هۆکاری سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا
6/20/2019 11:28:00 PM
ئاسۆ حاجی
لە هۆکارێک زیاتر لە پشت سەردانیەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
هەیە بۆ بەغدا:
- هەرە گرنگەکەیان
پێویستی عەبدولمەهدیە بۆ ئەو سەردانە بۆ ئەوەی لە نێو ئەو گەلەکۆمەی ئێستا لە بەغدا
و لەلایەن هێزە سیاسیەکانی نزیک لە عەبادی لێی دەکرێ پێویستی بەوەیە بەهێزەوە وەدەرکەوێتەوە
و وەک پیاوی دەوڵەت و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان تەماشا بکرێ نەک پیاوی دروست
کردنی قەیران و تاکڕەوی وەک عەبادی و بەر لەویش مالیکی.
- هەر سێ سەرۆکایەتی
عێڕاق فیدڕال لە سەرۆکایەتی کۆمار و پەڕلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران چاویان لەوەیە نێچیرڤان
بارزانی ببێتە هاندەریان بۆ ئەوەی بۆچوونەکانیان دەربارەی کێشە ناوخۆیەکان و کێشە هەرێمایەتیەکان
یەکبخەن،چونکە لە ماوەی رابردوو هەڵوێستەکانیان دەربارەی کێشە ئیقلیمیەکان لە یەک دوور
بوون بە تایبەتی لە بەرامبەر سزاکانی ئەمەریکا لە سەر ئێران و مەترسی دروست بوونی شەڕ
لە نێوانیاندا.
- ئەو سەردانەی نێچیرڤان
بارزانی تەواوکەری سەردانیەکەی سەرۆک بارزانیە کە دوای دەستبەکاربوونی عەبدولمەهدی
سەردانی بەغدای کرد و هەردوولا بە لێک تێگەیشتنێکی جەنتەلمانانە گەیشتن بۆ کێشانی هێلە
گشتیەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی
هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.
- رەنگە هەرێمی کوردستان
نەرمی بنوێنێ بۆ رادەست کردنی نەوت بە بەغدا بە بڕێکی دیاریکراو بۆ ئەوەی عەبدولمەهدی
لە بەرامبەر نەیارانی بەهێزتر بێت،بەڵام بەو مەرجەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا یاسای
نەوت و گاز لە پەڕلەمانی فیدڕال بە سازانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربچێ،هەروەها پرسی
گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە قسە و دانیشتن
بکەوێتە دۆخی کرداری.
- بەرهەم ساڵح سەرۆک
کۆماری عێڕاق کە لە رۆژی سوێند خواردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتیەکەی کامل بوو بە
هەموو تواناوە دەیەوێ لە رێگای نێچیرڤان بارزانیەوە بگەڕێتەوە ناو تیمی کوردستانی و
لە بەغدا سەرۆکایەتی ئەو تیمە بکا و هەمان سەردەمی مام جەلال و کاک مەسعود دووبارە
بکەنەوە کە نێچیرڤان بارزانی هاندەری ئەوەیە و سەرۆک مەسعود بارزانیش پاڵپشتە بۆیان.
- ئەو سەردانە کە
لە سەرداوای سەرۆک وەزیرانی عێڕاق عادل عەبدولمەهدی بووە جگە لەو خاڵانەی سەرەوە کە
ئاماژەیان بۆکراوە،خاڵێکی دیکەی جەوهەری هەیە کە پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسی ئێستای
هەرێمی کوردستانە و پەیامی حکومەتی عێڕاقە کە ئەوان مامەڵە لەگەڵ حکومەت دەکەن لە هەولێر
نەک گروپێک و کەسانێک کە پرۆژەی پارچەکردنی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکەن بیدەنە بەغدا،عەبدولمەهدی
ئەوەی بە نێچیرڤان بارزانی گووتوە کە دەیەوێ لە بەغدا ئەو پەیامە بە هەموو لایەک بدا.
- حکومەتی فیدڕالی عێڕاق بە هەر سێ سەرۆکایەتیەکەیەوە هێزە کوردستانیەکان
بۆ زوو پێکهێنانی کابینەی نوێ هاندەدەن و پاڵپشتیان لەوە کردووە کە پێویستە لە وادەی
یاسایی خۆیدا کابینەی نوێ دروست بێت، لە دانیشتنی بارزانی و بەرهەم ساڵح ئەوە بە وردی
باسی لێوە کراوە و هاوبۆچوون بوونە دەربارەی پرسی پێکهێنانی حکومەت و چارەسەرکردنی
گرفتە سیاسیەکان.