وتار

مرۆڤایەتی لە سەردەمی (ئیمپراتۆریەت)دا

9/1/2020 7:20:00 PM 401 جار خوێندراوەتەوە
مەجید ساڵح


دوو مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ و بە دیاریکراوی دوای دەرکەوتنی "ڤایرۆسی کۆرۆنا"، دنیای سەرمایەداری نەک هەر لەبەردەم فەیلەسۆف و بیرمەندەکاندا رووت و ریسوا کرد، بەڵکو خەڵکی سادە و عەوامیش کە دەیان ساڵە لە رێگەی میدیا و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم گەوجێنراون، هێنایە سەر ئەو باوەڕەی چیتر ئەم سیستمە ناتوانی بەردەوام بێ..
ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ ناساندنی تیۆری (ئیمپراتۆر) و (جەماوەر)ی ئەنتۆنی نیگری و مایکل هارت کە چەندین ساڵە کاری لەسەر دەکەن و پێشبینی ئەوەیان کردبوو کە سەرمایەداری رووی لە داتەپیینە..
پێش ئەوەی باس لە ناوەڕۆکی تیۆرییەکەیان بکەم سەرەتا بە پێویستی دەزانم بە کورتی باسی هەردوو فەیلەسۆفەکە بکەم.
ئەنتوۆنی نیگری
ئەنتۆنی نیگری ساڵی ١٩٣٣ لە ئیتالیا لە دایک بووە، ساڵی ١٩٥٨ ئەو کاتەی خوێندکار بوو چووە ریزی خەباتی کرێکارانەوە لە باکوری ئیتالیا. ئەنجومەنی کرێکارانی دامەزراند و دەستی دایە خۆپیشاندنانی سیاسی. ئەو کاتەی وەک مامۆستای زانکۆ دەرسی دەوتەوە داوای دروستکردنی شورای ئۆتۆنۆمی شارەکانی لە ئیتالیادا دەکرد. دەسەڵاتدارانی ئیتالیا بە هاوکاری فاشیستەکان بۆ ناوزڕاندنی دەستیان دایە هەندێ کاری تیرۆریستی تۆقێنەر و لە رێگەیاکانی دەزگاکانی پڕوپاگەندی خۆیانەوە ئەو تاوانانەیان دایە پاڵ گروپە چەپەکانەوە. لە کۆتایی ئەو قۆاناغە تاریکەدا ساڵی ١٩٧٩ نیگری لە گەڵ شەست رۆشنبیری دیکەی دەستگیر کران. ساڵی ١٩٨٣ کە هێشتا لە زیندان بوو، کرا بە کاندیدی حزبی رادیکاڵی ئیتالیا بۆ پەرلەمان و دەنگی پێوستی هێنا، بەڵام دوای چەند مانگێک حەسانەی پەرلەمانی لێسەندرایەوە و ئەوەیش بۆ فەرەنسا هەڵهات.
مایکل هارت
پسپۆری ئەدەبیات و فەیلەسۆفی سیاسی مایکل هارت ساڵی ١٩٦٠ لە ئەمریکا لەدایک بووە. ساڵی١٩٩٠ دکتۆرای لە زانکۆی واشنتۆن وەرگرتووە. لە "زانکۆی دوک- Duke University " وانەی ئەدب و زمانی ئیتالی دەڵێتەوە و لە ئەمریکاش سەرپەرشتی گۆڤاری وەرزی (South Atlantic Quarterly) دەکات. زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئیسپانی و ئیتالی دەزانێ. لە کۆتایی هەشتاکاندا لەگەڵ فەیلەسۆفی ئیتالی ئەنتۆنی نیگری ئاشنایی پەیدا کردوە و پێکەوە بەناوبانگترین کتێبەکانیان (ئیمپراتۆر – جەماوەر- كۆمنولت Commonwealth - مانیفیست) نووسیوەتەوە.
ئیمپراتۆری
کۆتایی پرۆلیتاریای تەقلیدی و سەدەمی پرۆلیتاریای کۆمپیوتەر
کتێبی (ئیمپراتۆر) ساڵی ٢٠٠١ چاپ و بڵاوبوویەوە ئەنتونی نیگری و مایکل هارد بیروباوەڕە هاوبەشەکانیان لەم کتێبەدا خستەڕوو، دەنگەدانەوەیەکی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێنا، بەخێرایی بۆ زۆربەی زمانە زیندووەکانی جیهان وەرگێردرا و لە زۆربەی زانکۆکانی دنیا مشتوومڕی لەسەر کرا. کتێبی دووەمەیش کە "جەماوەر"ە تەواوکەری هەمان کتێبە و ئەویشیان بەهاوبەشی نووسیوە.
هەردوو نووسەر هەوڵ دەدەن ئەوە لە هەردوو کتێبەکەدا دوو ڕووی جیاواز، بەڵام تەواوکەری یەکتری لە جیهانگیری بخەنەڕوو. لە کتێبی یەکەمیاندا "ئیمپراتۆر" پێیان وایە لەدوای ساڵی ١٩٧٣وە جیهانی سەرمایەداری قۆناغی ئیمپریالیزمی تێپەڕاندوە و چووەتە قۆناغێکی نوێوە و ناویان ناوە "ئیمپراتۆر". ئەوان لەو باوەڕەدان کە "ئیمپراتۆر" بریتیە لە کۆمارێکی پانوبەرینی جیهانی و لەسەر بناغەی دەوڵەت – نەتەوە کە شێوەی کۆلۆنالیزمی کۆن بوو، بونیاد نەنراوە و ئەسڵەن هیچ خاڵێکی هاوبەشی لەگەڵ سەردەمی ئیمپریالیزمدا نییە.   دەکرێ بە ئیمپراتۆری بوترێ سەرمایەداری پۆست مۆدێرنیزم کە هەموو سنورەکانی سڕیوەتەوە و هەموو پانتاییەکان تێدا تواونەتەوە و تازە جیاکردنەوەیان مەحاڵە.لە پانتایی ئمیپراتۆریدا دەسەڵای جێگەی ورێگەی نییە، لە هەموو شوێنێک هەیە و لە هیچ کوێش نییە، لە راستیدا ئیمپراتۆری حومڕانییەکی بێ حکومەتە.
بۆ جیاکردنەوەی سەردەمی "ئیمپریالیزم" لە سەردەمی "ئیمپراتۆری" لەبەشێکی کتێبەکەیاندا واژەی (پۆست فۆردیزم)یان بەکارهێناوە. مەبەستیان "کۆمپانیای فۆرد"ی ئەمریکیە کەشێوازی بەرهەمهێنانەکانی لەسەردەمی ئیمپراتۆردا بەتەواوەتی گۆڕاوە؛ لەجیاتی پشتبەستن ژمارەیەکی زۆر کرێکاری بازوو، ژمارەیەکی کەم کارمەندی ملیوان سپی (ئیداری، خوینەوار و شارەزا) دادەمەزرێنێ، لە جیاتی تەنکنەلۆژیای قورس، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکاردێنێ، کۆمەڵگای پۆست فۆردیزم کۆمەڵگایەکی چینایەتی بە مانا مارکسیەکەی نییە، بەڵکو چینی تەکنیکار جێگەی پرۆلیتاریای گرتوەتەوە و ئابوری خزمەتگوزاری جێی بە ئابوری بەرهەمهێنان لەق کردوە، لە کۆمەڵگای پۆست فۆردیزمدا جگە لە فرەجۆری لە کاڵا، کڕیار دیاری دەکات کۆمپانیاکان چی جۆرە کاڵایەک بخەنە بازاڕەوە، ماوەی کارکردن بە سەعات دیاری ناکرێ، بەڵکو کات لە بەردەم کارمەندا کراوەیە و مەرجیش نییە لە کۆمپانیاکەدا کارەکەی بکات، دەتوانێ لە ماڵەوە یان هەر جێگەیەکی دیکە بە کارەکەی هەستێ.. دەکرێ چینی تەکنیکار لە رۆژێکدا لە چەند کارگەیەک و بۆ چەند وڵاتێک کار بکات.
بانقە جیهانییەکان، کۆمپانیا گەورەکان، ناوەندە بازرگانییەکانی جیهان و زانکۆکانی بەرهەمهێنانی مەعریفە، لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی ئیمپراتۆریین. پەلەپڕوزەی هەمووشیان بۆ کەڵەکردنی سەروەت و سامانە. ئەمانە لە هەموو شتێکدا سەرمایەگوزاری دەکەن، لە تۆپی پێ بگرە تا دەگاتە سێکس و دەریان و ئاسمان. ئەم ئیمپراتۆرییەتە کار بۆ نووسینەوەی یاسایەکی جیهانی دەکات. بەڕای نیگری و هارد، ئیمپراتۆری کاردەکات بۆ ئەوەی وڵاتان سەروەرییان نەمێنێ و ئابورییە لۆکاڵییەکانیان لاواز بێ بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بازرگانی نیودەوڵەتی ئازاد بێ و جیهانگیری پایەکانی خۆی قایمتر بکات.
کتێبی "ئیمپراتۆری" بەتەنها شیکاریی نییە بۆ دۆخی پۆست ئیمپریالیزم، بەڵکو داهێنانێکی گەورەی فەلسەفییە و هەردوو نوسەر هەوڵ دەدەن لە رێگەیەوە مانیفێستی فەلسەفەیەکی ئەلتەرناتیڤ بخنەڕوو کە تێدا کۆمەڵگایەکی دادپەروەر لەسەر ئاستی جیهانی دامەزرێت. 
جەماوەر - Multitude:
لە کتێبی دووهەمدا کە ناویان لێناوە "جەماوەر - جەنگ و دیمکوراسی لە سەردەمی ئیمپراتۆری¬دا" و بە تەواوکەری کتێبەکەی "ئیمپراتۆری" دەزانن، نیگری و هارت پێیان وایە ئێستا جیهانگیری لە ترۆپکی خۆیدایە، سەرمایەداری لە رووی ئابورییەوە کۆنترۆڵی دنیای کردوە و لە رێگەی کۆمەڵێک دامودەزگای یاسایی و سیاسی و کولتووریەوە رەوایەتییان داوەتە ئەم "ئیمپراتۆر"ە.
"لە سەدەی شازدەیەمدا "ئیلیا بەعل سام" حاخامێکی جولەکە بوو لە پۆلەندا، بە قوڕ بوکەڵەیەکی دروست کرد و گیانی کرد بەبەریا بۆ ئەوەی خزمەتی بکات و کاروباری ناوماڵی بۆ رێکبخات، بوکەڵەکە رۆژانە گەورە دەبوو، بۆیە هەموو هەفتەیەک دەیکردەوە بە خۆڵ و سەرلەنوێ دروستی دەکردەوە. جارێک حاخام لەبیری چوو وا بکات، بوکەڵەکە زۆر گەورە ببوو، کاتێ ویستی بیکاتەوە بە خۆڵ حاخامەکە بوو بەژێر خۆڵەکەوەو گیانی لە دەستدا..."
" لەپراگ حاخامێکی جولەکە بوکەڵەیەکی دروست کرد تاوەکو جولەکەکانی پراک لە هەرشەی دوژمنەکانیان بپارێزێ، بەڵام بوکەڵەکە هێندە دڕندە و ترسناک بوو لە کۆنترۆڵ دەرچوو و لەدوای کوشتنی دوژمنی جولەکەکان پێش ئەوەی حاخام بیکاتەوە بە خاک، بەربووە گیانی جولەکەکانیش...."
تێزی سەرەکی هارت و نیگری لە سەر دوو پایە وەستاوە:
 یەکەم: جیهانگیری سیستم گەیشتوەتە قۆناغێک کە تێدا جێگەی سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتمانی نابێتەوە و لە ئەنجامدا چەمکی نەتەوە و بەرژەوەندی نەتەوەیی سڕاونەتەوە.
دووەم: ئەم راستیە هەموو وڵاتان لە ناویاندا وڵاتە زلهێزەکان و خاوەن هەژموونیەکانیشی گرتوەتەوە و لە ئەنجامدا شتێک نەماوە بە ناوی ئیمپریالیزم، بەڵکو "ئیمپراتۆری"یەتێک کە سەنترالیزمی نییە دروست بووە و سەنتەرەکانی بڕیاردانی ئابوری و سیاسی لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوەی پێکراوە و کاریان بە سیاسەتی دەوڵەتەکانەوە نییە.
هارت و ئەنتۆنی بۆ روونکردنەوەی ئەم تێزەیان، بە تایبەت لەسەر ئیمپریالیزمی ئەمریکا دەوەستن و دەنووسن: ئەمریکا و هیچ دەوڵەت نەتەوەیەکی دیکە چیتر ناتوانن ببنە ناوەند بۆ پرۆژەیەکی ئیمپریالیزمیانە. ئیمپریالیزم کۆتایی هاتوە. .. ئەمریکا چیتر ناتوانی وەک جاران رەوتی رووداوەکانی جیهان بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنێ.
وەک نمونەش پەیماننامەی "ماگنا کارتا" دەهێننەوە کە لە حوزەیرانی ١٢١٥ لەنێوان خانەدانەکانی ئینگلیز و شای بریتانیا "جۆن لاکلان" بەستراو و چیتر شا نەیدەتوانی بە ئارەزووی خۆی جەنگ هەڵگیرسێنێ  و بە ئۆرۆپادا تەراتێن بکات.
وەک ئەڵتەرناتیڤ بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم دێوەزمەی ئیمپراتۆریەتە چەمکی " Multitude - جەماوەر" وەک رووی دووەمی جیهانگیری دەخەنەڕوو. ئەم جەماوەری کە ئەوان باسی لێوە دەکەن ئەو جەماوەرە تەقلیدییە خاووخلیچکە نییە کە لەسەردەمی کۆلۆنیالیزم و هەبوو، بەڵکو پێیان وایە لە هەناوی دیکتاتۆرییەدا جەماوەێک سەرهەڵدەدا کە لە رێگەی تۆڕێکی کراوەی تەکنەلۆژیای پەیوەندی کردنەوە خۆیان رێکدەخەن بۆ داواکردنی ئازادی و یەکسانی، خواستی ئەوان بونیادنانی دنیایەکە کە هەموان تێدا بە هاوبەشی بژین.
"جەماوەر"ی نیگری و هارت نە گەل و نە چینی کرێکارە، چونکە لەو دوو چەمکەدا هەموو جیاوازی و ناکۆکیەکان دەتوێنەوە، بەڵام لە "جەماوەر"کەی ئەواندا فرە ناسنامەیی و جیاوازییە ناوخۆییەکان زۆر زۆرن و لە ژێر یەک ناسنامەدا کۆ ناکرێنەوە. تۆڕی ئینتەرنێت تەشبیهێکی گونجاوە بۆ وەسف کردنی جەماوەرەکەی نیگری و هارت، لە ئینتەرنێتدا ملیونها کەسی جیاجیا و لەسەرەتاسەری دنیا لە یەک تۆڕێکدا پێکەوە گرێ دراون و دەرگاش بۆ ملیونهای دیکە کراوەیە بەبێ سانسۆر پەیوەندی پێوە بکات.
لە ئیمپراتۆرییەدا جەماوەر تەنها ئەوەی لەسەرە جۆری ئەو چکە دیاری بکات کە لە رێگەیەوە کۆمەڵگا دەگاتە دیموکراسیەت. چەکێک بۆ تێکشکاندنی سوپای ئیمپراتوریەت و ئاوەدان کردنەوەی ئەوەی ئەو وێرانی کردوە، چەکێک بۆ بونیادنانەوەی دیموکراسی. مەرج نییە "جەماوەر" هێزێکی دابڕاو بێ لەو کایە کۆمەڵایەتییەی باڵادەستە،  بەڵکو هێزی ئەم جەماوەرە بۆ بەرگری کردنە لە پێشکەوتن و گەیشتن بە ئازادی و ئەوان ناوی ئەو هێزەیان ناوە "خۆشەویستی"
ئەمانە بریتین لە تۆڕێکی ئاسۆیی لە جەماوەر کە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە و سەرەڕای پاراستنی جیاوازییەکانیان، بەڵام بەدوای خاڵە هاوبەشەکانی یەکتردا دەگەرێن، جەخت لەسەر فرە گوتاری دەکەنەوە. جۆری رێبەرایەتیان جیاوازە و زۆر بە ئاسانی و خێرایی دەتوانن لە رێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکانەوە ئامانج و شێوازی کارکردنی خۆیان  لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمی و وڵاتەکانی خۆیان دیاری بکەن و بجوڵێن. شێوازی خەبات و رووبەڕووبوونەوەی ئەمانە لە بەرامبەر ئیمپراتۆریدا چەندین جۆر لە خۆ دەگرێ، لە خەباتی چەکدارییەوە بگرە تا ڕاپەڕین و مانگرتن و رێپێوانی میلۆنی. رێکخستنی کار لێرە ئاسۆییەوە و سەنترالیزم و هەرەمی و هێشووی و لەسەرەوە بۆ خوارەوە نییە. زۆر بە ئاسانی دەتوانن خۆیان هەڵوەشێنەوە یان رێکخەنەوە و سەرلەنوێ دەست پێ بکەنەوە.

هەندێ بە نووسەری "مانیفێستی مارکسیزمی سەدەی بسیت و یەکەمی"ی ناودەبەن و خۆشی لەوباوەڕەدایە کۆمەنیست بوون واتە ئارامی و خۆشبەختی. ئەو دەڵێ: "لە حەفەتاکانی سەدەی رابردوودا بۆم دەرکەوت کە مارکسیزمی کلاسیک پێویستی بە ریفۆرم هەیە، 'پرۆلیتاریای کومپیوتەر' شەوانە هیلاک و ماندوو تر لە پرۆلیتاریای تەقلیدی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ. جیاوازی نییە لە نێوان رووخسارە ناشیرینەکانی چەپ و روخسارە ناشیرینەکانی راست¬دا. کاتێک زانیم سیستمی یەکێتی سۆڤیەت قابیلی ئەوە نییە ریفۆرمی تێدا بکرێ، هەستم کرد قەیرانێکی گەورەکە بەڕێوەیە.
رۆژنامەی "فرانکفورتر روندشاو"ی ئەڵمانیا بەم جۆرە باس لە نیگری دەکات: "ئەنتونی نیگری شۆڕشگێری چەپی کرێکاری و خوێندکاری ساڵانی (٦٠ و ٧٠) کان لە ئیتالیا، ئەمڕۆسەڕەڕای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیەوە نەفرەت لێکراوە، بەڵام لە ناو رۆشنبیرانی ئۆروپادا وەک فەیلەسۆف¬و تیۆریزانێکی ناودار دەناسرێت کە دەیەوێ لەرێگەی ریفۆرم لە ئەندێشەکانی کۆمەنیزم، رێگەچارەیەک وەک ئەڵتەرناتف بۆ سەرمایەی جیهانگیری بخاتەڕوو".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement