721وتار

مێژو حیکایەتی بەرئاگردان نییە تا حیکایەتخوانێک بیگێڕێتەوە

9/17/2020 7:40:00 PM
د. مەجید ساڵح

یەکێک لە خەسڵەتە دەگمەن و تایبەتەکانی نەوشیروان مستەفا ورە بەرزی و نەخشەدانان بو بۆ هەڵسانەوە لەکاتی هەرەس و داڕمانی مۆراڵەکاندا. بەڵام مەلا بەختیار لە لاپەڕەی (٧٠)ی کتێبەکەیدا حیکایەتێکی هۆنیوەتەوە گوایە کاک نەوشیروان لەژێر کاریگەری دەرئەنجامی پەلامارەکانی ئەنفالەکاندا بەنیاز بوە ئاشتەبتاڵ بە شۆڕش بکات؛ حیکایەت خوان دەڵێ: "ساڵی (١٩٨٨-١٩٨٩) ئەو شۆڕشە دیموکراسیەی ئەوانەی پێیان وابو، هێندە پیرۆزە، کە ناکرێ بیری جیاوازیش لە ناویا ئازاد بێ، سکرتێری کۆمەڵە، سەرەتا بڕیاریدابو، بەیاننامەیەک دەربکات و بڵاوەی پێ بکات." بۆ زیاتر رونکردنەوەی مەرامە نەزۆکەکەی لە پەراوێزدا نوسیویەتی: "لە کۆبونەوەی مەکەتەبی سیاسیدا، دوای تێکشکاندنی ئەنفالەکان، نەوشیروان مستەفا ویستویەتی قەناعەت بە کۆبونەوەکە بکات، بەیاننامەیەک بڵاوبکەنەوە و بڵاوەی لێ بکەن لەدەرەوەی وڵات خەریکی کاری دیپلۆماسی بن و رۆژنامە بە زمانی کوردی و عەرەبی دەربکەن. تەنها کۆسرەت رەسوڵ و جەبار فەرمان بەرپەچیان داوەتەوە و پێیانگوتوە: ئەم شۆڕشە هی تۆ و مام جەلال نییە. تۆ ئارەزوی خۆتە، ئێمە درێژە بە شۆڕش دەدەین" ...

ئەم پەرەگرافە بێ سەرچاوە و بێ بنەمایە لە رمڵ لێدان و خەیاڵ پڵاوی حیکایەت خوانێک دەچێ، کە گوێگرەکانی بە کاڵفام بزانێ و بیەوێ لەخشتەیان بەرێ. کەسێک کە خۆی بە فەیلەسوف و بیرمەند و مێژونوس بزانێ، گەر دەرونێکی پڕ لە رق و کینە و گرێ نەبێ، هەرگیز رێگە بەخۆی نادات زانیارییەک بڵاو بکاتەوە کە لەگەڵ بنەماکانی لێکۆڵینەوەی زانستی و حەقیقەدا ئاسمان و رێسمانیان بەین بێ، ئەویش لە سەر کێ؟ لەسەر نەوشیروان مستەفا!! بۆ چ روداوێک؟ روداوێک کە (٣٥) ساڵ بەسەریدا تێنەپەڕی بێ و زۆربەی شاهید حاڵەکان زیندوبن و دنیایەک سەرچاوە و بەڵگەنامەی حاشا هەڵنەگری لە سەر بێ.

جا بابێنە سەر پوچەڵ کردنەوەی حیکایەتە خەیاڵیەکەی مەلا بەختیار:
یەکەم: لەسەروبەندی ئەنفالەکان و لە دوای ئەنفالەکاندا بەسەدان پێشمەرگە و چەندین سەرکردەی سیاسی و فەرماندەی سەربازی کە زۆربەیان لە ژیاندا ماون، شاهیدی ئەوەن کە نەوشیروان مستەفا بەدرێژایی حەوت مانگی پەلامارەکانی ئەنفالەکاندا چۆن بە ورەیەکی بەرزەوە و بە تەکتیکی جەنگی فەرماندەیی شەڕەکانی کردوە و هەوڵی داوە بە کەمترین زیان لەو شەڕە نابەرامبەرانەدا لێی دەرچێ. لە دوای پرۆسەی ئەنفالەکانیشدا ئەوە هەر نەوشیروان مستەفا بو چەندین خولی پارتیزانی بۆ پێشمەرگەکان کردەوە و ئامادەی دەکردن بۆ جەنگی پارتیزانی... و چەندین مەفەرەزەی پارتیزانی ناردەوە بۆ ناوچە سوتماکەکان.. وەڵامی ئەم بوختانەی مەلا بەختیار بۆ ئەو پێشمەرگە و فەرماندە قارەمانانەی یەکێتی بەجێ دەهێڵین. پێشنیاریش بۆ کاکە مەلا دەکەین بیرەوەرییەکانی سوڵتان هاشم بخوێنێتەوە لە کاتی پەلامارەکانی ئەنفالدا کە چۆن پێشمەرگەکانی یەکێتی بە فەرماندەیی نەوشیروان مستەفا بەرگری قارەمانانەیان کردوە.

