وتار

پرسی چاکسازی لە نێوان حکومەت و پەڕلەماندا

1/26/2020 4:22:00 PM 95 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجی


هەموو ئەو رەخنە و گلەییانەی چەندین ساڵ بوو لە حکومەت هەبوون دەربارەی پرسی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و کەمکرندەوەی ناعەداڵەتی لە دابەشکردنی داهاتی گشتی و یەکسان کردنی هەمووان لە بەرامبەر ئەرک و کاردا، لە ئامادەکردنی یاسای چاکسازی و رەوانەکردنی بۆ پەڕلەمان حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆپەکەی فڕؽدایە ناو گۆڕەپانی یاسادانەران کە لە هەمان کاتدا نوێنەرایەتی گەلی کوردستانیش دەکەن بە هەموو پێکهاتە و لایەنەکان،بەوەش حکومەت دەرگای بەسەر پەڕلەمان و لە رێگەی ئەوانیشەوە بەسەر هەموو میللەت واڵاکرد بۆ ئەوەی هاوکاری بن و لابارێکی لەگەڵ بگرن بۆ چاککردنەوەی ئەو کێماسیانەی بە هەر هۆ و هۆکارێک کرابن.

حکومەت لە ئەرکی خۆیدا سەرکەوتوو بوو ئەگەرچی لەناو ئەنجوومەنی وەزیراندا هەوڵ هەبوو کە یاساکە چۆن لە خولی پێشووی پەڕلەمان لەبار بردرا جارێکی دیکە زیندی نەکردێتەوە ئەگەر مکوڕی و ڕشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران نەبووایە کە تەنانەت رێگەی نەدا هەوڵەکانی جێگرەکەشی جێبگرن کە لە کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە بڕیاردان بە پڕۆژە یاسای چاکسازی داوای کردبوو تەنها دوو هەفتە بڕیاردان لە سەر پڕۆژە یاساکە دوابخرێت.

دوای پەسندکردنی یاساکا بە هەندێک لێ کەم کردن و هەندێک خستنە سەر لەلایەن پەڕلەمانی کوردستانەوە دەکرێ بپرسین ئایا نوێنەرانی میللەت لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکەیان سەرکەوتوو بوون؟

بێگومان وەڵامەکە رێژەیی دەبێت و رەها نابێت،بەڵام رێژەی زۆرینە لەگەڵ ئەوەدان کە پەڕلەمانتاران سەرکەوتو نەبوون لە نوێنەرایەتی کردنی داخوازیەکانی خەڵک بەڵکو ئەو تۆمەتانەیان لەسەر خۆیان ساغ کردەوە کە کەسانێک دەیانگوت ئەوان لە خەمی خۆیانن نەک خەڵک،بە تایبەتیش لەو مادەیەی تایبەت بە پرسی خانەنشینکردنی خۆیان لە یاساکەدا پازیان بەسەر داخوازی زۆرینەی خەڵکدا کە داوایان لێ دەکردن یاسای خانەنشینی پەڕلەمانتاران هەڵوەشێنەوە،بەڵام پەڕلەمانتاران ملیان بۆ ئەو داخوازیە نەدا.

رەخنەی خەڵک لە پرسی گەندەڵی لە چەند خاڵێکی کوری و کەمدا کۆببۆوە کە ئەوانە بوون:
- هەموو ئەوانەی بە ناهەق خانەنشین کراوون خانەنشینیەکەیان هەڵبوەشێتەوە جا چ لە بواری ئیداری بێت یان سەربازی.

- هەموو ئەوانەی بە ناهەق بە شەهید نووسراون یان کەم ئەندامی سەنگەر مووچەکانیان ببڕدرێ.

- پەڕلەمانتار و وەزیر و پلە باڵا هاوتاکان خانەنشین نەکرێن ئەگەر یاسای خانەنشینی نەیانگرێتەوە.

لە گفتوگۆی پەڕلەمانتاران و دەستکاری کردنی مادە و بڕگەی پڕۆژە یاساکە وایان لێکرد کە خۆیان بە راوێژکارێک یان بەڕێوەبەری گشتیەک بەراورد بکەن کە بە مافی خۆیان لە ساڵانی خزمەت و بڕینی پلەی ئیداری بەو پۆستە گەیشتوون و هەموو پلە باڵاکانیان خستە ناو یەک سەبەتە و کاتەکانیان وا تێکەڵوپێکەڵ کرد کەس نەیانناسێتەوە تەنها بۆ ئەوەی بەرژەوەندی کەسۆکی  خۆیان بپارێزن،لە بەرامبەر ئەو کەمتەرخی و بێ خەمیەیان لە بەرامبەر داخوازیەکانی خەڵک و بەرژەوەندی باڵای میللەت و وڵات دەنگێکی کەمی ناڕەزایی لە شێوەی خۆنیشاندان و چالاکی بیندران،ئەوەش بۆ خاڵێکی دیکەی نا ئومێدیمان دەبات بەوەی کە خۆنیشاندانەکان ئەگەر لایەنی سیاسی لە پشتەوە نەبن گەورە و کاریگەر نابن،بۆیە باسکردن لە خۆنیشاندانی خۆڕسک و هەڕەمەکی لە دیمەنێکی راستەقینە ناچێ کە پێشتر ناویان لێدەنان چ ئەوانەی لە سەر مووچە بوون یان هەر بابەتێکی دیکە.

ئێستا کە پڕۆژە یاساکە بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رەوانە کراوە هێشتا دەرفەتێک و ئومێدێکی کز ماوە کە ئەو گلەییە جەماوەریەی لەسەر پڕۆژە یاساکە هەیە نەهێڵدرێ چ بە گەڕاندنەوەی پڕۆژە یاساکە بۆ پەڕلەمان بە مەبەستی تەنها دەستکاری کردنی مادەی تایبەت بە خانەنشینکردنی پەڕلەمانتاران بۆ جێگیرکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەڕلەمانتاران بەبێ خۆبەستنەوە لە کەسانی دیکە لە ناو توێژی پلە باڵاکان،یان ئەگەر لە رووی یاساییەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی هەبێت خۆی ئەو بڕیارە دەربکات بە هەماهەنگی و لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکومەت،چونکە گوناحێکی گەورەیە جارێکی دیکە ئەو پڕۆژە یاسایە کە راستەڕێی چاککردنەوەی حوکمەتداری و بەڕێوەبردن و لایەنی کەمی وەدیهاتنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتیە بە قوربانی بەرژەوەندی چەند کەسێک بکرێ.

خۆ ئەگەر ئەوەش نەکرا حەقە گوشاری جەماوەری رێکخراوتر و زۆرتر بکرێ لە سەر دامەزراوەی پەڕلەمان هەروەها رؽکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە هاوکاری ئەو پەڕلەمانتارانەی دژی خانەنشین کردنی پەڕلەمانتارانن هەولی بەهێزتر کردنی ئەو لوبیە لە ناو پەڕلەمان بدەن بە ئاراستەی هەمووارکردنەوەی ئەو مادەیە لە یاسای چاکسازیدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن