کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، پێویستییەکی گرنگ لە سەردەمی گۆڕانکاریدا
6/16/2025 9:57:00 PM
د. مەجید ساڵح
١- لە
کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی ناجێگیری سیاسی و جوگرافیایدا تێدەپەڕێت،
رۆژ لە دوای رۆژ هەوڵی وڵاتە زلهێزەکان بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی نەخشەی ناوچەکە بە
روونی دەردەکەوێت. لەم گۆڕانەدا، گەلی کورد وەک یەکێک لە یاریکەرە گرنگ و
کاریگەرەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا وەک یەکێک لە نەتەوە پەرتەوازەکان دەردەکەوێ.
کورد ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی بۆ هەڵکەوتووە و دەکرێت ڕێڕەوی چارەنووسی خۆی بگۆڕێت.
(٢) بارودۆخی ئێستای سیاسەتی کوردی وێنەیەکی
کارەساتباری دابەشبوون و ناکۆکی و پەرتەوازەییمان پیشان دەدات. لە باشوری
کوردستان، ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتیی بەردەوامە، ساڵێکە نەیانتوانیوە پەرلەمان
حکومەت کارا بکەن و کاک مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ناتوانن لە سەر میزێک
کۆبننەوە. تەنانەت دوو ساڵە کاک مەسعود ئامادە نییە سەلاحەدین بەھائەدین و عەلی
بابیر کە کاریگەریان لەسەر دۆخی سیاسی باشوری کوردستان هەیە ببینێت.
لە
ڕۆژهەڵاتی کوردستان، "کۆمەلە" و "حیزبی
دیموکراتی کوردستانی ئێران" و "حیزبی ژیانی ئازادی کوردستان
(پژاک)" زۆرناکۆک و ناحەزی یەکن. لە ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانین یەکێتیەکی
ڕێژەیی لە نێوان حیزبی یەکێتیی دیموکرات و "ئەنجومەنی دیموکراسی سوریا"
راگەیەندراوە، بەڵام ئەمەش زیاتر لە دۆخی ناچارییەوە سەرچاوە دەگرێت وەک لە خواستی
سیاسیی ڕاستەقینە. ئەم پەرشوبڵاوی و ناکۆکیانە نەک هەر کوردی لاوازکردوە، بەڵکو
وای کردوە وڵاتانی داگیرکەر دەست لەکاروباریاندا وەردەن.
(٣) لە
کاتێکدا گفتوگۆ نێوان وڵاتانی ناوچەکە و هێزە دەرەکییەکان (وەک ئەمریکا و فەرەنسا،
ڕوسیا و ئیسرائیل) بەرەو ئاراستەیەکی نوێ دەڕوات، گرنگە بزانین کە ئەم
گۆڕانکارییانە دەکرێت دەرفەتێکی مێژوویی بۆ یەکگرتنەوەی کوردستان بڕەخسێنێت یان بە
پێچەوانەوە، لە نەبوونی یەکێتی سیاسی، جارێکی دیکە کورد ببێتەوە بە قوربانی
ڕێککەوتنە سیاسییەکان.
٤) لە ژێر کایگەری ئەم بارودۆخە ئاڵۆزانەدا، پێویستی
بە (کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کوردی) هەیە کە هەموو بەشەکانی کوردستان لە خۆ بگرێت و
ئەم ئەم کارانە بکات: یەکەم: دامەزراندنی مەرجەعیەتێکی سیاسی کە دەنگی
یەکگرتووی کورد بێت لە ئاستی نێودەوڵەتی. ئەم مەرجەعیەتە پێویستە نوێنەری هەموو
لایەنە سیاسیەکانی کوردی هەموو جیهانی تێدا بێت، نەک تەنیا دەنگی حیزب یان کەسێکی
دیاریکراو. دووەم: یەکخستنی کاروباری هاوبەشی نێوان بەشەکانی کوردستان. لە بواری
ئابووری و کولتووری و پەروەردەوە تا هاوئاهەنگی سیاسی.
سێیەم:
دانانی ستراتیژییەکی هاوبەش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە جوگرافیاییەکان.
نابێت کورد وەک لایەنێکی بچووک لە یارییە گەورەکاندا بەشدار بێت، بەڵکو وەک
لایەنێک کە مافی هەیە.
(٥) بەڵام ئەم ئامانجە گەورەیە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک
بەربەستی گەورە دەبێتەوە: - بەربەستی مێژوویی: میراتی ناخۆشی ناکۆکیی لە
نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکان - بەربەستی سیاسی: جیاوازی لە ئایدۆلۆژیا و
هەندێجار ستراتیژی –
بەربەستی ئابووری: دابەشکردنی سامان
و سەرچاوەکان لە نێوان بەشەکان - بەربەستی دەرەکی: دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکان
کە سوودیان لە بەرژەوەندیان لە پەرتەوازەیی کورددا هەیە.
دەرفەت و تواناکان: سەرەڕای
هەموو ئەم بەربەستانە، دەرفەتەکانیش کەم نین بەدڵنیاییەوە
گۆڕانکارییە گەورە لە نەخشەی سیاسیی ناوچەکەدا روودەدات، و بەرزی ئاستی هۆشیاری
نەتەوەیی خەڵکی کوردستان، و پێویستی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیری درێژخایەنی ناوچەکە،
هەر هەموویان دەرفەتی بێوێنەیان بۆ کورد دروست کردوە.
کۆنگرەی نەتەوەیی کورد خەونێکی
ئایدیالیستی نییە، بەڵکو پێویستییەکی ناچارییە لە سەردەمی ئێستادا. بەبێ ئەم
یەکێتییە، کورد وەک میوانی نیشتمانی خۆیان دەمێننەوە، دەنگی نابیسترێت و چارەنووسی
بەدەستی ئەوانی دیکەوە دەبێ. بۆیە دەبێ هەموو لایەنەکان، لەروانگەی بەرژەوەندی
نەتەوەییەوە تەماشای دۆخەکە بکەن و خواستی سیاسی خۆیان بۆ دامەزراندنی ئەم
مەرجعیەتە بکەن بەکردار. دەرگای مێژوو کراوەیە، بەڵام بۆ ماوەیەکی کورت. مێژوو
دەرفەتە لەدەستچووەکان دووبارە ناکاتەوە.