دوەم: تێکۆشەرەکانی رێکخستەکانی کۆمەڵە باش دەزانن چۆن نەوشیروان مستەفا چەند مانگێک دوای شکستە سەربازییە کاتییەکانی پێشمەرگە، لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا سوپای رزگاری کوردستان (سرک)ی دروست کرد و ئامادەی کردن بۆ شەڕی ناو شارەکان و چەندین ئەوەی خۆی ناوی نابو (وەکر)ی لە شار و شارۆچەکان بۆ چالاکی پێشمەرگانەی ناو شارەکان دروست کرد.
گومانم لەوەدا نییە ئەو تێکۆشەرەرانە کە ئێستا بەشێکیان لە ناو یەکێتی و بەشێکی دیکەیان لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان یان بێ لایەنن، وڵامی قەپۆز شێکینیان بۆ ئەم بوختانە سیخناخ لە بوغز و قینەیەی مەلا بەختیار دەبێ..

سێیەم: بۆ دەرخستنی درۆ و دەلەسە هەڵبستراوەکانی مەلا بەختیار، لێرەدا چەند پەرەگرافێکی ئەو نامە بڵاو نەکراوانەی نەوشیروان مستەفا دەخەینەڕو کە لە گەرمەی ئەنفالەکاندا لە رێگەی دکتۆر موکەڕەم تاڵەبانی ناردونی بۆ سەدام و بە ورەیەکی بەرز و ئایندە بینییەکی بێ وێنەوە کاری بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلەکەی کردوە. لە ٢٨/٥/١٩٨٨ ئاوای بەسەرانی بەعس وتوە:
"جەنگی خەلیج، ئێمە کاتی خۆی بە کاربەدەستانی عێراقمان وت، نەبەسۆپەر ئەتاندارد و نەبەقەرزی ئەمریکا و نە بە مەوادی کیمایی بەلادا ئەکەوێ، بەڵکو عاملی چارەنوس سازی ئەو شەڕە نەتەوەی کوردە، بەهەرلایەکی ناکۆکیەکەدا بکەوێ، ململانێکە بە قازانجی ئەو تەواو ئەبێ، بەڵام ئەوان ئەوسا مەغرور بون، ئەوان لەم چەند مانگەدا توانیان هەندێ سەرکەوتنی عەسکەری بەسەر ئێمەو گەلەکەماندا بەدەس بهێنن، سەبارەت بە نابەرامبەری هێزی نێوان هەردولا، بەڵام هەرگیز ناتوانن گەلەکەمان دەستەمۆ بکەن و بەم کارانەی لەم دوایانەدا کردویانە برینێکی قوڵیان کردوەتە ناخی دەرونی نەتەوەکەمان کە ساڕێژ بونی بژاردنێکی گەورەی ئەوێ لە لایەن ئەوانەوە، ئەگەر بیکەن قازانجی ئێستەو پاشەڕۆژی خۆیانی تیایە و ئەگەر نەیکەن زەرەر لە خۆیان ئەدەن لە پێش ئێمەدا چونکە ئێمە هیچمان نەماوە لەدەستی بدەین، ئەوان سامان و دەوڵەتیان هەیە ئەبێ بیپارێزن..."

چوارەم: نەوشیروان مستەفا لەو ساتەی کە بڕیاری وازهێنان لە دکتۆراکەیدا و لە کەناری دانوبەوە گەڕایەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، دەیزانی ئەم بڕیارەی لەوانەیە ببێتە هۆی شەهید بونی، ئەویش وەک هەمو هاوڕێ پێشمەرگەکانی پرۆژەیەکی بەردەوام بو بۆ شەهید بون و دەیان جاریش لە لێواری مەرگ گەڕایەوە. بۆیە بە عەقڵی کەسێکی نەخۆشدا نەبێ بە ئەقڵی هیچ کەسێکی ژیردا ناچێ شکستێکی سەربازی وا لە رابەرێکی فکری و فەرماندەیەکی پارتیزان بکات لە واقعەکە هەڵبێ و میژویەکی ناشیرین بۆ خۆی و هاوڕێکانی تۆمار بکات.. ئاخر نەوشیروان مێژونوس بو، مێژو خوێن بو پەندی لە مێژو و چارەنوسی دەیان سەرکردە و رابەر و فەرماندەی سەربازی وەرگرتبو، دەیزانی دوایی مێژو چۆن باسیان دەکات.. بۆیە هەڵهاتن لە بەرپرسیارێتی و ئاشبەتاڵ کردن هەرگیزاوهەرگیز لە خەیاڵی نەوشیروان مستەفادا نەبوە... دیارە مەلا بەختیار قسەکانی مام جەلالی پێ راست نییە کە باس لەوە دەکات لەو کاتەی گەیشتوەتەوە کوردستان کاک نەوشیروان مستەفا پێی وتوە: "ئەگەر ئەو برادەرانە لە شکست نەبان، پێم دەگوتی بگەڕێینەوە، چونکە لەگەڵ ئەم برادەرانی ناوەوەدا فەقەت ناومان یەکە، نە بیروباوەڕمان نەسیاسەتمان، نە بیروبۆچونمان وەکو یەکە، بەڵام ئێستا ئەو برادەرانە لە شکستان و لە شکستا نابێ میللەتی خۆمان و برادەرانی خۆمان بەجێ بهێڵین". ئەمەیە بیرکردنەوەی نەوشیروان مستەفا، دانی بەجەرگی خۆیدا ناوە و هەمو ناسۆرەکانی قەبوڵ کردوە، تەنها لەبەر ئەوەی لە شکستدا کەسانێک بەجێ نەهێڵێ کە ئەمڕۆکە ئەو لە ژیاندا نەماوە بوختانی بۆ هەڵ دەبەستن..

