799وتار

خەڵک لە نێوان جەلالی و مەلاییدا

3/22/2020 1:12:00 PM
د. مەجید ساڵح

جەلالی و مەلایی، وەک دوو نەهجی کارکردن نەک وەک فکر و ئەندێشە، لە ژێر ناوی دیکەدا رەگوریشەیان دەگەڕێتەوە بو سەردەمی ئەمیرنشینەکانی کورد لە سەدەکانی ناوەڕاست بەدواوە، بەڵام لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوودا لە بەرگێکی بە روواڵەت ئایدۆلۆژیدا خۆیان بەیان کردەوە، بەبێ ئەوەی نەهجی کارکرنیان کە هەر هەمان نەهجی ئەمیرەکانی کورد کە بریتی بوو لە یەکتر کوشتن و ئیقسا کردن و پەنابردن بۆ بێگانە و ناوناتۆرە لەیەک نان بگۆڕن...
ئەم نەهجە لە کارکردن، بە درێژایی شەست ساڵی رابردوو زیانێکی بەشەری و مادی و سیاسی و ئابوری و لەسەرووی هەمویشیەوە لێکترزانێکی گەوەرە کۆمەڵایەتی نەک هەر ئەم بەشەی کوردستان، بەڵکو بەشەکانی دیکەی کوردستانیش داوە..  خودی مام جەلال زۆر بەرپرسیارانە لە چەندین بۆنەو وتاردا باسی لەو زیانانە کردوە..
هەردوو حزب، ئەگەرچی موشتەرەکاتی سیاسی و ئابوری و تەنانەت فکری و کۆمەڵایەتیشیان هەبووە و هەیە، بەڵام موبادەرە و هەوڵەکانی مام جەلالی لێ دەرچێت، زۆر بەدەگمەن کاریان کردوە بۆ لەبیرکردنی رابردووی خوێناویان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیکی سپی..
بگرە لە رێگەی ئەدەبیات و میدیا و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیانەوە دایم برینەکانیان کولاندوەتەوە و ناهێڵن سارێژ ببێت.. 
ئەوەی جێگەی داخە ئەم کارکردن و بیرکرنەوە نەوە بە نەوە دەگوازرێتەوە و  کۆمەڵگای کوردیان بەشێوەیەکی  زەق لە نێوان خۆیاندا دابەش و پارچەپارچە کردوە و هەر نزیک بوونەوەیک لە نێوانیاندا دروست ببێت جەماوەرەکەی خۆیان بە خیانەتی دەزانن و رویان لێ وەر دەگێڕن و ناچار بە لێکترازانیان دەکەنەوە...
ئەوانەی پەروەردەی جەلالیزمن، نزیک بوونەوەی نەک هەر سەرکردە و  حزبەکەی خۆیان لە پارتی بە خیانەت لە قەڵەم دەدەن، بەڵکۆ رێگە بە خۆیان دەدەن مۆری خیانەت بدەن لە هەر حزب و سەرکردەیەکی دیکەش لە کە گەڵ پارتیدا دانیشتن و رێکەوتن بکات.
لەولاشەوە مەلاییەکان (پارتی)، پێیان وایە هەر سازش و دانوساندنێک لە گەڵ جەلالییەکان (یەکێتی) و هاوشێوەکانیان، یان هەر نزیک بوونەوەیکی لایەنەکانی دیکە لە یەکتر دەبێتە لاوازبوونی پارتی و خیانەتیشە لە رێبازی بارزانی.
رۆژ لە دوای رۆژ ئەم بیرکرنەوەیە زیاتر دەچەسپێ، بەەتایبەت دوای ئەوەی هەردوولا بوون بە خاوەنی دەیان کەناڵی میدیایی و هەزاران پەیج و ئەکاونت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە ئێستاتدا لە جەنگێکی میدیاییدا هەردولا بە هەموو هێزێکیانەوە ئیش لەسەر سڕینەوەی یەکتری و نەهێشتنی خاڵە هاوبەشەکان دەکەن.. لەولاشەوە موخابەراتی وڵاتانی نەیار بە کورد و کوردستان، دەستەوەستان دانەنیشتوون و لە قوڵکرنەوەی ناکۆکییەکاندا رۆڵی ئەسپەکەی تروادە دەبینن..
دوای ئەوەی جڵەوی دەسەڵات لە هەردوو حزبدا بە تەواوی کەوتوەتە دەستی کەسانێک کە کەمتر پێشینەی شەڕی براکوژیان هەیە، ئومید دەکرا کۆتایی بەم ئەقڵیەتی یەکتر سڕینەوەیە بهێنرێت، بەلام  هەواڵە بە پەلەکانی کەناڵەکانیان پێمان دەڵێن لەوە ناچێ ئەوانە دەرسیان لە ناسۆر و نەهامەتیەکانی شەڕی یەکتر کوشتن بینیبێت..
کۆمەڵگایی ئیمە شەکەت و ماندوو بووە لە شەڕ بە هەموو جۆرەکانیەوە، ٢٩ ساڵ تەحەمولی گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی هەردوولای کردوە... 
ئیتر بەسیەتی... ئەم چاو لەیەکتر سورکرنەوە و کۆمەڵگا لە دڵەراوییەدا هێشتنەوەیە، تاکو کەی؟!
کەی رەوایە لەبەر حیمایەیەکی داماوی بێکەسی وەزیرێک کە خیری بو خانەخوێکەی خۆی نەبووە، هەرەشەی هەڵگیرسانی شەڕ لەیەکتری بکەن..
چاوێک لە سەرکردە گەنجەکانی وڵاتی (رەوەندا) بکەن لە ئەفریقا، چۆن دوای شەڕێکی خویناوی، رابردویان لە گۆڕ نا و پێکەوە وڵاتەکەیان کردوەتە پێشکەوتوترین وڵاتی ئەفریقایی و لەسەر ئاستی جیهانیش دەیەمین ئابوری گەشە سەندوو..
بەسیەتی تاکەی لە بەکوشتدان و برسی کردن و هەژارکردنی خەڵک ماندوو نابن؟؟!!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن