە و وەک کەرستەی بێهێزکردنی
قوباد و منداڵەکانی ئیبراهیم ئەحمەد و مەلا بەختیاریش کە خەزووری بافێل تاڵەبانیە
کەلک لێوەرگرتووە،هەروەها لە پەنای بافێل رۆژ بە رۆژ خۆی بەهێز و ئەویشی لاواز
کردووە،بۆیە هێنانی نزیکەی دوو سەت دەنگ زیاتر لە کوڕە گەورەی مام جەلال تەنها یەک
مانای هەیە کە لەمەودوا لاهور خاوەنی راستەقینە و سەرۆکی فعلی ئەو حیزبەیە،پافێل لە
پێناو ئەو پۆستە بۆخۆی برا گچکەکەی کە یەکێتیەکان راهاتبوون بە مامی گچکە بانگی بکەن
و لە جێگای مامی گەورەش قبوڵی بکەن پەراوێزخست و مەیدانەکەی بۆ لاهور خۆشتر کرد.
ئێستا کە زۆرینەی
ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی سەر بە بنەماڵەی شێخ جەنگین کەواتە ئەوان بڕیار لەسەر گەورە
و گچکەی ناو یەکێتی دەدەن،واتا دەتوانن هەر شتێکیان بە دڵ نەبێت ڤیتۆی بکەن و ئەوەی
بە دڵی ئەوانیشە ئۆکەی بکەن،ئەوەش دەرفەتی زیاتریان پێدەدات لە زیاتر لاوازکردنی
بنەماڵەکانی دیکە سەرەتاش لە کوڕەلانی کۆسرەت رەسول دەست پێدەکەن و پاشانیش کچەکانی
ئیبراهیم ئەحمەد کە هؽرۆیان نەخۆشی پەکی خستووە و شانازیش لەناو ئەو هەموو دژانە
ناتوانێ وەک پێشتر قسە بکا و دەست کراوەبێت بە تایبەتیش کە دەزگا میدیایەکانی هێرۆخانیشیان
لەبەر دەست دەرهؽناون،دوای ئەو کارانە ئەوجا کوڕەکانی مام جەلال باشتر لەوە تێدەگەن
کە چەندە پەڕ و باڵ کراون و لە باشترین حاڵەت دەبێ مەمنون بن دەسەڵاتؽکی سیمبولیکیان
هەبێت و بەرژەوەندیان پارێزراو بێت.
کۆنگرەی چوارەمی
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە زۆر کەس گرەوی هەڵوەشاندنەوە و لێکترازانی زیاتر لەسەر
دەکرد بە رواڵەت وا دەرنەچوو بەڵام لە ناوەڕۆکدا دۆخەکە هەستیارتر و ترسناکترە،چوونکە
ئێستا یەکێتی زیاتر وەک کۆمپانیایەکی فرە پشکە و مێژووی ئەو جۆرە کۆمپانیا و دامەزراوانەش
ئەوەمان پێ دەڵێن کە وەک خانە کەرت دەبن و خانەی نوێیان لێ دروست دەبؽت،ئەوە جگە لە
دەیان کادیر و پێشمەرگەی دێرینی ئەو حیزبە کە خۆیان بە خاوەنی راستەقینەی دادەنێن
لەو کۆنگرەیەدا نەک مافی خۆیان پێ نەدرا بەڵکو ژمارەیەکی یەکجار زۆریان خۆیان بە
ماف خوراو دادەنێنن و هۆکارەکەشی بۆ ململانێی ئەو بنەماڵانە و شەڕکردنیان بۆ دەست
بەسەر داگرتنی یەکێتی دەگێڕنەوە لە رێگای دەست بەسەر داگرتنی پارە و داهاتی یەکێتی
و پەنا بردن بۆ دزی و گەندەڵی و کڕینی کادیران و فەرماندە سەربازیەکان بەو پارەیە یەکێتیان
بەو رۆژگارە گەیاندووە لە حیزبێکی سۆشیال دیموکراتەوە بکرێتە حیزبێکی سۆشیال بنەماڵە.