مام جەلال لە بەشێکی دیکەی بیرەوەرییەکانیدا دەگێڕێتەوە "رۆژێک نەوشیروان مستەفا جیای کردمەوە و وتی: مام جەلال پێت وایە من تۆم خۆش دەوێ، وتم ئاە، وتی پێت وایە من پەرۆشی پاراستنی تۆم، وتم بەڵێ، وتی دەمنیش قسەیەکم هەیە، مام جەلال هەتا ئێستا سەرکردەی شۆڕشەکانی کورد لە دەرەوەی وڵات مردون، یەکێک لە سەرکردەکان لە ناوەوە نەمردوە... وتی با من و تۆ لە خاکی کوردستان بمرین با وڵاتەکە چۆڵ نەکەین، با بڵێن لەسەر فڵان گرد، مام جەلال شەهید بو، لەسەر فڵان گرد نەوشیروان  شەهید بو،  ئەمە با بكەبن بە نەریتێك كە سەركردەكان وڵات بەجێ ناهێلێن، منیش داواكارییەكەیم قبوڵ كرد و گەراینەوە وڵات."

لەبەر ئەوەی مەلا بەختیار نوسینەوەی مێژو بە حیکایەتی بەر ئاگردان تێگەیشتوە، بۆیە بۆ ئیسپات کردنی تۆمەتەکانی هیچ سەرچاوەیەک ناهێنێتەوە و خۆی ماندو ناکات چاوێک بە ئەدەبیاتی حیزبەکەدا بخشێنێتەوە و بزانێ ئایا لەسەر ئەو تۆمەتەی هیچ دیکۆمێنتێک هەیە یان نا.. قەیناکات وا من پەرگرافێکی ئەو بەیاننامەیەی (١٩)ى مانگی (٣)ی (١٩٨٨) بۆ بڵاو دەکەمەوە کە نزیکەی مانگێک دوای دەستپێکردنی ئەنفالی یەک و کشانەوە و چۆڵکردنی بارەگای سەرکردایەتی، کاک نەوشیروان نوسیویتی و بەناوی مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک ەوە بڵاوکراوەتەوە و پێشبینی روخانی سەدام و رژێمەکەی کردوبو:
"... به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ئاگاداری جه‌ماوه‌ری میلله‌ته‌که‌مان ئه‌که‌ین ئه‌گه‌ر چی دوژمن به‌ قیمه‌تێکی گران سه‌رکه‌وتنێکی بچوکی له‌ گرتنی ناوچه‌یه‌کی جوگرافی ته‌سک به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام دڵنیایان ئه‌که‌ین که‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ نقطه‌ی وه‌رچه‌رخانێک ئه‌بێ له‌ جه‌نگی (٢٧) ساڵه‌ی گه‌لی کوردو جه‌یشی عیراقی دا به‌قازانجی گه‌له‌که‌مان و سه‌ره‌تای پاککردنه‌وه‌ی یه‌کجاری خاکی کوردستان ئه‌بی له‌ هێزی چه‌په‌ڵی داگیرکه‌ری به‌عسی که‌ ڕۆژی له‌ گۆڕنانی نزیک بۆته‌وه‌...
بۆ پێشه‌وه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی خه‌بات له‌ پێناوی ڕوخاندنی رژێمی به‌عس وبه‌ده‌ستهێنانی مافی ئازادی چاره‌نوس بۆ گه‌لی کورد.
مه‌کته‌بی سیاسی
یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان 
١٠ ی مارتی ١٩٨٨"


دۆست و دوژمن شاهیدی ئەوە بۆ نەوشیروان مستەفا دەدەن کە ئەو پیاوێک بوە گوفتار و کردارەکانی وەک یەک بون، بە چ ئەقڵێکدا دەچێ خۆی روزەردەی نەتەوەکەی بکات..!!

ئەم ئەقڵیەتەی کە لە پشت تۆمەتێکی لەو چەشنەوەیە، گەر ئامانجی تێکدانی راستیەکان و هەڵبەستنی بوختانی ناڕەوا و دور لە ئیتیکی پیشەی نوسین نەبێ، چۆن جورئەت ئەکا و رێگە بە خۆی دەدا بە خەویش باس لەوە بکات لە دوای ئەنفالەکان نەوشیروان مستەفا بە نیازی ئاش بەتاڵ کردن بوە بە شۆڕش..

بەشێک لە نامەیەکى مێژویى نەوشیروان مستەفا لە 1988/5/28

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن