983وتار

یەکێتی و یەک کورسی

4/24/2019 12:29:00 PM
ئاسۆ حاجی



هەڵگەڕانەوە لە دیموکراسیەت و رەتکردنەوەی بڕیاری خەڵک ئادگاری دیاری قۆناغی نوێی سیاسین لە هەرێمی کوردستاندا کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان داهێنەریانەو کردوونی بە واقیع و منەتی کەسیش نازانێت.


کاتێک مەلا بەختیار گوتی یەکێتی یەک کورسی و سەت کورسی بێنێ دەرئەنجام هەریەکە و یەکێتی واز لە دەسەڵات ناهێنێ چونکە هێزی سەربازی هەیە، زۆر لە نووسەرو شڕۆڤەکارو چاودێر لە مەلا بەختیاریان لە هەڵاداو بە تاک ڕەو و لادەر لە دیموکراسیەت تۆمەتباریان کرد، ئەوە زیاتر لە شەش مانگە یەکێتی بە کردار ئەوەی سەلماندو نیشانی هەمووانی دا کە دەرئەنجامی هەڵبژاردن مەگەر تەنها لە بەرژەوەندی یەکێتی بێ ئەگەر نا هیچ بەهایەکیان نیە، ئەو شڕۆڤەکارو نووسەرو بەرگریکاری دیموکراسیەت نوققەیان لێوەنایێ.


ئەوەی یەکێتی دەیکات تەنها بە پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکومەت و پشکی لایەنەکان لە ناو ئەو کابینەیەدا گرێنەدراوە بەڵکو مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان بەهۆی لەناوبردنی یەکێک لەو خاڵە گەشانەی کە هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیا دەکاتەوە کە هەبوونی بڕێکی باشی دیموکراسیەت و کلتوری قبوڵکردنی ئەوەی دیکە و پێکەوە ژیانە کە هۆکارێکی سەرەکی گرنگیدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە بە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان، لەمەودوا هەڵبژاردن و دیموکراسیەت و دەستاودەست کردنی دەسەڵات تەنها دەستەواژە گەلێک دەبن کە لە فەرهەنگی سیاسی کوردستان جێگایان نابێتەوەو کەس رێزیان لێ ناگرێ.


ئەگەر شازدەی ئۆکتۆبەری بۆ نەچووبا سەرێ رەنگە یەکێتی ئێستا جورئەتی ئەوەی نەدەبوو پێ لە سەر ئیرادەی خەڵک دابنێ و وەک میراتگری لێکەوتە ناشیرین و یادەوەریە ناخۆشەکانی شەڕی براکوژی هەموو شتێک ناشیرین و بێ بایەخ بکات و بە عەنتەڕیات ئەوەی بیەوێ ئەوە بکات، ئەو کلتورە ناشیرینە بکاتەوە کەرەستەی خۆڕاگرتن و مانەوەی خۆی، ترس بکاتە ئەو ئامرازەی خەڵک ناچار بکات بە خواست و داخوازیەکانی رازی بن، یەکێتی ئەوجارەیان بۆی چووە سەرێ بەڵام ئایا چوار ساڵی دیکە ئەگەر هەڵبژاردن کرا هەمان شتی بۆ دەچێتە سەرێ؟


کابینەی نوێی حکومەت لە دەرئەنجامی دوو رێکەوتن دروست دەکرێ، رێکەوتنی پارتی و گۆڕان کە زیاتر خۆی لە ناوەڕۆکی بەرنامەی حکومەت بۆ چوار ساڵی ئایندە دەبینێتەوە، هەروەها رێکەوتنی یەکێتی و پارتی کە زیاتر ناوەڕۆکەکەی داواکاری و پێداگری یەکێتیە بۆ وەرگرتنی پۆست و هێشتنەوەی دۆسیەی ئەمنی و دارایی وەک خۆی واتا لە دوو ئیدارەدا.


پرۆژەی چاکسازی کە لە پەرلەمانی کوردستانە، لە خولی رابردوو یەکێتی رۆڵی سەرەکی هەبوو لە پەکخستنی لەو خولەدا ناتوانێ ئەو کارە بکات چونکە پارتی و گۆڕان دەربارەی هاوڕان و تێی دەپەڕێنن بەو کارەش پارەیەکی زۆر بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە و هەنگاوی یەکەم و کاریگەریش دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، کاراکردنەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان کارێکی دیکەیە کە گۆڕان و پارتی لەسەری رێکەووتوون، هەروەها پڕۆژەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی حیزب لە بواری سەربازی و ئەمنیدا کارێکە ئەمریکاو بەریتانیاو ئەلمانیا دەستیان پێکردووەو رەنگە کەمتر لە ساڵێکی دیکە بخایەنێ و چیتر ئەوە نامێنێ هێزەکانی حەفتا موڵکی یەکێتی بێ و هێزەکانی هەشتاش سەر بە پارتی بن، ئەو کات هیچ فەرماندەیەکی سەربازیش پلەکەی هەرچیەک بێت ناتوانێ بڵێ بە بڕیارەکانی سەرەوەی خۆی پابەند نابم ئەگەر لە حیزبەکەی خۆم نەبێت.


کە پارەو هێز لە رێگای دەزگاو دامەزراوەی نیشتیمانی بەڕێوەبردران ئەوە زیاتر هێزی بڕیاردان بۆ دامەزراوەی حکومەت دەگەڕێتەوە بەو هەنگاوەش حیزب ناتوانن چیدیکە بەهێزی سەربازی و دارایی هەڕەشە لە ئیرادەی دەنگدەران بکەن بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبی کار بۆ ئەوە بکەن لە حیزبی هێزی سەربازی و پاوانکاری دارایی ببنە حیزبی سندوقی دەنگدان و هێز لە بڕیار میللەت وەربگرن.


ئەو ڕێگایە چاوەڕوانی یەکێتی و حیزبەکانی دیکەش دەکات ئەگەر بیانەوێ قەوارەی سیاسی کوردستان بمێنێتەوەو بەهێزبێت و دیموکراسیەت هێزی بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان بێت، ئەگەرنا ئەوە ڕێگەی بەغدا نزیکترە بۆ ئەوەی لەوێوە بە پێچەوانەی ئەو ئاراستەیە کار بکەن و ئەو هەوڵانە  بۆ دروست کردنی دامەزراوەی نیشتیمانی لەبار ببەن لەپێناو مسۆگەرکردنی مانەوەیان بەهێزەوە تا ئەو ڕادەیەی جارێکی دیکە بڵێن: “یەک کورسی و سەت کورسی بۆ یەکێتی یەک مانایان هەیە”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن