ئایا دوای ئێران نۆرەی تورکیایە؟
6/16/2025 1:29:00 PM
د. مەجید ساڵح
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی نەژادپەرەستەکانی تورک، وتی: “ڕەنگە دوای ئێران، تورکیا ئامانجێکی تری ئیسرائیل بێت”.
ئەم قسانە لەلایەن چاودێرە سیاسییە زۆر و زەبەنەکانی کوردستان بە ئاسانی تێپەڕین و وەک لێدوانێکی ئاسایی سەیرکرا. لەکاتێکدا هەموان دەزانن باخچەلی نوێنەرایەتی دەوڵەتی قوڵی تورک دەکات و لێدوانەکەی مەغزای قوڵ و پەیامی شاراوەی هەم بۆ ناوخۆ و هەم بۆ دەرەوەی تورکیا تێدا بوو:
-بۆ ناوخۆ بوو: چونکە دەیەوێ خۆیان ئامادە بکەن لە ناوخۆ و دەرەوە بەتوندی رووبەڕووی کێشەی کورد ببنەوە.
-بۆ دەرەوە بوو: وەک ئاگادار کردنەوەی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا کە یاری بە “کارتی کورد” نەکەن.
تورکیا ترسی ئەوەی هەیە وەک ئێران بکرێتە ئامانج، بەڵام نەک بە مووشەک، بەڵکو بە پڕۆژەی دابەشکردن کە لە دەرەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە ئامەدەوە دەست پێ دەکات و بە کوردستانی رۆژئاوا کۆتایی نایەت.
مەسەلەکە تەنیا ئێران نییە، بەڵکو سەرلەنوێ گۆڕین و داڕشتنەوەی نەخشەیەکی نوێیە بۆ ناوچکە و کورد و کوردستان لە دڵی ئەو گۆڕانکارییەدان.