قسەی جیاوازی یەكێتی
2/20/2019 6:50:00 PM
ئاسۆ حاجی
قسەی جیاوازی یەكێتی ترساندنی پارتیە بەوەی بە كەمتر لە پۆستی سەرۆكی هەرێم رازی نابێت ئەوە پلان B ە،لەوە دەچێ ئەگەر پلان بی سەری نەگرت كە هەرگیز سەرناگرێ بچنە پلان C كە هەڵگیرساندنەوەی شەڕی ناوخۆ و دروست كردنەوەی دوو ئیدارەیە.
تێكەڵكردنی كاغەزەكان لەلای ئەوانەی عەقل بە سەركردەكانی یەكێتی دەفرۆشن بە ڕوونی دیارە لەوەی پلانەكانیان بەر لە نەخشاندنیان لەسەر كاغەز كۆتاییان هاتووە.
دووئیدارەیی هێلێكی سوورە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قبوڵی ناكا واتا پلان C هیچ،داواكردنی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەرئەنجامەكەی لە چنینەوەی شەرمەزاری شتێكی دیكەی لێ وەبەر نایێ،بێگومان یەكێتی دەتوانێ داوای ئەو پۆستە و شتی دیكەش بكات بەڵام دەبێ ئەوەشی لەبەر چاو بێ كە بەگوێرەی یاسای سەرۆكایەتی كە ئێستا سڕكراوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لەلایەن خەڵك هەڵدەبژێردرێ،ئەگەر یاساكەش هەموار بكرێتەوە و لە پەڕلەمان هەڵبژێدرێ ئەوە دەرئەنجامەكەی لە ئێستاوە روونە كە پارتی بە ئاسانی دەنگەكانی دەگەنە سەرەوەی حەفتا و لەو دەنگانەی كە دەشمێنەوە یەكێتی لەگەڵ بیست و یەك دەنگەكەی رەنگە بتوانێ چەند دەنگێكی دیكە ببات كە لە باشترین دۆخدا ناگەنە 30 دەنگ،واتا یەكێتی دەچێتە ناو شەڕێك كە لە ئێستاوە دۆڕاوە.
یەكێتی كە لە پرسی ریفراندۆم خیانەتی لە ئیرادەی گەلی كوردستان كرد و بڕیاری سەربەخۆیی و قوربانی 100 ساڵەی كردە قوربانی رێكەوتن لەگەڵ هێزی داگیركەر و نیوەی خاكی هەرێمی كوردستانی كردە شاباشی لە ناوبردنی ئامانجی نەتەوەیی و نیشتیمانی خەڵكی كوردستان،یەكێتی ئەوجارەش لە بەرامبەر خواست و ئیرادەی خەڵكی كوردستان وەستاوەتەوە و بە هەڵگیرسانەوەی شەڕی براكوژی و پارچەكردنی هەرێمی كوردستان وەڵامی بڕیاری خەڵك دەداتەوە كە لە پرۆسەیەكی دیموكراتی تەنها خانەی دووەمیان بە یەكێتی رەوا بینی.
یەك قسەی جیاواز و كرداری جیاواز لەبەردەم یەكێتی ماوە ئەویش ئەگەر مل بۆ ئیرادەی خەڵك نادا و بە بەشی خۆی قایل نابێت، ئەوەتا دەتوانێ رێگای ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرێ و ئەو چوار ساڵە بكاتە دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیەكانی و پێداچوونەوە بە مێژووەكەی و خۆ ئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بە ئومێدی وەدەستهێنانی متمانەی زۆرینەی خەڵك و پێكهێنانی حكومەت بە دڵ و ویستی خۆی، یەكێتی بەو بڕیارە دەتوانێ بیسەلمێنێ كە هێزێكە رێز لە ئیرادەی خەڵك دەگرێ و باوەڕی بە دیموكراسیەت هەیە.