گریان بەدیار تفەنگەکانەوە یان گەڕان بەدوای چەکی نوێدا
5/15/2025 10:49:00 AM
د. مەجید ساڵح
لە نێو ئەو گۆڕانکارییە قووڵانەی کە هەرێمەکە و جیهان بەخۆیەوە دەبینێت، پێویستە کورد چاو بە شێوازەکانی خەبات و ئامرازەکانی بەرگری لەخۆی بخشێنێتەوە. حەقیقەت ئەوەیە سەردەمی چیا و تفەنگ کۆتایی هاتووە، یان بە لایەنی کەمەوە، چەکی بەرگری کاریگەری جارانی نەماوە. گۆڕانکارییە جیۆسیاسی و تەکنەلۆژییەکان واقیعێکی نوێیان بە سەر کورددا سەپاندووە، پێویستە کورد بە هۆشیاری سیاسی و ستراتیژیەتی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
ئەوەی ئەمڕۆ لە بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا ڕوودەدات نیشانەیەکی ڕوونە لەسەر ئەم گۆڕانکارییە. لە باکووری کوردستان، پارتی کرێکارانی کوردستان کە نیو سەدەیە قارەمانانە رووبەڕووی گەورەترین سوپای ناتۆ و جاشە ناوخۆییەکان بووەتەوە، بە بڕیارێکی ئازایانە و بە تێگەیشتن لە دۆخەکە خۆی وەک ڕێکخراوێکی چەکداری هەڵوەشاندەوە، کۆتایی بە قۆناغێک هێناو قۆناغێکی نوێی دەستپێکرد.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، ئێران و عێراق تەنگیان بە "کۆمەڵە" و حیزبی دیموکراتی کوردستان هەڵچنیوە، چەکیان لێ سەندوونەتەوە و گواستوویاننەتەوە بۆ کەمپی نوێ.
باشووری کوردستانیش دۆخەکە باشتر نییە. سەرەڕای داواکاریە بەردەوامەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەوروپا بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەترێکی نیشتمانی یەکگرتوودا، کەچی یەکێتی و پارتی هێشتا دەستیان بە میلیشیاکانی خۆیانەوە گرتووە و کۆنترۆڵی ناوچەکانی خۆیان دەکەن، بەهۆی گومانەکانیان لەیەکتر و نەبوونی متمانە ئەو هێزانەیان هێشتوەتەوە کە نەک خزمەت بە کورد ناکەن، بەڵکو بوونەتە بار بەسەر خەڵک و حکومەتەوە و لە ئەنجامی ناکۆکی خۆیان بەبێ بەرگرییەکی ئەوتۆ، بەشێکی زۆری کوردستانیان ڕادەستی حەشدی شەعبی کردوە.
لەم بارودۆخەدا، گریان بەدیار تفەنگەکان و رابردووی شۆڕشی چەکداری هیچ مانایەکی نییە. لەگەڵ پەرەسەندنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی زیرەک، سروشتی جەنگ و بەرەنگاربوونەوەکان گۆڕاون. بۆیە، قۆناغی ئێستا پێویستی بە شێوازێکی نوێی خەبات و بەرگری هەیە، کە لەسەر بنەمایەکی تەواو جیاواز دامەزرا بێت.
ڕاپەڕینی کوردانی ڕۆژهەڵات لە بەهاری ئەمساڵدا سەلماندی کە مەرج نییە خەبات و بەرگری پێویستی بە چەک هەبێ. دیاردەی ساکاری وەک لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی خاکی و لەملکردنی جامانە لە نەورۆز – پەیامێکی زۆر بەهێزی دابە گوێی دۆست و دوژمندا، گوزارشیان لە یەکگرتوویی ناسنامە و پتەوی ئینتمای نەتەوەیی و نیشتمانی کردەوە. کوردان لەوێ تێگەیشتن کە پاراستنی خودی کەلتووری باشترین وەڵامە بۆ هەوڵەکانی سڕینەوە و تواندنەوە.
لێرەوە، گرنگی دیدگایەکی نوێ بۆ بەرگری دەردەکەوێت، کە تەوەرە سەرەکییەکەی ڕێکخستنی جەماوەر، و دروستکردنی هۆشیارییەکی نەتەوییە لەسەر بنەمای پاراستنی میرات، زمان، مێژوو و ناسنامە.
لە جیهانێکدا کە بەرەو جیهانگیری و تێکەڵی زۆرەملێ دەڕوات، دەستگرتنەوە بە کولتووری کوردییەوە ئەگەر بە شێوەیەکی سیستماتیک و ڕێکخراو وەبەرهێنانی تیدا بکرێت، دەتوانێ ببێتە چەک و ئامرازێکی کاریگەری بەرگری و خەبات.
داهاتووی کورد تەنها بە تفەنگ دابین ناکرێت، بەڵکوو دەکرێ لە رێگەی خۆڕێکخستن و بەرگری مەدەنی، و زیندووکردنەوەی کولتوور، و بەهێزکردنی ناسنامە بکرێت. ئەمەیە بەرگری نوێ، و ئەمەیە ئەو تێکۆشانە ڕاستەقینەیەی لە قۆناغی داهاتوودا چاوەڕێی گەلی کورد دەکات.