وتار

بۆچی دیموکراسی لە ھەندێ وڵاتدا سەرناگرێ؟

4/30/2020 11:37:00 AM 154 جار خوێندراوەتەوە
مەجید ساڵح

سیستمی پەرلەمانی و دیموکراسی لەماوەی هەر وڵاتێک لەکاتی جێبەجێکردنیدا چەندین کەموو کوری و لەمپەری دێتە رێ، ئەرکی رۆشنبیر و سیاسەتمەدار و بیرمەندانی ئەو وڵاتە ئەوەیە خەلەل و کەموکوڕییەکان دەستنیشان بکەن و رێگەچارەی گونجاویش بخنەڕوو.
لەبیستەکانی سەدەی رابردوەوە بیرمەندانی ئەمریکایی بەوردی سەرقاڵی دۆزینەوەی کەمووکوڕییەکانی سیستمی پەرلەمانی و دیموکراسی نەک هەر وڵاتەکەی خۆیان، بەڵکو وڵاتانی دیکە بوون. یەکێک لەو بیرمەندانە  هارولد لاسویل (١٩٧٨-١٩.٢) بوو پێی وابوو  لاوازی (مەعریفەی سیاسی ) . لای هاوڵاتیانی یەکێکە لە قەیرانە هاوبەشەکانی سیستمی پەرلەمانی لە وڵاتە دیموکراتەکان، ئەو رای وایە پایەکانی دیموکراسی لەریگەی گەشەپێدانی مەعریفەی سیاسیەوە بەهێز دەبن، تا مەعریفەی سیاسی خەڵک زیاتر بێت، دیموکراسی کەمتر توشی قەیران دەبیت.
لاسوێل, بەکەڵک وەرگرتن لە تیۆرییەکانی فرۆید پێی وایە هەموو تاکێک باوکێکی نمونەیی خاوەن هەژمون و دەسەڵاتی لە "ناخودئاگای" خۆیدا حەشارداوە، ئەو باوکەش زۆرجار لە شیوەی رابەر یان فەرمانرەوا و جۆرەکانی دیکەی دامودەزگا فەرمانرەواییەکاندا دەردەکەویت و نابێ رووبەڕووی بێتەوە. بەڵام کاتێک "خود" یان "ئیگۆ" کە رەفتار و هەڵوێستەکانی مرۆڤ دیاری دەکات، گەشە بکات و بەهێز بێت زیاتر ئەو راستیەی بۆ دەردەکەوێت کە زیادەڕەوی کراوە لە گەورە کردنی دەسەڵاتەکانی "باوک"دا. بەواتایەکی دیکە هەرکاتێک تاک هەستی "خود"ی لەلا بەهیز بوو، دەتوانێ لە هەژموونی باوک خۆی رزگار بکات..
نەخشەی لاسوێل بۆ بەهیزکردنی "خود" رای وایە ئەرکی رۆشنبیران و بیرمەندان ئەوەیە قەڵەمرەوی دانایی و بیرکردنەوە و مەعریفەی سیاسی تاکەکان فراوان بکەن..
کەواتە بۆ بەهیزکردنی دیموکراسی سەرەتا دەبێ تاکێکی خاوەن ئیرادە دروست بکریت.
لیرەوەیە ئەرکی رۆشنبیر و شارەزایان و زانایان قورس و مەترسیدارە، دەبێ سەرەتا خەڵک لەوە هۆشیار بکەنەوە کە پێویستە هەستی بەرپرسیارێتیان لا دروست بێت. بەڵام تەنیا فێرکردن و بیرکردنەوە بەس نیین بۆ بەهیزکردنی دیموکراسی و بەلاریدا نەچوونی، ئەرکی سەرەکی گەیشتن بە ئامانجەکانی دیموکراسی بریتیە لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی (جێبەجێکردن، یاسادان، دادوەری) لە یەکتری و چاودیری کردنی هەریەکەیانە بەسەر ئەوی تریانەوە.
بەبۆچونی لاسویل گرد بوونەوەی دەسەڵات لە یەک جێگە هۆکاری هەموو ناکۆکی و ئاژاوە و ململانێکانە، هەم تاک و هەم کۆمەڵگاش دەتوانن لە ریگەی لاوازکردنی هەرچی زیاتری ستراکچەری دەسەڵات و دابەشکردنیەوە ریگری بکەن لەسەرهەڵدانی ململانێ و ئاژاوەکان..
رەنگە وڵاتی ئێمە لە هەموو وڵاتێک زیاتر پێویستی بەم تێزەی لاسوێل ھەبێ، گەشەپیدانی مەعریفەی سیاسی لەلای هاوڵاتیان و بەهیزکردنی "خود" چەکێکی کارگەرە بۆ دەرباز بوون  لە ژیر هەژموونی "باوک"ە زۆر و زەبەندەکانی وەک رابەر و حزب و ناوچەگەرێتی و ئاین و ئایدۆلۆژیا.
رێگەی گەیشتن بە دیموکراسی هیندە ئاسان نییە وەک هەندێ سیاسەتمەدار و حزب کردویانەتە دروشم و ناونیشانی سەرەکی خۆیان، دنیایەک کۆسپ و تەگەرەی لەبەردەمدایە، دەیان قەیرانی ریشەیی هەیە و قەیرانی مەعریفە و هۆشیاری سیاسی هاوڵاتیان سەرەکی ترینیانە ...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement