54وتار

دانوستاندن؛ قۆناغێک لە خەبات، نەک کۆتایی خەبات

8/29/2026 1:34:00 PM
سه‌ركه‌وتی جیهاز

لە مێژووی شۆڕش و خەباتی گەلاندا، هەمیشە چەک تاکە ئامرازی سەرکەوتن نەبووە. زۆرجار ئەوەی لە مەیدانی شەڕدا بە خوێن و قوربانی دەست پێ دەکات، لە کۆتاییدا لەسەر مێزی دانوستاندن، بە زمانێکی سیاسی و دیپلۆماسی، دەبێتە ماف و دەستکەوت.

بۆیە دانوستاندن بە مانای پاشەکشە نییە؛ بەڵکو ئەگەر بە هۆشیاری و هێزەوە بەڕێوە بچێت، خۆی قۆناغێکی گرنگی خەباتە. مەبەست لە خەباتیش تەنها مانەوەی چەک لە دەستدا نییە،مەبەست گەیشتنە بە ماف و ئامانجەکان، بە کەمترین زیان و قوربانی.

لەم ڕوانگەیەوە، دانوستاندنەکانی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا نابێت تەنها لە ڕوانگەی «چی لەدەست درا؟» بخوێندرێتەوە؛ پێویستە ئەو پرسیارەش بکەین: چی بەدەست هات؟

لە ڕێکەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥دا، کە لە نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع واژۆ کرا، بە فەرمی دان بەوەدا نرا کە کۆمەڵگەی کورد بەشێکی ڕەسەن و بنەڕەتیی دەوڵەتی سوریایە و دەبێت مافی هاوڵاتی بوون و هەموو مافە دەستوورییەکانی پارێزراو بن. هەروەها بەشداریی هەموو سورییەکان لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی دەوڵەت، وەستاندنی شەڕ و یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، لە خاڵە سەرەکییەکانی ڕێکەوتنەکە بوون.

دواتر، لە کانونی دووەمی ٢٠٢٦دا، هەنگاوێکی تری گرنگ نرا، زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی ناسێندرا و ڕێگە بە وانە وتنەوەی بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ناوچە کوردنشینەکان درا. هەروەها ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە سەرژمێری ١٩٦٢ی حەسەکەوە هەبوو و هەزاران کوردیان لە هاوڵاتیبوون بێبەش کردبوو، هەڵوەشێنرانەوە و نەورۆزیش کرا بە پشووی فەرمی.

ئەمانە دەستکەوتی بچووک نین، بە تایبەتی بۆ گەلێک کە دەیان ساڵ زمان، ناسنامە و بوونی نەتەوەیی خۆی لە ژێر فشار و نکۆڵیکردندا بووە.

لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٦دا، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک هێزێکی سەربەخۆ کۆتایی بە ئەرکی خۆیان دەهێنن و هێزەکان لە چوارچێوەی دامەزراوە سەربازییەکانی دەوڵەتی سوریا یەک دەخرێنەوە. تەنها سێ ڕۆژ دواتر، لە ٢٨ی ئابدا، ئەحمەد شەرع مەزڵوم عەبدی بە ڕاوێژکاری سەرۆککۆمار دیاری کرد.

لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە:

ئایا ئەمە شکستە؟

لە ڕوانگەی منەوە، نەخێر.

ئەگەر هێزێک بتوانێت لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆز و پڕ لە هەڕەشەدا، بەشێکی گرنگ لە داواکارییە نەتەوەیی و مەدەنییەکانی خۆی بگوازێتەوە ناو یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەمە دەکرێت وەک سەرکەوتنێکی قۆناغی سەیر بکرێت، نەک وەک خۆبەدەستەوەدان.

کوردی سوریا لە ناوچەیەکدا دەژی کە بەرژەوەندیی دەوڵەتان و هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە توندی تێکەڵ بە یەکترن. دەوروبەری کورد پڕە لە هێز و دەوڵەتێک کە هەر یەکەیان بە پێی بەرژەوەندیی خۆی مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد دەکات. تورکیاش ساڵانێکی درێژ بە ڕاشکاوی دژی مانەوەی هێزێکی سەربەخۆی کوردی لە باکووری سوریا بووە و کۆتایی‌هاتنی شێوەی پێشووی هەسەدەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ یەکێتیی سوریا داناوە.

سیاسەت تەنها بە ئارەزوو بەڕێوە ناچێت؛ بە هاوسەنگیی هێز، هەلومەرجی ناوخۆ و ناوچەیی و توانای پاراستنی دەستکەوتەکان بەڕێوە دەچێت.

ئەگەر هەڵبژاردە لە نێوان شەڕێکی نوێ، وێرانکردنی شار و گوند، کوژرانی هەزاران گەنج و ئاوارەبوونی خەڵک لە لایەک، و دانوستاندن بۆ بەدەستهێنانی بەشێکی زۆر لە مافەکان لە لایەکی تر بێت، گفتوگۆ و دیپلۆماسی هەڵبژاردەیەکی عەقڵانی تر و بەرپرسانەترە.

بەتایبەتی کە کورد لە ناوچەکەدا لەگەڵ موئامەرە و فشارێکی زۆردا ڕووبەڕووە. لە دۆخێکی وادا، پاراستنی خەڵک، خاک و دەستکەوتەکان، بەبێ ئەوەی خۆت بخەیتە ناو شەڕێکی بێکۆتایی، پێویستی بە سیاسەتێکی زۆر وریا و واقیعبینانە هەیە.

هەروەها ئەم ڕێکەوتن و دانوستاندنانە بۆ ڕای گشتیی جیهانیش گرنگن. کورد کاتێک بە زمانی گفتوگۆ، ئاشتی و هاوبەشی قسە دەکات و لە هەمان کاتدا بە ئاشکرا داوای مافە ڕەواکانی خۆی دەکات، پێگەیەکی سیاسی و ئەخلاقیی بەهێزتر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەدەست دەهێنێت.

بەڵام هەموو ئەمانە بەو مانایە نییە کە کورد گەیشتووەتە کۆتایی ڕێگا یان هەموو مافەکانی بەدەستهێناون.

داننان بە بوونی کورد، زمان، کەلتوور و مافی هاوڵاتیبوون هەنگاوی زۆر گرنگن؛ بەڵام ئەم مافانە دەبێت بە دەستوور و یاسای ڕوون و گەرەنتیی دامەزراوەیی بپارێزرێن، نەک بە بڕیارێک کە سبەی دەکرێت بگۆڕدرێت.

هەروەها مافی بەشداریی ڕاستەقینەی کورد لە بڕیاردانی سیاسی، بەڕێوەبردنی ناوچەکانی خۆی، پاراستنی تایبەتمەندیی نەتەوەیی و کەلتووری و نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە، هێشتا دەبێت لەسەر مێزی دانوستاندن بمێنن.

بۆیە پێویست ناکات هەموو شتێک بە «سەرکەوتنی کۆتایی» ناو ببرێت، یان بە هەمان شێوە بە «شکست» لێک بدرێتەوە.

سەرکەوتن ئەوەیە بتوانیت لە هەر قۆناغێکدا بەشێک لە مافەکانت بەدەست بهێنیت و بپارێزیت، لە هەمان کاتدا دەرگای قۆناغی داهاتووش بۆ مافەکانی تر کراوە بهێڵیت.

کوردی سوریا هێشتا ڕێگایەکی درێژی لەپێشە. ئەوەی تا ئێستا بەدەست هاتووە دەبێت بپارێزرێت؛ ئەوەی نەهاتووە بە یەکڕیزی، سیاسەت و هۆشیاری داوا بکرێت و دەرگای گفتوگۆش داخراو نەکرێت.

بە چەک دەکرێت شەڕێک ببەیتەوە؛ بەڵام سیاسەت و دیپلۆماسی دەتوانێت دەستکەوتی مەیدان بگۆڕێت بە مافێکی پایەدار.

خەبات کۆتایی نەهاتووە؛ تەنها شێوازی خەبات گۆڕاوە.

سەرچاوەکان

١ـ ئاژانسی هەواڵی سوری «سانا»
٢ـ ڕۆیتەرز

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن