1379وتار

بۆ ٣٠ کیلۆمەتر؟

8/13/2019 5:03:00 PM
د. مەجید ساڵح

لەم رۆژانەدا لە میدیاکانەوە دەبیستین رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە هەموو توانایەکیەوە پێداگری دەکات بەوەی قوڵایی ئەو ناوچە ئارامەی کە دەیەوێت لە باکوری سوریا و رۆژئاوای کوردستان دروست بکات، لە ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر کەمتر نەبێ. لەوانەیە کەم کەسمان لە خۆمان پرسی بێت بۆ دەسەڵاتدارانی تورک هێندە سورن لەسەر ئەو قوڵاییە و بە چ مەرامێک ئەو رەقەمە لێ دەدەن؟ بۆ گەیشتن بە وەڵامێکی دروست پێویست بەوە دەکات ٩٩ ساڵێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە، بە مانایەکی دیکە بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمانەی کە مستەفا کەمال ئەتاتورک خەلافەتی هەڵوەشاندەوە و جمهوریەتی راگەیاند.


دوای ئەوەی هاوپەیمانەکان ئەستەمبوڵیان داگیر کرد و خەلیفەی عوسمانی محەمەدی شەشەمیان بە ئارەزووی خۆیان هەڵدەسوڕاند، مەجلیسی مەبعوسان (پەرلەمان) چون بۆ ئەنقەرە و لە ١١ی نیسانی١٩٢٠ دایانە پاڵ مستەفا کەمال. پاشان لە کۆبوونەوەی ٢٨ ی کانونی دووەمی ١٩٢٠ میساقی میللی (پەیمانی نەتەوەیی)یان راگەیاند کە لە شەش خاڵ پێکهاتبوو. بە پێی ئەو میساقە دەوڵەتی تورکیای پاش جەنگی جیهانی پێکدێت لە تورکیای ئێستا لە گەڵ ولایەتی موسڵ و کەرکوک و باکوری سوریا بە حەلەب و لیوای ئەسکەندەرۆنەوە. ئەم میساقە دەستی مستەفا کەمالی واڵا کرد بۆ ئەوەی لە تەواوی ئەو جێگایانەدا جەنگی سەربەخۆیی هەڵگیرسێنێت. بەڵام رێکەوتننامەی لۆزان لە ٢٤ی تەموزی ١٩٢٣ نەخشەی ئێستای تورکیای چەسپاند، بەمجۆرە مستەفا کەمال بە خەونی داگیرکردنەوەی ویلایەتی موسڵ و باکوری حەلەب و ئەسکەندەرۆنەوە لە ساڵی ١٩٣٨ سەری نایەوە. ساڵی ١٩٣٩ عیسمەت ئینینۆ توانی ولایەتی ئەسکەندەرۆنە داگیر بکاتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا تورکە ناسیۆنالیستەکان بە دوای هەلێکدا دەگەڕێن ولایەتەکانی حەلەب و موسڵیش داگیر بکەنەوە.


هاتنی داعش و جەنگی ناوخۆیی سوریا ئەو هەلەی بۆ ئەردۆغان رەخساند بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە ئەوەی مستەفا کەمال ئەتاتورک نەیتوانی لە جەنگی رزگاریدا تەواوی بکات، ئەم دوای نزیکەی ٩٩ ساڵ بەدەستی بهێنێیت.


قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر لە ناو خاکی سوریا بۆ تورکەکان رەمزیەتێکی مێژوویشی هەیە، چونکە گۆڕی "شاه سلێمان"ی باپیری عوسمانی باپیرە گەورەی سوڵتانەکانی تورک دەکەوێتە ناو قوڵایی ٣٠ کیلۆمەترەوە. ئەردۆغان لە زۆربەی وتارەکانیدا باس لە میساقی میللی دەکات. ساڵی ٢٠١٦ رەخنەی توندی لە مستەفا کەمال گرت و وتی: "ساڵی ١٩٢٣ دەسەڵاتداران بە بیانووی جۆراوجۆر نەیانتوانی بەندەکانی میساقی میللی بەدیبهێنن، ٩٣ ساڵە کارەسات بەسەرماندا دەبارێ، چی دیکە چاوەڕێ ناکەین کارەساتەکان لە دەرگامان بدات، ئێمە بۆی دەچین. لە جیاتی خۆ سەرقاڵ کردن بە مێشولەوە، چڵکاوەکە وشک دەکەین".


ئەو سنورەی کە ئەردۆغان باسی دەکات گوایە لە میساقی میللیدا هاتووە، چی لە سوریا بێت و چی لە عێراق، هەر دوو بەشی باشور و رۆژئاوا دەگرێتەوە. لە باشور سوپای تورکیا لەو قوڵاییە و زیاتریش تەراتێن دەکات، لە رۆژئاواش دوای داگیر کردنی عەفرین و جەرابلوس، هێزی زۆری لەسەر سنورەکان کۆکردوەتەوە، واخەریکە بە زۆر نەبێ، بە رێکەوتن لە گەڵ ئەمریکا بەشێک لە مەرامەکانی بەدی دەهێنێ.


لە راستیدا نەمانی دەسەڵاتی مەرکەزی سوریا و عێراق بەسەر ناوچە سنورییەکاندا، ئەو هەلەی بۆ ئەردۆغان دروست کردوە، بە بیانووی قەڵاچۆکردنی تیرۆر لەشکرکێشی بکاتە سەر و داگیری بکات.


نەبوونی هەماهەنگ و لێک تێگەیشتن و رێکەوتن لە نێوان هێزە کوردییەکانی هەردوو بەش، هێندەی دیکە دەرفەتەکەی بۆ ئەردۆغان سانا کردوە، نەک بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر، بەڵکو تا ئەو جێگەیەی خۆی دەیەوێت بێتە ژوورەوە و تەنانەت بە هەمان بیانووی لێدانی PKK، ئەزمونی باشوری کوردستانیش بخاتە مەترسیەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن