وتار

هەڵهاتن لە مێژوو

2/28/2022 9:14:00 AM 190 جار خوێندراوەتەوە
مەجید ساڵح


(١)
ئەو وڵاتانەی کە بوونەتە نمونەی پێشکەوتن و هاوڵاتیانیان لە خۆشگوزەرانیدا دەژین، نوخبەی فکری و کولتووریان بە دوای سەرکردەیەکی سیاسیدا گەڕاون کە پرۆژەکانیان بۆ جێبەجێ بکات و نوخبەی سیاسیش عەوداولی ئەو نوخبە فکری و کلتوریانەدا بوون کە خاوەنی پرۆژەن بۆ پێشخستنی هەمەلایەنی وڵاتەکەیان. مایکل ئەنجیلۆ، و بتهۆفن و شکسپیر و میکافیلی و ئادم سمس... بەرهەمی هاوپەیانێتی قەڵەم و شمشیرن..

نمونەی هەرە نزیک لە ئێمە ئێرانی سەردەمی رەزاشای پەهلەویە.

(٢)
لە دوای ئەزموونی تاڵی مەشروتەخوازی لە ئێران کە لەسەرەتاوە رۆشنبیرەکانیان رادیاڵ و عەوام گەرا بوون، دواجار شۆڕشەکەیان بە تۆپباران کردنی پەرلەمان و گرتنی خۆیان و داخستنی هەموو رۆژنامەکانی ئەو سەردەمە کۆتایی هات، لە دوای لادانی بنەماڵەی قاجاری و هاتنی بنەماڵەی پەهلوی، رۆشنبرانی ئێران گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە دەبێ خۆیان ببنە بەشێک لە دەسەڵات تاوەکو پرۆژەکانیان جێ بەجێ بکەن، رەزا شاش بەپەند وەرگرتن لە ئەزمی قاجارییەکان هەموو ئەو نوخبەیەی هێنایە ناو دەسەڵات، لە ئەنجامدا لە ماوەی 16 ساڵدا رەزا شا بە هاوکاری نوخبەی ئەوان توانی ئێران لە سەردەمی تاریکیەوە بهێنێتە دەرەوەو بیکات بە وڵاتێکی مۆدێرن و بەهیزەوە بیهێنێتەوە ناو مؽژوو، تا ئێستاش کۆمەڵگەی ئێرانی قەرزاری ئەو ریفۆرمانەیە کە رەزا شا کردونی...

 

(٣)
لێرەش، لەدوای راپەڕینەوە بەشی هەرە زۆری رؤشنبیر و نوخبەی کوردستانی باشور سەنگەریان لە دەسەڵاتی کوردی گرتوەو لە دەرەوە سیستمەکە دەیان پرۆژەی چاکسازیان خستوەتەڕوو، هەندێکی بەشیوەی پۆپۆلیستانە و هەندؽکی دیکەشیان واقیانە، بەڵام هەرگیز گوێیان لێ نەگیرا و پراکتیزە نەکران، چونکە ئەحزابی دەسەڵات لە ئاست ئەو پرۆژانە گوێی خۆیان داخستبوو و تەنیا گوێیان لە بەرژەوەندیخوازان و ماستاوچییەکان دەگرت. نەتیجەی ئەو قەبوڵ نەکردنی یەکترە و گوێ لەکتر نەگرتنەی نوخبە و دەسەڵات ئەم دۆخەیە کە ئێستا تێدا دەژین، گەلێکی پەرتەوازە و حکومەتێکی بێ متمانە و ناکارا لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشانی و نوخبەیەکی وێل و شەیدا بەدوای لایک و چەپڵە و ستایشکردن. ئێستا گەل و حکومەت و نوخبە بەهەموو توانایانەوە دەیانەوەێ لە مێژوو هەڵبێن و تا رۆژی حەشر یەکتر نەخوێننەوە... ژیان لە دەرەوەی مێژوو عەزابێکی ئەبەدییە، نەفرەتێکە کۆتایی نایەت.. براوەی تێدا نییە و هەموان دۆڕاون...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن