12وتار

ئۆپۆزسیۆنێک بەخۆی نازانێ و خزمەت بە پارتی دەکات!

5/24/2025 4:17:00 PM
د. مەجید ساڵح

لە دنیای سیاسەتی کوردیدا، جۆرێک لە "ئۆپۆزسیۆن"هەیە بەخۆی نازانێ و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ خزمەتی دەسەڵات دەکات. ئەم دەنگانە، کە زیاتر خۆیان بە ڕەخنەگری (پارتی) لەقەڵەم دەدەن تا دەسەڵات، بێ ئاگان لەوەی هەندێ لە ڕەخنەکانیان خزمەتی گەورە بە پارتی دەکات، بۆ نمونە کاتێک یەکێکیان دەڵێ

پارتی «مووچەی دەدات بە هەندێ لە بەرپرسە ئەمریکییەکان» و گوایە نهێنی   پەیوەندییەکەی پارتی و ئەمریکا لەوەدایە،  ئەو ڕەخنەیە – لەجیاتی لاوازکردنی پێگەی پارتی – وێنەیەک لەهزری خەڵکدا دروست دەکات کە پارتی بووەتە "ئەکتەرێکی زیرەکی جیهانی"  و کاریگەرییەکانی سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕەڕاندوە و تەنانەت سیاسەتمەدارەکانی وڵاتێکی گەورەی وەک ئەمریکاش دەکڕێ. بەم کارە "ڕەخنەکە" دەبێتە هۆی «بازاڕکردنی خۆڕایی هێز بۆ پارتی» و لە هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەقینە بەتاڵ دەبێتەوە.
یان ئەوکاتەی هەندێک بەناوی "ئۆپۆزسیۆن"ەوە بۆ دژایەتی کردنی پارتی بەرگری لە سیاسەتی بەغدا بەرامبەر بە کوردستان دەکەن، گوایە ئەوەی عێراق بۆ "چاکسازییە لە هەرێم" و وەک ئامرازێکی ڕامکردنی ئابوری خەلکی کوردستان و گوشاری سیاسی نایبینن، ئەم جۆرە وتارەش لە دوورمەودادا دەکەوێتە خزمەتی پارتی و وەک پاڵەوانی بەرگری لە قەوارەی هەرێم و تاکەهێزی نەتەوەیی دەیخاتەڕوو، ئۆپۆزسیۆنیش وەک....

حەقیقەت ئەوەیە بەهۆی شانخاڵی کردنی یەکێتی و ئۆپۆزسێۆنەوە، لە ئێستادا پارتی بەرپرسە لە دۆخی هەرێم و پەیوەندییەکانی هەرێم بە عێراق و دنیای دەرەوە بەوجۆرە ئیدارەی دەدا کە خۆی دەیەوێ و لە ناوخۆ  سیستەمی تاکڕەوی و پەراوێزخستنی شەریکەکان و ئۆپۆزسیۆن ولاوازکردنی رۆڵی  پەرلەمان پەیڕەو دەکات و پەرپرسە لە نەبوونی شەفافیەت و ئازادیییەکان و هۆکاری راستەقینەی چەقبەستوویی سیاسییە لە هەرێم و رەخنەیی زۆری لەسەرە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئۆپۆزسیۆنێک کە جیاوازی لەنێوان ڕەخنەی ناوخۆیی و پشتگیریی لە دەرەوە نەکات و چارەسەری واقیعی نەخاتەڕوو، هەرگیز ناتوانی گۆڕانکاری دروست بکات. ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ پێویستیمانی پێیەتی ڕەخنەیەکی ئازایانە و ڕاستگۆیانەیە کە لە بەرژەوەندی خەڵکدا بێت، نەک هەڵقوڵاوی تەسفیەی حساب و  کاوێژکردنەوەی هەندێ شتە کە ناڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەتی دەسەڵات و لەجیاتی لاوازکردنی بەهێزی دەکات.

ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە نە بەهانە بۆ مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم دەدۆزێتەوە، نە روخساری دەسەڵات وەک کاراکتەرێکی بەهێزی کاریگەری زەبەلاح و… دەخاتەڕوو، بەڵکو شاراوەکان ئاشکرا دەکات، ڕووبەڕوویان دەبێتەوە ئەڵتەرناتیف دەخاتەڕوو و لەگەڵ ئەوەشا وڵات بنیاد دەنێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن