637وتار

میدیای حزبەکانی دەسەڵات بە تەمای چین؟

8/9/2019 10:01:00 PM
د. مەجید ساڵح

 

(1)
"کابینەی حکومەت بە سەرجەم وەزیرەکانیەوە و تێکڕای فەرمانبەرەکانی کەرتی تایبەتەوە، کرێ گرتەی خەڵکن"  دەبێ هەموومان بەم تێگەیشتنەوە بڕوانینە حوکمڕانی و پێمان وابێ بودجەی بەردەستی حکومەت و ئەو موچانەی دەدرێن بە وەزیرەکان و فەرمانبەرەکان و ئەو خەرجیانەی دەکرێن، هەمووی موڵکی خەڵکن و خەڵک حکومەتی بەکرێ گرتووە بۆ ئەوەی لە چوارساڵدا بە عەدالەت و بە پێی یاسا ئیدارەی بدات.


بۆیە پێدانی موچە و پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکان، هیچ جێگەی منەت و دەسکەوتی هیچ حزب و لایەنێک و کەسێک نییە.


راگەیاندنەکانی حزبەکانی دەسەڵات ئەگەر بەم نەفەسە بەردەوام بن، رۆڵی گەورە دەبینن لە تێکدانی باری دەروونی خەڵک و لاوازکردنی متمانەی خەڵک بە حکومەت..


میدیای حزبەکانی دەسەڵات دەبێ بە یەک نەفەس کار بۆ سەرخستنی بەرنامەی حکومەت بکەن و نەبنە کەرەستەیەک بۆ پڕوپاگەندەی حزبەکانی خۆیان و لە پێش هەموو راگەیاندنەکاندا رەخنە و پێشنیار بدەن بە کابینەی حکومەتە کوالسیۆنکەیان..
 (2)
گەڕانەوەی موچەی بڕاوی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان، مافێکی زەوتکراوی ئەو توێژەی کۆمەڵگاکەمان بوو، بەڵام راگەیاندنی حزبەکانی دەسەڵات  بە تایبەتی پارتی و گۆڕان، مامەڵەیەکی خراپیان لە گەڵدا کرد و بە نەفەسی کەمپینی هەڵبژاردن و دەسکەوتی حزبی رووماڵیان کرد. بۆیە راگەیاندراوەکەی حکومەتی هەرێم بەوەی دەسکەوتەکانی حکومەتی هەرێم هی هیچ حزبێک نییە تا راگەیاندنەکانی بیکەن بە دەسکەوتی خۆیان، بەڵکو دەسکەوتی کابینەی حکومەی، زۆر لە جێگەی خۆیدا بوو. 
(3)
 کامە وڵات زۆر لیبراڵە و پێشکەوتووە، سنورێکی هەیە بۆ ئەوەی کەناڵەکانی راگەیاندن باری دەروونی و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیانیان تێک نەدەن. بەداخەوە لە کوردستانەکەی خۆماندا کەناڵەکانی راگەیان کە زۆربەی زۆری یان موڵکی حزبەکانە، یان سێبەری ئەوانە، ئەم کەناڵانەی لای خۆمان رۆژانە بەدوای کاریگەرترین وشە و وێنەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی باری دەروونی و کۆمەڵایەتی بەرامبەرەکانیان تێکبشکێنن.. حکومەتیش دۆش داماوە و چونکە نە یاسایەکی لەبەردەستایە بۆ مامەڵە کردن لە گەڵ میدیاکاندا و فەلسەفەیەکی میدیایی هەیە، چونکە لە ئەساسدا حکومەت خۆی فەلسەفەی حوکمڕانیی نییە، فەلسەفەی حوکمڕانیش تەنیا بە دەستور فەراهەم دەبێ.
بۆیە ئەرکی زۆر لە پێشینەی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە بە زوترین کات دەستور بنووسێتەوە و لە رێگەی یاساوە کاروباری راگەیاندنی کوردستان رێکخاتەوە..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن