وتەبێژی پارتی كۆبونەوەی حزبەكەی لەگەڵ یەكێتی راگەیاند
03:34 - 29/08/2026
زەمەن_هەواڵ
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی دیکە لەنێوان پارتی و یەکێتی ئەنجام بدرێت و هەوڵی جددیی بەشێک لە لایەنەکان بۆ شکاندنی چەقبەستوویی سیاسی کاریگەری خۆی هەبووە".
ئەمڕۆ شەممە، ٢٩ی ئابی ٢٠٢٦، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرایکرد، "پەیوەندی و گفتوگۆ لە ئارادایە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی دیکە لەنێوان پارتی و یەکێتی ئەنجام بدرێت، بە مەبەستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ئومێد دەکەین هەرچی زووترە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت."
دەشڵێت: "دەربازبوون لەم دۆخە ئەرکی سەرشانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانە بۆ ئەوەی خەمی لێ بخۆن و چەقبەستووییەکە بە ئاراستەی بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ بهێنن".
وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەدا، جیاوازییەکان "بۆ سەر مێزی گفتوگۆ جێدەهێڵین تاوەکو قسەیان لەسەر بکرێت و چارەسەرییان بكرێت، هەوڵی جدیی بەشێک لە لایەنەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان و شکاندنی چەقبەستووییەکە جێگای ڕێز بووە و کاریگەری خۆی هەبووە".
سەبارەت بە ئەگەری تێپەڕبوونی سێ یان چوار ساڵ بەسەر هەڵبژاردن بەبێ پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان، مەحمود محەمەد دەڵێت، لە کاتی گەیشتن بەو بڕوایەی ڕێگەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینە هەیە، پێویست بەوە ناکات بگەینە ئەوە کە سێ ساڵ پێویستە یان چوار ساڵ، لە کاتی خۆیدا بڕیاری لێ دەدرێت.
هەروەها جەختی کردەوە هەوڵ و کۆبوونەوەکان بۆ ئەوە بەردەوامن تاوەکو دۆخەکە نەگاتە ئەوەی تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو بەم شێوەیە بمێنێتەوە.