وتار

تیۆری پەنجەرە شکاوەکان و هەرێمی کوردستان

10/30/2019 5:29:00 PM 398 جار خوێندراوەتەوە
مەجید ساڵح

تیۆری پەنجەرە شکاوەکان سەرەتا تیۆرییەکی تاوانناسی بوو. ئەم تیۆرییە  زۆر سادەیە پێی وایە لە شتی بچوکەوە شتی گەورە دروست دەبێ، ئاگرە گەورەکان لەسەرەتاوە بزیسکەیەک بوون. ئەم تێۆرییە لە ساڵی ١٩٨٢ لەلایەن "جیمز کیو. ویلسون" و "جۆرج ئیل. کلینگ"ەوە دانراوە، ئەوان پێیان وابوو "بینینی پەنجەرەیەکی شکاو لە ماڵێک یان کارگەیەک یان هەر جێگەیکی دیکە، ئەو پەیامە دەداتە بەرامبەر کە بارودۆخی ئەو جێگەیە باش نییە و سیستمەکەی تێکچووە و ئیهمالی تێدایە". بۆیە دەبێ بە خێرایی پەنجەرە شکاوەکان چاک بکرێنەوە، چونکە زۆر نابات خەڵکی دیکە هەر بۆ هەوەس پەنجەرەکانی دیکەش دەشکێنن و دوای دەرگاکەی و پاشان ماڵەکە دەبێتە وێرانە، لەوێشەوە پەنجەرەی ماڵەکەی بەرامبەری دەشکێنرێت و دواتر گەڕەکە هەمووی دەگرێتەوە و پاشان شارەکە و دواتر وڵاتەکە وێران دەبێ.

 سەرەتا ئەم تێورییە لە ئابوری و تاوانناسیدا بەکاردەهات. بەکورتی ئەم تێۆرییە پێی وایە هەندێ جار تاکەکانی کۆمەڵگا لە هەندێ مەسەلەی بچوکەوە بڕیار دەدەن، بۆ نمونە گەر لە شارێکدا هەندێ تاوانی بچوک بچوک روو بدات، ئەوە نیشانەی ئەوەیە لەو شارەدا دۆخەکە خراپە و کاریگەری دەبێ لە سەر زۆر بوونی تاوان و دەرکەوتنی هەڵسوکەوتی خراپ و دژ بە کۆمەڵگا.

دواتر ئەم تێورییە رەهەندی دیکەی لە خۆ گرت و لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر کرا. مەسەلەکە تەنها بە پەنجرە شکاوەکانەوە نەوەستاو بۆ تێگەیشتنی زیاتری ئەم تێۆرییە، وتراوە گەر خەلەلێک لە ئۆتۆمبیلەکەتا هەبوو و زووبەزوو چارەسەرت نەکرد، ئەوا لە ماوەیەکی کەمدا دەبیت بە خاوەنی ئۆتۆمبێلێکی سکراپ، یان گەر لە سڕکەوانەکاندا زبالەکان کۆنەکرانەوە و فڕێ نەدران، پاش ماوەیەک زباڵەکان ئەوەندە زۆر دەبن فڕێدانیان قورسە. یاخود گەر لە گەڵ هاوڕێ و هاوسەر و  تەنانەت دەروونی خۆتا کێشەیەکت هەبوو، گەر بە زوویی بەدوای چارەسەردا نەگەڕێی بۆی، کێشەکە کەڵەکە دەبێ و دابڕان و ماڵوێرانی و تێکچوونی باری دەروونی لێ دەکەوێتەوە.

دەروونناسەکان پێناسەی ئەم تێۆرییەیان وا کردوە: " مرۆڤەکان گەر ژینگەیەکی گونجاویان بۆ بڕەخسێنی دەتوانن  لە گەڵ رێسا و یاسا و سیستم و دابونەریتەکاندا خۆیان بگونجێنێن، بەڵام گەر پشێوی و تێکچوونی دۆخەکەی بینی،  خۆی لەو پابەند بوونانە دەدزێتەوە و دەبێتە بەشێک لە هەرا و فەوزاکە.

یاسادانەرانی زۆربەی وڵاتان ئەم تێۆرییەیان بە جیدی وەرگرت و لە هەندێ وڵاتی وەک ئەمریکا، گەر کەسێک شتێک فڕێداتە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان، تەنانەت با زۆر بچوکیش بێت، بە پێی یاسا سزا دەدرێت. بۆ مەسەلەی سەرپێچیەکانی هاتووچۆش سەرپێچیە بچوکەکان سزای توندیان بۆ دانرا، بەم جۆرە سەرپێچی گەورە کەمی کرد و رووداوەکانی هاتووچۆ بەرەو نەمان چوون. لە رووی ئاسایش و سەقامگیرییشەوە، ساڵی 1994ويليام بارتون بەڕێوەبەری پۆلیسی نيويۆرك  ئەم تیۆرییەی جێەجێ کرد و زۆربەتوندی سزای ئەو کەسانەی دەدا کە سەرپێچی بچوکیان دەکرد و لە ماوەیەکی کورتدا تاوانبارە گەورەکان لە پەیامەکەی تێگەیشتن و دەستبەرداری  تاوان بوون، لە هەشتاکاندا شاری نیویۆرک شاری تاوان و فەوزا و دزی و راوورووت بوو، بەڵام لە دوای نەوەدەکانەوە بووەتە شارێکی ئارام و پاک و خاوەن سیستم.

فەرمانگەکانی کەرتی حکومەت و کەرتی تایبەتیش لە رووی ئیدارییەوە دەستیان کرد بەجێبەجێکردنی تێۆرییەکە و لەماوەیەکی کەمدا بەرهەم زیادی کرد و کوالەتی و جۆری بەرهەمەکانیش پێشکەوتنیان بە خۆیانەوە بینی.

هەرێمی کوردستان لە هەموو لایەک زیاتر پێویستی بە جێبەجێکردنی "تێۆری پەنجەرە شاکاوەکان" هەیە، چونکە لە رابردوودا پەنجەرەی زۆر شکاوە و کەس لە خەمی چاکردنەوەیدا نەبووە، کێشەی بچوکی زۆر هەبوون و هەر لەسەرەتاوە چارەسەر نەکراون، کەڵەکەیان کردوە. بۆیە شتێکی سروشتیە لە ئێستادا بووینەتە خاوەنی هەزاران پەنجەرەی شکاو، خاوەنی خەرمانێک کێشەی گەورە گەورەی چارەسەر نەکراو..

ئەم چاکسازیەی کە ئێستا حکومەت باسی لێوە دەکات، گەر جیدی بێ لە جێبەجێ کردنی، هەنگاوێکی باش دەبێ بۆ راگرتنی گرفت و کێشەکان لەم ئاستەی تێیدایە. تەنها ئیرادەیەکی بەهێزی دەوێ...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement