وتار

دواین پاڵەوانی ئەمریکا لە عێڕاق

12/27/2020 9:35:00 PM 57 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجی


 لەوە دەچێت کازمی دواین پاڵەوانەی بە حیساب ئەمریکی بێت لە عێڕاق، بەڵام پاڵەوانێکی موزەیف و کەسێکی فووتێکراو کە ئێرانی نەیاری ئەمریکا نەک بەخۆی بەڵکو بە کرێگرتەکانی خۆی هەڕەشەی گوێبڕینی لێدەکا.

ئەمریکا دەبێ لەو دوو راستەقینەیە:
- لە دوای دووهەزار و سێوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام ئێران دوو هەنگاو لە پێش ئەمریکایە.

- ئەمریکا دەتوانێ سەرۆک وەزیران دیاری بکا یان لایەنێکی کاریگەری دیاریکردنی بێت بەڵام سەرۆک وەزیران هەرکەسێک بێت ناتوانێ لە بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئێران دەربچێ و ئێران هەر کاتێک بیەوێ لایدەدا یان دەیکاتە تەیرێکی مەعقوڵ نزیکترین و دیارترین نموونەش عەبدولمەهدی و کازمینە.

لەو کاتەی کورد کێشەیان لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری هەبوو و دەیانوویست لای بدەن لەگەڵ شاندێکی ئێران دانیشتبوون و پێیان گوتبوون کە کورد چیتر جەعفەری قبوڵ نیە،شاندی ئێران بە پێکەنینەوە وەڵامیان دابۆوە و گوتبوویان بەسەر چاو لای دەدەین و ئێوەش سەر پشک بن لە بەسڕاوە تا بەغدا بڕۆن لە بازاڕی شارەکان بسوڕێنەوە هەر کەسێک هەڵدەبژێرن ئازادن بە مەرجێک شیعە بێت.

ئەمریکا هەموو کارێکی کرد و دەیکا بۆ ئەوەی کازمی سەرکەوتووبێ و وەک پاڵەوان وێنەی بکا بەڵام نە توانی و نە دەتوانی، چونکە دەرچوو کازمی تەنها نمایشکارێکە بەڵام لەوەش سەرکەوتوو نیە، لە کۆنتڕۆلکردنی دەروازە سنووریەکان تەنها نمایشێکی میدیایی کرد و دۆڕا، لە چارەسەرکردنی کێشەی نێوان بەغدا و هەولێر لە جیاتی چارەسەر قوڕەکەی خەستر کرد، لەوانەش زیاتر لە بەرامبەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تا ئێستا لاوازترین سەرۆک وەزیران دەرچووە و نەک نەیتوانیوە سنوورداریان بکات بەڵکو مەترسی ئەوە هەیە گوێیەکانیشی ببڕن و بیکەنە عیبرەت بۆ خۆی و بۆ ئەمریکا.

دواین کار کە ئەمریکا بە کازمی کرد شکاندنی نرخی دینار بوو بەرامبەر بە دۆلار بە حیسابی ئەوەی لە بەرژەوەندیەکانی ئێران بدا لە عێڕاق و کاریگەری سزا ئابوریەکانی لە سەر کاریگەرتربێ، بەڵام ئێران لەوەش گۆلی لە ئەمریکا کرد و لە جیاتی جارێک دوو جار قازانجی لەو دۆخە کرد،یەکەمیان لە رێگای نزیکەی شەست بانکی سەر بە سوپای پاسداران چوار مانگ بەر لە ئێستا ملیۆنان دۆلاریان بە نرخی 119,000 لە بانکی ناوەندی کڕیوەتەوە و ئێستاش بە زیاتر لە  140,000 دەیفرۆشنەوە.دووەمیان،کڕینەوەی دیناری عێڕاقیە بەو نرخە شکاوە لە رێگای هەمان ئەو بانک و کەسانە و دوای ماوەیەکی دیکەش بانکی ناوەندی عێڕاق ناچار دەکەن کە نرخی دینار سەربخات و ئەو کات دینارەکانیان بفرۆشنەوە.

ئەمریکا دەبێ لە یەک شت تێبگات کە سەردەمی دروست کردنی پاڵەوان و پاراستنی بەغدا وەک ناوەندی بڕیار کۆتایی هاتووە،دەبی ئیدارەی نوێ ئیدارەی پەیڕەو کردنی سیاسەتێکی نوێ بێت لە عێڕاق ئەگەر ئەمریکا بە جدی دەیەوێ لە ئێران بباتەوە،ئەویش سیاسەتی دروستکردنی فرە ناوەندی بڕیار لە عێڕاق و لایەنی کەم گەڕاندنەوە کەڕامەت بۆ عەرەبی سوونە و بە جدی هاوپەیمانێتی کردنی کورد و پاڵپشتی کردنی وەک قەوارەیەک کە نوێنەرایەتی گەل و مێژوو و هەبوونێکی زیندوو دەکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement