زانیاری نەگوتراوی سەردانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیرانی كورستان
6/15/2021 10:55:00 PM
ئاسۆ حاجی
گەرمی پێشوازیکردن
لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی و لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی
کوردستان لە بەلجیکا و یۆنان، ناکرێ تەنها لە هەیبەتی تەدارەکە پڕۆتۆکۆلیەکان
و تامەزرۆیی خانەخۆیان کورت بکرێتەوە،
چونکە ئەوەی گفتوگۆی دەربارە کرا و بۆچوونیان دەربارە ئاڵۆگۆڕکرا بۆ کوردستان و
ناوچەکەش بابەت گەلی گرنگ و هەستیار و پڕ بایەخبوون.
سەردانەکەی نێچیرڤان
بارزانی لە سەر داوەتی فەرمی دەوڵەتی ئیمارات و شەخسی جێنشینی ئیمارەتی ئەبو زەبی
محەمەد بن زاید بوو، هەبوونی ئەو ناوە لە هەر رووداو و بزاڤێکی سیاسی واتا هەبوونی
پرسگەلێکی پڕ بایەخ و هەستیار، ئەوەش لە دیدارەکەی نێچیرڤان بارزانی و محەمەد بن
زیاد بە روونی دیار بوو، لەوەی تەنها یەک چارەگە سعات لەگەڵ ئەندامانی شاندی هەردوولا
دانیشتن، بەڵام زیاتر لە سعاتێک و بیست دەقە بە تەنیا کۆبوونەوە و پرسەکانیان تاو
و توێ کرد.
پێگەی جیۆپۆلۆتیکی
هەرێمی کوردستان و کارزانی سەرۆکی هەرێمی کە تەرجومەکردنەوەی پەیوەندیەکان لە سەر
ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی بەهێزبوونەوەی هەرێمی کوردستان لە
رووی سیاسی و ئابوریەوە، هەرێمی کوردستانی وەک قەوارەیەکی دەستووری لە چوارچێوەی
دەوڵەتی فیدڕالی عێڕاقدا کردۆتەوە چەق و ناوەندی هاوسەنگ کردنی گەلێک هاوکێشەی سیاسی،
کە نێچیرڤان بارزانی رۆڵی دیار و کاریگەری لەو بوارەوو هەیە.
لە پایتەختی سیاسی
ئەوروپا لە برۆکسێل مەسرور بارزانی بەهەمان گەرم و گوڕیەوو پێشوازی کرا، وەک سەرۆک
وەزیرانی وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەند سیادە مامەڵەی پڕۆتۆکۆلی و دبلۆماسی لە تەک دا
کرا، لە گفتوگۆکاندا جگە لە باسکردنی توندوتۆلکردنی پەیوەندی هەردوولا باسی بابەتگەگەلێکی
یەکجار هەستیار و گەرنگ کرا، کاربەدەستانی بەلجیکا بە نوینەرایەتی وڵاتانی ئەندام
لە یەکێتی ئەورپا بۆچوونی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانیان بە گرنگیەوە وەرگرت دەربارەی
رەوشی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هەموو ئەو رووداوانەی تێیدا دەگوزەرێن و دەربارەی
هەموو ئەو کارەکتەرانەی ئامادەییان لە سەر شانۆی سیاسی دەڤەرەکە هەیە.
ئەو کرانەوەیە
هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی جەخت کردنەوەیە لەسەر خاڵێکی یەکجار گرنگ و چاورەنووس ساز
بۆ گەلی کوردستان و گەلی عێڕاق هەروەها بۆ تێکڕای ناوچەکە، لە گۆڕینی تێڕوانینی سیاسیان
و دەرباز بوون لەو بۆچوونە سیاسیەی نەریتیەی کە نزیکەی سەت ساڵە باو و زاڵە لە بەهێزکردنی
ناوەندی دەوڵەت لەسەر حیسابی ئەو میللەت و گەلانەی ناوەند(پایتەخت) لە رووی نەتەوەیی
و نیشتیمانی نوێنەرایەتیان ناکات، بۆیە باشترین ئەلتەرناتیڤ هەبوونی فرە ناوەندیە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا.
ئەوە ئەو بۆچوونە بووە کە محەمەد بن زیاد بۆ نێچیرڤان بارزانی جەختی لێکردۆتەوە
و سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا و دواتریش لە یۆنان هەمان بۆچوون بۆ مەسرور بارزانی جەختی
لێکردۆتەوە.
رۆژانی دادێ پێگەی
بەهێزی هەرێمی کوردستان لە ناوەندی بڕیارە کاریگەرەکانی جیهان، لە کۆشکی سپی و ئەلیزێ
و وڵاتانی دیکە زیاتر بەدیار دەکەوێ، بۆیە
دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بکەین لە لایەن ئەو هێزانەی کۆنتڕۆلی بەغدا و عێڕاقیان
کردووە هەروەها ئەو هێزانەی بەشێکن لەو ئەجێندا ئیقلیمیەی کار بۆ بێهێزکردنی هەرێمی
کوردستان دەکات فشار زیاتر بکەن و رەنگە هێرشی سەربازی بکەن و شەڕی ئابوری لە گەمارۆدان
و برسی کردنی خەڵک درێژبکەنەوە، بۆ ئەو کارەش وەک هەمیشە هێزگەلێکی ناوخۆیی
کوردستانی دەبنە بەشێک لەو دژایەتیانەی بەرامبەر خەڵک و حکومەتی کوردستان دەکرێن.