567وتار

ویستەکانی ئەوان هاتە دی و خواستەکانی کورد کەوتە گەروی نەهەنگەوە

2/10/2021 7:57:00 AM
د. مەجید ساڵح



بڕیارە لە تشرینی یه‌كه‌می ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجام بدرێت، بەدڵنیاییەوە دوای هەڵبژاردنەکان کۆمەڵە خەڵكێکی دیکە بە نوێنەرایەتی کورد دەچنەوە بەغدا، هەندێ لەوانە لەوانەیە دوەمجار و سێیەم جاریان بێ. بەڵام پێش هەڵبژاردنەکە، مافی خۆمانە ببپرسین ئەوانە بۆچی دەچن بۆ بەغدا؟!
حەتمەن وەڵامەکە ئەوەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان دەچن!!

دیسانەوە مافی خۆمانە بپرسین، ئەوانەی پێشتر چوون هەر وایان وت، بەڵام چییان کرد؟!
 لە دوای ٢٠٠٥ەوە ئەوە پێنجەهەمین گروپە بە نوێنەرایەتی گەلی کوردستانەوە چوونەتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەپاڵ ئەوانیشدا، سێ سەرۆک کۆمار و دەیان کەس بە نوێنەرایەتی کورد، چه‌ندین پۆستی‌ سیادیی‌‌و وه‌زاریی‌ هه‌ستیاریان‌ حكومه‌تی‌ عیراقی‌ فیدراڵی‌ وه‌رگرت‌.

کارنامەی هەڵبژاردنی ئەو حیزبانەی ئەوانیان ناردوە بۆ بەغدا پڕە لە وەعد و بەڵێن بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان لە بەغدا، بەڵام لەو ٢٠ ساڵه‌دا چیان کردوە بۆ کورد؟ ئایا توانیان خواستە نیشتمانییەکانی گەلی‌ كوردستان بەدەست بهێنێن؟! ئایا توانیان له‌ به‌غدا شه‌راكه‌تی‌ سیاسیی رۆشن له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌ عیراقییه‌كاندا بونیات بنێن؟ ئایا توانیان‌ به‌ئاراسته‌ی‌ چه‌سپاندن‌و جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و ماده‌ ده‌ستووریانه‌ی كه‌ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردستان ده‌سه‌لمێنن، گوشار دروست بكەن؟!

ئایا توانیان كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان بگەڕێننەوە بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌ كاتێكدا لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا به‌ڵێنیان‌ به‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان دابوو لەچوارچێوەی مادەی ١٤٠ی دەستوری هەمیشەیی عێراقدا ئه‌و کێشەیە چارەسەر دەکەن؟!
ئایا توانیان زمانی‌ كوردی‌ وه‌ك زمانی‌ پله‌ یه‌كی‌ فه‌رمی‌ له‌ عیراقدا بچەسپێنن، وه‌ك له‌ ماده‌ی‌ (٤)ی‌ ده‌ستوری‌ عیراقدا هاتووه‌؟!

ئایا توانیان سه‌رباز‌و پله‌دارانی‌ گه‌لی‌ كوردستان له‌هێزه‌ چه‌كداره‌كان‌و سوپای‌ فیدراڵدا به‌شداری پێ بکەن وه‌ك ئەوەی له‌ ماده‌ی‌ (٩)ی دەستوردا هاتووه؟!

ئایا توانیان یاسا دەربکەن بۆ هه‌ردوو ماده‌ی‌ (٦١‌و ٥٦) ‌ "یاسا فیدراڵییه‌كان‌" و دامه‌زراندنی‌ "ئه‌نجومه‌نی‌ فیدراڵ‌"؟!

ئایا توانیان دادگای‌ فیدراڵی‌ باڵا بخەنه‌گه‌ڕ‌، تاوەکو لە رێگەیەوە به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بکەن، وه‌ك له‌ ماده‌كانی‌ (٩٢، ٩٣‌و ٩٤)دا هاتووه‌؟!

ئایا توانیان کار بکەن بۆ دامه‌زراندن‌و خستنه‌گه‌ڕی‌ ده‌سته‌ی‌ گشتیی‌ چاودێریی‌ داهاتی‌ فیدراڵ‌‌و ده‌سته‌ی‌ راژه‌ی‌ فیدراڵ‌، بۆ به‌رگریكردن له‌ به‌ركه‌وتی‌ دارایی‌‌و كارگێڕیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، وه‌ك له‌ هه‌ردوو ماده‌ی‌ (١٠٦‌و ١٠٧)دا هاتووه‌؟!

ئایا توانیان ماده‌ی‌ (١٢١)ی دەستور کارا بکەن کە لە رێگەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێ نوسینگه‌ی خۆی له‌ تەواوەی باڵوێزخانه‌كانی‌ عیراقدا بکاتەوە، به‌جۆرێك نوێنه‌رایه‌تیی‌ قه‌واره‌ی‌ نیشتمانیی‌ هه‌رێم بكه‌ن، نه‌ك حزبه‌ سیاسییه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی‌ كوردستان؟!

ئایا توانیان بەپێی هەمان مادە دامه‌زراندنی‌ له‌شكری‌ یه‌كگرتووی‌ پاسه‌وانی‌ هه‌رێم، وه‌ك قه‌ڵغانی‌ پاراستنی‌ ده‌سكه‌وته‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردستان بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە خاوەن لەشکرێکی نیشتمانی دوور له‌ هه‌ر ئیعتبارێكی‌ حزبی‌‌و میلیشیایی؟!

ئەمانە و دەیان کاری دیکە هەبوون دەبوایە نوێنەرانی کورد لە بەغدا بە گیانێکی نیشتمانی و نەتەوەییەوە کاریان بۆ جێەجێکردنیان بکردایە، نەک هانی هێزە شیعەکان بدەن بۆ داگیرکردنەوەی کوردستان لەژێر پاساوی ئەوەی لە کوردستاندا گەندەڵی هەیە. بەڵێ لە کوردستاندا گەندەڵی هەیە و هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار غەرقن لەو گەندەڵیانە، بەڵام، ئەوە ئەرکی خەڵکی کوردستانە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە بگۆڕن، نەک برایەکی عەرەبی چاوڕەش. ئەوان با لە پێشدا دۆخی نغرۆبووی خۆیان لە زەلکاوی گەندەڵی و هەژمونی دەرودراوسێ بگۆڕن..

ئەگەر لەم هەڵبژاردنەشدا کۆمەڵێک پەرلەمانتار و وەزیر و سەرۆک کۆمارێک دەنێرینەوە بۆ بەغدا، دوای چوار ساڵ وەک سەرمایەدار دێنەوە بۆ کوردستان ئەوە چیمان کرد بەچی؟!

راستی فەرموو نەوشیروان مستەفا کاتێک وتی: "لەهەرێمی کوردستان هیچ لایەنێکی دەستوری، قانونی، سیاسی، تەنانەت حیزبی نییە دەسەڵاتی لێپرسینەوەی هەبێ لەگەڵ هیچ کام لە ئەندامانی نوێنەرایەتی کورد لە دەزگای بڕیاردانی سیاسی عیراقیدا. ئەوانیش ئەوەندە لە خەمی مسۆگەر کردنی پلە و پایەی بەرز و دەسکەوتی تایبەتیدا بوون بۆ خۆیان و خزم و دەستوپێوەندەکانیان لە خەمی چەسپاندنی مافەکانی کورددا نەبوون لە مەیدانی ججێبەجێکردندا.. ویستەکانی ئەوان هاتە دی و خواستەکانی ئێمە کەوتە گەروی نەهەنگەوە.."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن