وتار

نامەیەک لە گەرمەی ئەنفالەکاندا

3/5/2019 6:00:00 PM 635 جار خوێندراوەتەوە
مەجید ساڵح

ساڵی ١٩٨٧ دوای ئەوەی عەلی حەسەن مەجید کرا بە بەرپرسی کوردستان، پلانێکی دانا بۆ دەرکردنی هێزی پێشمەرگەو داگیرکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان. ئەوەبوو لە هەشت قۆناغدا پەلاماری ناوچە ئازادکراوەکانی دا:
- ئەنفالی یەک: لە ٢٢/٢/١٩٨٨ تاوەکو ١٩/٣ی هەمان ساڵ هێرشی کردە سەر سەرکردایەتی یەکێتی لە سەرگەڵو بەرگەڵو.


- ئەنفالی دوو: قەرەداغ ٢٢/٣/١٩٨٨ بۆ ١/٤/١٩٨٨.
- ئەنفالی سێ: ناوچەکانی گەرمیان لە ٧ /٣ بۆ ٢٠/٤ ساڵی ١٩٨٨.
- ئەنفالی چوار: دۆڵی زێی بچوک لە ٣ – ٨/٥ ساڵی ١٩٨٨.
- ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت: دۆڵ و چیاکانی شەقڵاوەو رەواندز لە ١٥/٦ بۆ ٢٦ /٨/١٩٨٨.
- ئەنفالی هەشت: بادینان ٢٥/٨ بۆ ٦/٩ ساڵی ١٩٨٨.


زۆربەی ئەم پەلامارانە بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوون. هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو بە گازی کیمیاییشەوە لە دژی خەڵک و پێشمەرگە بەکارهات. لەوکاتەدا مام جەلال لە دەرەوەی کوردستان بوو، کاک نەوشیروان رێبەرایەتی و فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی دەکرد. بەرگرییەکی قارامانانە کرا، بەڵام دوایی بەهۆی ناهاوسەنگی هێزو پشتیوانی وڵاتان و بێدەنگ بوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئاست تاوانە دڕندانەکانی رژێم، سوپای عێراق توانی بەسەر پێشمەرگەدا سەرکەوێت و ناوچە ئازادکراوەکان یەک لە دوای یەک داگیر بکاتەوە.  


لە گەرمەی ئەم سەرکەوتنانەدا، سەدام حسێن لە رێگەی دکتۆر موکەڕەم تاڵەبانییەوە پەیوەندی کرد بە سەرکردایەتی کوردەوەو داوای خۆبەدەستەوەدان  و گەڕانەوەیانی لێ کرد. دکتۆر موکەڕەم هەرچۆنێک بێ پەیامەکەی سەدام حسێنی گەیاندوە بە کاک نەوشیروان، ئەویش لە  ٢٨/٥/١٩٨٨ بە نامەیەکی دوورودرێژدا وەڵامی سەرکردایەتی کوردی پێ راگەیاندوون. نامەکە دوورودرێژە، لە داهاتوودا لە دووتوێی لێکۆڵینەوەیەکی زانستیدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگە دێڕە کۆتاییەکانی نامەکەیە، کە دوو رەهەندی گرنگی تێدایە:


یەکەم: کاک نەوشیروان لە ناخۆشترین ساتەکانی تێکشکانی هێزی پێشمەرگەدا زۆر بە ورەی بەرزەوە وەڵامی ملهوڕترین دیکتاتۆری ئەو سەردەمەی داوەتەوە، پێی وابووە کورد تاکە پارسەنگە بۆ سەرکەوتنی جەنگو بەم کارانەیان “هەرگیز ناتوانن گەلەکەمان دەستەمۆ بکەن”.


دووەم: پێی وابووە رژێم تەنیا بە چارەسەرکردنی کێشەی کوردی دەتوانێ درێژە بە ژیانی خۆی بدات و پێشبینی رووخانی ئەو رژێمەی کردووە.


پێم وایە هەر ئەم دووربینی و ورەبەرزی و قەناعەتە بوو وایکرد دوای ئەنفالەکان هێزی پێشمەرگە رێکبخاتەوەو رێکخستنەکانی کۆمەڵە ببوژێنێتەوەو ئامادەیان بکات بۆ راپەڕینی ٥/٣/١٩٩١.

دەقی بەشێک لە نامەکە:
“جەنگی خەلیج، ئێمە کاتی خۆی بە کاربەدەستانی عیراقمان وت، نە بە سۆپەرئەتندارد و نە بە قەرزی ئەمریکا و نە بە مەوادی کیمیایی بەلادا ئەکەوێ، بەڵکو عاملی بڕیاردەری چارەنوسی ئەو شەڕە نەتەوەی کوردە، بەهەرلایەکی ناکۆکیەکەدا بکەوێ، ململانێ یەکە بە قازانجی ئەو تەواو ئەبێ، بەڵام ئەوان ئەوسا مەغرور بون. ئەوان لەم چەند مانگەدا توانییان هەندێ سەرکەوتنی عەسکەری بەسەر ئێمە و گەلەکەماندا بەدەس بهێنن، سەبارەت بە نابەرامبەری هێزی نێوان هەردولا، بەڵام هەرگیز ناتوانن گەلەکەمان دەستەمۆ بکەن و بەم کارانەی لەم دواییەدا کردویانە برینێکی قوڵیان کردوەتە ناخی دەرونی نەتەوەکەمان کە ساڕێژ بونەوەی بژاردنێکی گەورەی ئەوێ لەلایەن ئەوانەوە، ئەگەر بیکەن قازانجی ئێستە و پاشەڕۆژی خۆیانی تیایە و ئەگەر نەیکەن زەرەر لە خۆیان ئەدەن لەپێش ئێمەدا، چونکە ئێمە هیچمان نەماوە لەدەستی بدەین، ئەوان سامان و دەوڵەتیان هەیە ئەبێ بیپارێزن..
نەوشیروان مستەفا ٢٨/٥/١٩٨٨.”

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement